ali-u-daban.jpg

حەوت بەڵگەی زۆر ئاشکرا لەسەر قاچاخێتی خاڵە سنوریەکان..

Mar 2, 2021  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح   دابان محەمەد

وەک قاچاخچی و بەرپرسان نادرێنە دادگا، ئەگەر دادگاش حیزبی بێت، ئێمە ئامەدەین بچینە دادگا بەمەرجێک دانیشتن کراوە بێت و ھەموو شت بسەلمێنین..
بەرپرسانی دارایی و بەتایبەت گومرگ، دەیانەوێت بڵێن: ئەم دۆسیەی قاچاخیە گەورەکراوە، بەرپرسانی باڵای لە پشت نیە!!
بەدڵنیایی لوتکەی دەسەڵات لە کوردستان لەپشت قاچاخچێتیەوەیە..
کاری کۆمپانیای بەرپرسان و حیزبەکان چەند کەسێکی لەسەر حسابی خەڵک کردوەتە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار وەک شتێکی یاسایی و ئاسایی تەماشا دەکرێت!
١٣ کۆمپانیایەی لە ھەریەک لە خاڵە سنوریەکان مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وردەگرن، لەسەر بنەمای یاسای گرێبەستیان بۆ نەکراوە، لەسەر بنەمای گەندەڵی و مەحسوبیەت و حزب حزبێنە بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک.
حەوت بەڵگە لەسەر قاچاخچێتی بەرپرسان..
یەک: داھاتی خاڵە سنوریەکان لەگەڵ سوریا ئاشکرا بکەن..
دوو: ٩٥٪‏ جگەرە بە قاچاخ دێت و نوسینگەیان لە بازاڕی جگەرەکەیە، رسوماتی گومرگی جگەرە بەراورد بەو سەردەمەی قاچاخی زۆر کەمبوو مانگانە نزیکەی ١٠ملیۆن دۆلار کەمیکردوە..
سێ: وەزارەتی کشتوکاڵ ھێنانی مریشکی بەستوی لەدەرەوە قەدەغەکردوە.. بازاڕ پڕە لە مریشکی بەستووی دەرەوە..
چوار: ھێنانی ھێلکە قەدەغەیەو بازاڕ پڕە لە ھێلکەی قاچاخ.. بازاڕ پڕە لە خورمای قاچاخ..
پێنج: زیاتر لە ١٦ ھەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل بە قاچاخ داخڵکراوەو ئێستا بێ ژمارەن، ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی ژمارەیان پێبدرێت..
شەش: وەزارەتی کشتوکاڵ ھیچ مۆڵەتێکی بە ھێنانی ئاژەڵی سوری و ئێرانی و تورکی نەداوە، مەیدانی ئاژەڵان پڕە لە حەیوانی سوری وتورکی و ئێرانی( ئێستا ھێنانی ئاژەڵی سوری ڕاگیراوە) ..
حەوت: ئێستا مس و فافۆن و زەرد، بارھەڵگری بە حەوت ملیۆن دینار دەبرێتە دەرەوە بەبێ گومرگ..
وەک بەرپرسان نادرێنە دادگا لەسەر قاچاخچێتی، ھیوادارم ئێمە بدرێینە دادگا، دادگاش حیزبی و نادادی تێدابێت ھەر قبوڵمانەو بەمەرجێک دادگاکە کراوە بێت و ھەرچی بەڵگەیە بیخەینەڕوو ..
بەدڵنیایی بە کۆتایی قاچاخ و ڕێککردنەوەی کۆمپانیاکاری، داھاتی خاڵە سنوریەکان نزیک دەبێتەوە لە ٣٠٠ ملیار دیناری مانگانە..