daban.jpg

پرسیارى دادوەر لە شێروان و هاوڕێکانى !

Feb 18, 2021  |   بیروڕا 

دابان محەمەد

 

یەکێک لەو پرسیارانەى چەند جارێک لە جوامێرانى بادینان کراوە و پێداگرى لەسەر کراوە، ئایا ئەندامى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانیت ؟ ئەندامى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان نیت، چۆن کارى ڕۆژنامەنى دەکەیت؟
ئەم پرسیارە بە دەق وەک ئەوەیە (( لە پزیشکێک بپرسیت، ئەندامى سەندیکاى پزیشکانى ؟ ئەندام نیت چۆن کارى پزیشکى دەکەیت، یان ئەندامى سەندیکاى مامۆستایان نیت، چۆن تۆ مامۆستایت و وانە دەڵێیتەوە))! 
پێشتر پرسیار لە سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان کراوە ئایا ئەم کەسانە ئەندامى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانن؟ بە نەخێر وەڵامیان دراونەتەوە. لە ڕۆژى دادگایکردنى ئەم کەسانە  ئاشکرابونى ئەو پرسیار و تۆمەتانەى ئاراستەیان کراوە، بونیان وەک ڕۆژنامەنوس خراوەتە ژێر پرسیارەوە، بەوەى ئەندامى سەندیکا نین چۆن کارى ڕۆژنامەنوسى دەکەن! بە پلەى یەک سەندیکا کەمتەرخەم و بێدەنگ بوە و بێدەنگە!  پێشتر و دواى بڕیارەکەى دادگا، بۆ ڕایگشتى و دادگا ڕاستبکەنەوە، ئەندام نەبون لە سەندیکا بۆ ڕۆژنامەنوس تاوان نیە، ڕێگر نابێت لە کارى ڕۆژنامەنوسى ! بڕگەى 5 ماددەى یەکەم لە یاساى ژمارە 35 ى ساڵى 2007 ى یاساى ڕۆژنامەگەرى لە کوردستان . 
پرسیارى بونى ڕۆژنامەنوس، ئەندامى سەندیکایە یان نا، پرسیارێکى ناپێویستە و لە ناشارەزاییەوە یان بە ئەنقەستەوە سەرچاوەى گرتوە، ڕاستەوخۆ تاوانبارکردنى زیاتر لە 30 هەزار ڕۆژنامەنوسە کە ئەندامى سەندیکا نین و لە دەزگاکانى ڕاگەیاندنى بینرا و بیسترا و نوسرا و سۆشیاڵ مێدیاکاندا کار دەکەن. هاوکات سوکایەتى و بێ ڕێزییە بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و بەشەکانى زانستە مرۆڤایەتیەکان و ناوەندەکانى خوێندنى ڕاگەیاندن و کارى ڕۆژنامەنوسى لە زانکۆ و پەیمانگاکان. بڕیار بێت پرسیار و پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەى کەسێکى ئاسایى لە ڕۆژنامەنوسێک هەبێت! دەبێت ئەوان پێوەربن نەک سەندیکا و ڕێکخرا و کۆمەڵە و ....
بۆ زانین:_ لە دنیادا پێناسەیەکى ڕون بۆ خودى ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکار نیە، پێشکەوتنى  هۆکارەکانى پەیوەندى وایکردوە، کارى ڕۆژنامەنوسى گەشە بکات و چەمکى هاوڵاتى ڕۆژنامەنوس دروستبێت، واتە هەموو هاوڵاتیەک بە وێنەى ڕۆژنامەنوسێک تەماشابکرێت. بەدواداچون و کارى ڕۆژنامەنوسیش سنورى دیاریکراوى نیە. تەنیا لە بارێکدا ئاسایشى نیشتمانى بە دەقى یاسایی دیاریکرابێت لەگەڵ ئادابى گشتى و پیرۆزییەکان دەبنە هێڵى سور، نەک وێنەى کەس و کێڵگەى نەوت و بارەگا و کێبەرکێى سیاسى!!!