hyvidar.jpg

هەولێر وەڵامی ١٣ پرسیاری بەغدای دایەوە

Feb 5, 2021  |   بیروڕا 

هێڤیدار ئەحمەد

 

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، بۆ جاری دووەم و بۆ ماوەی چوار رۆژ و لە ئەنجامی چوار دانیشتنی بەرفراوان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە، مەبەستی شاندەکە ئەمجارە وەڵامدانەوەی 13 پرسیاری لیژنەکە بوو. وەزیری نەوتی عێراقیش سێ قۆناخی خستووەتەڕوو بۆ وەرگرتن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان. دیپلۆماتکارێکی گەورەی بەریتانیا لە هەولێر گوتی "بەغدا خەڵکی دیکەی هەرێمی دەوێت لە بەغدا بن".
 
هەوڵدەدەم لەڕێگەی ئەم گوتارە زانیاری و دیدگای نوێ لەسەر رەوتی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021ی عێراق بخەمەڕوو کە دەبێت ئیدی هەرێمی کوردستان چی بکات.
 
سێ سەردانەکەی بەغدا
 
شاندی هەرێمی کوردستان سێیەم سەردانی خۆی بۆ بەغدا ئەنجامدا، ئەمەش بەمەبەستی جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بووە، دوو سەردانی کۆتایی، شاندی هەرێمی کوردستان سەرۆکوەزیرانی عێراقی نەبینیوە.
 
سەردانی یەکەم: لە کۆتایی ساڵی 2020 بووە و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتنە رێککەوتن، کە بەرامبەر رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەغدا 12.67%ی بودجە دوای دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەکان و حاکیمە، پشکی هەرێمی کوردستان بدات و ئەمە لەنێو پرۆژە یاسای بودجە پەسندکرا.
 
سەردانی دووەم: لە مانگی یەکەمی 2021 بووە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەکە 13 پرسیاری دایە شاندی حکومەت و پێیان گوتووە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و وەڵامی پرسیارەکانی ئێمە لەگەڵ خۆتان بێنن و وەرنەوە.
 
سەردانی سێیەم: شاندی حکومەت لە سەرەتای مانگی دوو لە بەغدا بوو، وەڵامی هەر 13 پرسیارەکەی بردبوو، بەڵام بەغدا هەر هیچی نەخستە بەردەم شاندی هەرێمی کوردستان کە پشکی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت! بەڵام ئەوەی زانراوە، بەغدا دەیەوێت دۆسیەی نەوت کە دەستووری عێراق لە ماددەی 111 و 112 بە هەردوو بەشی یەکەم و دووەمی ئەم ماددەیە بە وردی و بە ئاشکرا باسیکردووە کە سیاسەتی نەوت لە عێراق چۆن دەبێت و دەبێت یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت، بەغدا ئێستا دەیەوێت لەڕێگەی یاسای بودجەی 2021، ئەم دۆسیەیە یەکلایی بکاتەوە و هەرێمی کوردستان نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات!
 
13 پرسیارەکەی بەغدا چین؟
 
لە دووەم سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کاتێک لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، لیژنەکە 13 پرسیاری خستووەتە بەردەم شاندی هەرێمی کوردستان و داوای وەڵامی ئەو 13 پرسیارەیان کردووە. من لێرە 9 پرسیاری سەرەکی دەخەمەڕوو ئەویش:
 
1- ئایا ئەم شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە؟
2- داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەندە؟
3- هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بە چەند دەفرۆشێت؟
4- گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چۆنن؟
5- قەرزەکانی هەرێمی کوردستان چەندن؟ قەرزی کێن؟
6- ئایا دیوانی چاودێریی دارایی چ رۆڵێکی هەیە لە چاودێریکردنی گرێبەستە نەوتییەکان؟
7- هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەت بە خۆی هەیە؟
8- ئەگەر بودجە نەبێت، بە چ میکانیزمێک داهات خەرج دەکەن؟
9- ژمارەی فەرمانبەر و خانەنشین و مووچەخۆران بەگشتی چەندن لە هەرێمی کوردستان؟
 
هەرچەندە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مافی ئەوەی نییە لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکات و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ پێبەندییەکی نییە بەرامبەر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەو وردەکارییانە بخاتەڕوو، چونکە رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق کردووە و حکومەتی فیدراڵ پابەندە لەبەردەم لیژنەی دارایی عێراق، بەڵام دیارە شاندی هەرێمی کوردستان وەکو نیازپاکییەک ئامادەبووە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە جارێک کۆبوونەوە بکات، کە تەنیا لە دوا سەردانیدا چوار کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجامداوە و کۆبوونەوەی لاوەکیش هەبووە.
 
هەڵوێستێکی مەترسیداری وەزیری نەوتی عێراق
 
سەرباری وەڵامدانەوەی هەموو ئەو پرسیارانە و هەموو ئەو گفتۆگۆ و کۆبوونەوانە، لە بەغدا بە ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی گوتراوە بابەتی رادەستکردنی (250 هەزار بەرمیل بە سۆمۆ) کۆتایی هاتووە، تەنیا دوو رێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەن لە بابەتی نەوت ئەویش:
 
یەکەم: هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێت
دووەم: هەموو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێت
 
بەغدا وەکو نەخشەڕێگەیەک باسی ئەوە دەکات کە کام لەم دوو رێگەیە، هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت. داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەسەر سێ کەرتدا دابەشدەکرێت ئەویش:
 
ا- نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ ناوخۆ بەکاردێت
ب- دەستحەقی کۆمپانیاکانی نەوت بدرێت کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن
ج- ئەوەی دەمێنێتەوە دەخرێتە نێو گەنجینەی گشتی
 
ئەی چۆن پشکی هەرێمی کوردستان دەدەن لە بودجەی 2021؟
 
لیژنەی دارایی عێراق دەستکاریی ژمارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی کردووە کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کردووە ئەویش لە 163 ترلیۆن دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 127 ترلیۆن. پشکی هەرێمی کوردستانیش 12.67% دانراوە.
 
ئەگەر ئەم ژمارەیە دەستکاری نەکرێت، هەروەکو خۆی کە حکومەت ناردوویەتی 163 ترلیۆن دینار بمێنێت، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەبێت. بەڵام ئەگەر کەمکرایەوە بۆ 127 ترلیۆن دینار، ئەوا ئەو ژمارەیە کەمدەبێت بۆ نزیکەی 11 ترلیۆن دینار.
 
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لەنێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەگەر ئەو دۆسیەیە کەوتە دەست حکومەتی عێراق ئەوا بە سێ قوناخ مامەڵەی لەگەڵ دەکەین کە ئەویش: قۆناخی یەکەم: دۆسیەی نەوت وەردەگرین. قۆناخی دووەم: چۆن ئەو دۆسیەیە رێکدەخەین، رەنگە هەندێک بیر هەبێت هەر دایبخەین؟ قۆناخی سێیەم: لەڕووی ئیداری و چاودێرییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".
 
ئەم دۆسیەیە هێڵی سوورە
 
لەو رۆژانە لە شاری هەولێر لەگەڵ دیپلۆماتکارێکی گەورەی بەریتانیا لە عێراق، وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کۆبووینەوە و ئەو بە ئاشکرا گوتی "پەرلەمانتارانی بەغدا و وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئەوەن دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستکاری بکرێت و دەزانین ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان قورسە و هەرس ناکرێت".
 
هەرێمی کوردستان لە مانگی یەکی 2021 بەکۆی گشتی رۆژانە 433 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و ئەم ژمارەیە لای بەغدا لە کۆمپانیای سۆمۆش تۆمارکراوە.
 
بەغدا نایشارێتەوە کە چیدیکە ئەوان قبووڵ ناکەن هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی خۆی بەڕێوەببات و، گوێناداتە دەستوور و یاسا و، دەڵێن "هیچ رێگەیەکی دیکە نییە، دەبێت ئەو دۆسیەیە رادەستی بەغدا بکرێت".
 
هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا نە ئابوورییەکی بەهێزی هەیە، نە لەڕووی سیاسییەوە یەکدەنگین، ئەوەی لەدەست هەرێمی کوردستاندا ماوە و (عێراق، تورکیا، ئێران و ئەمریکا و ....) بە چاوێک سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن، هەبوونی دۆسیەی نەوتە، بەغدا دەیەوێت ئەو دۆسیەیەش لەدەست کورد دەربهێنێت. بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی لاوازیدا بمێنێت.
 
ئەم دۆسیەیەش هێڵی سوورە و هیچ لایەنێک رەنگە جورئەتی ئەوە نەکات دۆسیەی نەوتی کوردستان رادەستی بەغدا بکات.
 
بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە رۆڵێکی باشی هەبووە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ بەغدا گێڕاوە. دیپلۆماتکارە گەورەکەی بەریتانیا بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانی گوت "دەبێت هەرێمی کوردستان خەڵکی گونجاو رەوانەی بەغدا بکات کە لە بەغدا گوێیان بۆ دەگرن و بەغداش ئەو کەسانەی دەوێت".