ali.jpg

بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران

Mar 8, 2021  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح

 

ئەم دۆسیەیە گەورەترین دۆسیەی قاچاخچێتی و ساختەکاریە کارم لەسەر کردبێت، ھیزێکی گەورە لە پشت ئەم قاچاخچێتی و ساختەکاریەوەیە. ئەمە بزنسێکی ڕەشە.

دۆسیەی قاچاخی

زۆرترین گومرگ لە کوردستاندا لەسەر مەشروب و جگەرەیە.. کە ٣٠٪‏ و ٢٥٪‏

بەڵام بەرپرسان بەبێ گومرگ و پشکنین خراپترین جۆر داخڵ دەکەن..

قەبارەی ھاوردەکردنی جگەرەو مەشروب لە ساڵێکدا بۆ ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٧٥ ملیۆن دۆلارە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ دا تەنیا بە بەھای ٧٣ ملیۆن دۆلار بە گومرگ و ڕەسمیات و مۆڵەتی بازرگانی داخڵ بوە!! واتە نزیکە ١٩٪‏ بە رەسمی بوەو ٨١٪‏ بە قاچاخ!

لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەبەھای ١٤ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار دۆلار جگەرە مۆڵەتی بارزگانی وەرگرتوەو بە گومرگ داخڵ بوە! لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ ەدا ٣٠٠ ملیۆن دۆلاربوە..

بەم تەخمینەش واتە: نزیکەی ٩٦٪‏ جگەرە ئێستا بە قاچاخ دێت..

لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەبەھای ٦٩ ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار دۆلار مەشروب مۆڵەتی بازرگانی وەرگرتوەو بە فەرمی، نزیکەی ٤٠٪‏ مەشروب قاچاخ و ساختەن..

ساختەکاری وەک مەترسیەکی گەورە

جگە لەو قاچاخیەی لەسەرەوە باسم کردو کاڵای جگەرەو مەشروبی خراپ بەبێ کوالێتی و پشکنین داخڵ دەکەن، مەترسی گەورە ساختەکاری مارکەکانە لە کارگەکانی کوردستان.

ئاماژەی مەترسیدار تەنیا قاچاخچێتی و یاسا شکێنی نیە، ئەوەی مەترسیدارە جگەرەو مەشروب لە دونیادا زۆرترین کۆنتڕۆڵیان لەسەرە، پشکنین و کوالێتی و باج ، لە کوردستان خراپترین جۆر ساختە دەکرێت و بەبێ پشکنین و چاودێری، لۆگۆی مارکەی جیاوازی جیھانی لێدەدرێت، ئەمەش وایکردوە زیانە تەندروستیەکە دە ھێندە زیاد بکات!!!

یەک: مەشروب

ئەوەی من بەدواداچونم کردوە، بە مۆڵەت و بەبێ مۆڵەت، سێ کارگە لە ھەولێرو دوو لە سلێمانی و یەک لە مانگێش ھەیە…

چی دروستدەکەن و چی تێکەڵ دەکەن و چۆن کۆپی مارکە جیھانیەکان دەکەن لە ژێر ھیچ چاودێریەکی ڕۆژانەدا نین و بەشێکیان سەرقاڵی ساختەکاریەکی مەترسیدارن.. بەپێی بەدواداچونی کەسێکی شارەزا کە ھاوکارم بوە..ڕێژەیەکی زۆر ئیسانۆڵیان تێدەکرێ، کە زیانەکانی مەشروب دە ھێندە زیاددەکات.. جگە لە شێرپەنجە نەخۆشی چاو و گورچیلە چەندین ھێندەی دیکە زیاددەکات..

ئەمە جگە لەوەی لە ژێر چاودێریدا نین، ھیچ باجێکیش نادەن!!! کە لە دونیا زۆرترین باج لەسەر کھول و جگەرەیە..

دوو: جگەرە

بەپێی بەدواداچونی من پێنج کارگەی جگەرە بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت کاردەکەن.

-بەشێکیان مارکە جیھانیەکان ساختە دەکەن و دەیفرۆشن و ئێستا بە ئاشکرا لە بازاڕدایە.

-لە ژێر ھیچ چاودێریەکی ڕۆژانەدا نین! چی دروستدەکەن و چۆن و لە چی دروستی دەکەن!

-ھیچ جۆرە باجێک نادەن..

بەڕێزان

ئەمە ئەمە دۆسیەیەکی مەترسیدارە، قاچاخچێتی و یاسا شکێنییە، مەترسیەکی گەورە لەسەر تەندروستی ھاوڵاتیانی کوردستان و بارزگانیەکی ڕەشی بەرپرسانە!!!

لە دونیادا کوالێتی جگەرەو مەشروب و مۆڵەت و باج زۆرترین چاودێری لەسەرە، داھاتێکی زۆریشی ھەیە بۆ خەزێنەی گشتی.. لە کوردستان ھەموی فەرامۆشکراوە..