omer1.jpg

زۆرمان هاوارکرد، حکومەتی‌ پۆلیسی‌ گوێی‌ لێ نەگرتین

Feb 21, 2021  |   بیروڕا 

عومەر گوڵپی

 

هەر لەسەرەتای‌ هەڵمەتی‌ دەستگیرکردنی‌ چالاکەوان‌و مامۆستایان‌و ڕۆژنامەنووسانی‌ پارێزگای‌ دهۆکەوە دەمانزانی‌ دەسەڵات نیازی‌ بەرانبەریان خراپەو دەیەوێت بەجۆرێک سزایان بدات کە ببنە هۆی‌ ترس بۆ هاووڵاتیانی‌ تری‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک‌و ئیتر کەس جورئەتی‌‌ دەنگ بەرزکردنەوە نەکات، هەربۆیە چەندینجار بە یاداشت، بە خاڵی‌ پەیڕەوی‌، بە بەیاننامە، بەدواداچوونمان بۆ کێشەی‌ سزادراوان‌و دەستگیرکراوانی‌ تری‌ بادینان کرد، بەڵام بەداخەوە دواجار سەرۆكی حكومەت، كە بەرپرسە لەم دۆخە، گوێی نەگرت،‌و تەنگژەیەکی‌ تری‌ خستە سەر ئەو هەموو تەنگژانەی‌ تری‌ هەرێم.
ـ بە نووسراوی‌ ژمارە (٣)، لە‌ ڕۆژی‌ (١٢ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٠)، داوامان لە سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرد لیژنەیەک ڕاسپێرێت بۆ بەدواداچوونی‌ کەیسی‌ دەستگیرکردنی‌ ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)‌ و تیایدا داوامان کرد هەرچی‌ زووە ئازاد بکرێت و بە پێی‌ یاسای‌ ڕۆژنامەگەری‌ مامەڵە لەگەڵ ڕەوو ڕۆژنامەنووسانی تردا بکرێت.
ـ لە (٢٠ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٠)، لەگەڵ یانزە ئەندام پەرلەمان نووسراوێکمان ئاراستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرد بۆ دیاریکردنی‌ چارەنووسی‌ شێروان شێروانی‌‌و مامەڵەکردن لەگەڵیدا بەپێی‌ یاسای‌ ڕۆژنامەگەریی‌.
ـ بە نووسراوی‌ ژمارە (١٤)لە ڕۆژی‌ (٢ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٠)، لەسەر داوای‌ کەس و کاریان، یاداشتێکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کردو تیایدا داوامان کرد لیژنەی‌ کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌‌و مافی‌ مرۆڤ ڕاسپێرن بە بەداوادچوونی‌ هەڵمەتی‌ ڕەشبگیریی‌ بادینان‌ کۆتایی‌ پێهێنانی گرتن لەدەرەوەی‌ یاسا.
ـ لە دانیشتنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، ژمارە (١)ی‌ نائاسایی‌، لە ڕۆژی‌ (٦ی‌ ١ی‌ ٢٠٢١)، لە ڕێگەی‌ خاڵی‌ پەیڕەوییەوە داوامان کرد پەرلەمان لیژنەی‌ تایبەت ڕابسپێرێت‌و بەدواداچوون بۆ ژیان و کێشەی‌ دەستگیرکراوان بکات.
بەڵام نە پەرلەمان ئەرکی خۆی بەجێهێناو نە سەرۆکایەتی‌ حکومەت گوێیان لە داوای‌ یاساییانەو دڵسۆزانەی ئێمە‌و ژمارەیەکی‌ زۆر لە پەرلەمانتاران‌و دڵسۆزانی‌ ئەم وڵاتە گرت‌، و لەسەر بەرنامەی‌ خۆیان بەردەوام بوون، لە ئەنجامیشدا دەنگی‌ ناڕەزایی‌ هاووڵاتیانی‌ بادینان لە ئێستەدا لەهەر کاتێکی‌ تر زیاتر بەرزو بڵندەو نادادی‌‌و ستەمەکە زیاتر بەرجەستە بووە، هەروەها کوردستانیشیان خستە بەردەم تەنگژەیەکی‌ گەورەو ئاستی‌ متمانەی‌ هاووڵاتیانیشیان بەرانبەر سیستمی‌ دادوەریی‌‌و دادگاکان هێندەی‌ تر هێنایە خوارەوەو ئەرکی‌‌ دادگای‌ پێداچوونەوەشیان زۆر قورس کرد‌و زیانی‌ زیاتریان بە ناوبانگی‌ کوردستان گەیاند.
هەموو چاومان لەوەیە دادگای‌ پێداچوونەوەی‌ هەرێم، عەدالەت تەحقیق بکات‌و کوردستان لەم تەنگژەیە دەربکات.