hawry.jpg

ئەتککردنی دادگە رابگرن و ئازاکانی بادینان ئازاد بکەن

Feb 17, 2021  |   بیروڕا 

ھاوڕێ مەلا ستار

 

دوێنێ بە موشەک ستەم لە شارە جوانەکەی هەولێر و خەڵکە جوامێرەکەی کرا، ئەمڕۆ هەمان ستەم و قورستر لەلایەن پارتیەوە بەرامبەر بە هەولێری بریندار و هەولێریەکان و عەگیدەکانی بادینان و تەواوی خەڵکی کوردستان کرایەوە.
 ئەوەی ئەمڕۆ  لەدادگەی تاوانەکانی هەولێر بینرا و بڕیاری لەبارەوە دەرچو، تەواو چاوەڕوانکراوبو، چونکە ئەو شێوازە لە مۆنۆپۆڵکردنەی دادگە و بەحزبیکردنی تا ئەو ئەندازەیەی سەرۆکی حکومەت پێش بڕیاردانی دادگە بە جفرە و بە ئاشکرا فەرمانی خنکاندنی دەنگە دلێرەکان بدات، تەواو مەترسیدارە بۆسەر ئازادی.
ئەو کپکردنەی دەنگە ئازاکانی بادینان زەنگێکی ترسناکە بۆ سەروەری یاسا و بۆ ئەو ناڕەزایەتیانەی لێرە و لەوێ دژ بە نادادییەی بەرامبەر بە هاوڵاتیان جێبەجێ بکرێت، پێویستە چیتر پشتیوانانی ئازادی و رێبەرانی مافەکنی مرۆڤ و پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسان ئەم زەڵمە قبوڵ نەکەن و لەژێر فشاری حزبدا دادگەکان نەبنە شوێنی تەسفیەی حزبی و شوێنی یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسیەکان، چونکە بەسیاسیکردنە دادگەکان کە پارتی پەیرەوی دەکات گورزی گەورەی لە ناوبانگی هەرێم وەشاندوە و ئەوەی روودەدات ئەتککردنی یاسا و دادگەکانە لەژێر ناوی هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتیمانی و شتی دیکە.
بۆیە دەڵێین بەسە هۆنینەوەی چیرۆکی خەیاڵاوی بۆ دەنگە ئازاکان، و ئازادی بۆ شێرە ژوڕانی بادینان و ئەو چالاکوان و رۆژنامەنوسانەی ئەمڕۆ بەناهەق سزادران و دادگایی کران.