kawe.jpg

سەبارەت بەموچەی پێشمەرگە

Jan 25, 2021  |   بیروڕا 

کاوە عبدولقادر

 

لەکاتی شەڕی داعش تا ئێستا هێزەکانی هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی (٢٥)ملیۆن دۆلار بەناوی هاوکاری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەنێرن، بەڵام ئەو پارەیە نەدراوە بەپێشمەرگەو نەچۆتە سەر حسابی ئەو وەزارەتە، بەڵکو خراوەتە سەر حسابی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران بەئارەزووی خۆی بەکاری هێناوە.
چەند ساڵێکە هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی هێزێکی نیزامی مەشقپێکراو ڕێک بخەن،بۆ ئەمەش فشاری زۆریان لەسەر پارتی ویەکێتی دروستکردوەو تائێستاش توانیویانە (١٢)لیوای هاوبەشی پێشمەرگە دروست بکەن ، لەئێستاشدا بەڕوونی بەحکومەتی هەرێمیان ڕاگەیاندوە کە ئەوان تەنها هاوکاری هێزە ڕێکخراوەکانی پێشمەرگە دەکەن وهاوکاریە ماددی وسەربازیەکانیشیان تەنها بۆ ئەوانە،بۆیە دەبێت ئەو بڕە پارەیە ڕاستەوخۆ بدرێت بەو هێزانەوهەڕەشەی ئەوەشیان کردوە کەئەگەر ئەو پارەیە ڕاستەوخۆ نەچێتە سەر حسابی وەزارەتی پێشمەرگەو نەدرێت بە پێشمەرگەکانی ئەو لیوا ڕێکخراوانە، ئەوان یارمەتیەکانیان دەوەستێنن.
پلانی هاوپەیمانان دروستکردنی هێزێکی نیزامیە بۆ هەرێمی کوردستان ویارمەتیدانی وەزارەتی پێشمەرگەیە بۆ چاکسازی ڕاستەقینە،هەروەها دەرهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەیە لەدەستی حزب وکەسەکان.
دەبێ پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکەکانی حەفتاوهەشتا ئەوە بزانن کەپارتی ویەکێتی نایانەوێت ئەو هێزانە بکرێنە هێزی ڕێکخراو ،تاوەکو موچەو پلەو دەرماڵەکانیان ڕێک بخرێت و وەک هێزێکی نیزامی کوردستان بناسرێن بەڵکو ئەو دوو حزبە دەیانەوێت لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان بمێننەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە حزبیەکان و لەپێناوبەردەوامیدان بەو شێوازە حوکمڕانیە خراپە. بۆیە بەداخەوە پێشمەگە قارەمانەکانی یەکەکانی حەفتاو هەشتا بونەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی ئەو دوو حزبەو باجی ئەو دابەشکاریە حزبیە دەدەن.