sherko-hemeemin.jpg

موچە؛ لە مافێکی یاساییەوە بۆ خێر و سەدەقە

Jan 21, 2021  |   بیروڕا 

د.شێرکۆ حەمە ئەمین

 

ھیچ کابینەیەک، ھێندەی ئەم کابینەی ئێستای حکومەت، پێش پێکھێنانی فاڵی بۆ نەگیرایەوە و بەشانوباڵیدا ھەڵنەدرا، گوایە سەرکەوتودەبێت و بە ۱٠٠ ڕۆژ نەخێر، بە شەش مانگ نا بەساڵێک وڵات دەکاتە شامی شەریف و عەدالەت، لە مەملەکەتا بەرقەراردەکات، چاکسازی دەکات، مانگی ۱٠٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە و نەک ھەر پاشەکەوتی نایاسایی نامێنێت، بەڵکو فەرمانبەر و موچەخۆر ئەژماری بانکییان بۆدەکرێتەوە و مانگانە موچە پاشەکەوتکراوەکانیشیان وردەگرنەوە؟

میدیای حیزبی و سێبەری پیکھێنەرانی کابینە زۆریان ھۆندەوە،کە براگەورە ئەزمونی سەرکەوتوی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەیە و کوڕی سەرۆکی پارتیە و زۆری تریش،بەجۆرێک ئەوانەی خوازیاری پۆستبون یان بەھەر شێوازێک سودمەند دەبون، ڕۆژانە لێدوانی حەماسی و مژدەبەخشیان دەدا،بەجۆرێک بەھاریان ھێنابوە سەر چۆک.

ئێستا و دوای ساڵێک و شەش مانگ زیاتر،ھەر شیرینە بڵێیت،سەد خۆزگەمان،بە کفن دز.

لە ژێر حوکمی ئەم دەسەڵات و کابینە سێ قۆڵییە فاشیلەی پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا:
تورکیان،لە جاران زیاتر لە شکرکێشی دەکات و داواکاری ھەیە.

قاچخچییەتی خاڵە سنورییەکان،زۆر لەسەردەمی بەرەی کوردستانی خراپترە.
مەلەفی نەوت و ئیدارەی داھات،لە تاریکی تاریکترە.
نەک دو ئیدارەیی فرە کوێخایی و ئیدارەیی ھەیە.
لەبری دروستکردنی لەشکری نیشتمانی ھێزی شەخسی مەسول دروستبوە.

ئەو چکە خوێندنەی ساڵانی پێشوش کۆتایھاتوە.
پەرلەمان،لە دامەزراوەیەکی یاسادان و چاودێری حکومەتەوە بۆ وەزارەتێکی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی حکومەت گۆڕدراوە،بەجۆرێک لە کاتی میوانداری تیمی حکومی،لە پەرلەمان قوباد تاڵەبانی بەگاڵتەجاڕییەوە وتی:داوا،لە وەزارەتی دارایی بکەن،بودجەکەتان بۆ زیاددەکەین تا چاو قاوە و ئاو بکڕن!

دۆخی ئازادییەکان و پێشێلکاری مافی مرۆڤ،لە جاران زۆر خراپترە و چەندانی وەک مامۆستا بەدەل بەرواری و شێروان شێروانی و ... لە زیندادان،لە ٦۲ ڕۆژی خۆپیشاندای ۱۷ شوبات و ڕۆژانی دوایی۲٠۱۱ ۷ کەس شەھیدکران،بەڵام لە ھەفتەیە خۆپیشاندانی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابوردو ۱٠ کەس شەھیدکران.

دەیان پۆستی سەربار و بێ کەڵکیان داتاشی و لەبری تەرشیقی حکومەت ھێندەی تر ھەڵیان ئاوساند و باریان گرانکرد.
زۆر بێباکانە دەڵێت نەوت تەسلیم ناکەین.
ئەمانەو دەیانی تریش.

لە تازاترین بڕیاریشیاندا،موچەیان لە مافێکی یاسایی موچەخۆر و فەرمانبەرەوە گۆڕیوە بۆ خێر و سەدەقە و بەپێی داھاتی بەردەست و خۆشیان سەرپشکن چەند دەبڕن،کەبەپێی زانیاری سەروو ٣٠٪.

ھەر بۆیە بەڕاستی دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی چەتەیی بێ ئەخلاقی سیاسی،لە ھەرێمدایە.
کابینەیەکی فاشیل و پاسەوانی بەرژەوەندی بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان ئیدارەی دەدات.
وەزارەتێکی دارایی بێ پلان،کە لە ژێر چاودێری مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی موچەی لە ماف و شایستەی موچەخۆر و فەرمانبەرەوە کردوە،بەھاوکاری و خێر و سەدەقە.
تۆش بڕۆ،لە بەردەم بارەگا حیزبییەکاندا،ھەر فۆرمی ئەندامێتی پڕ کەرەوە.
ھەمو شتێک وتراوە،تەنیا چارەسەر گۆڕینی حوکمی بنەماڵەییە بە حوکمی دامەزراوە،کەلە خزمەتی خاک و خەڵکدابێت.