karwan.jpg

کڕینی کارەبا لە تورکیا زۆر مەترسیدارە

Jan 1, 2021  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی 

 

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە بڕی (٢٠٠) مێگاوات کارەبا لە تورکیا دەکڕن، لە کاتێکدا ئەم بڕیارە مەترسیدارە و دەبێت بوەستێندرێت. 
حکومەتی هەرێم، بۆ هەر کیلۆواتێک (٧) سەنتی لەسەر دەکەوێت، و هەر مێگاواتێکیش (١٠٠٠) کیلۆواتە، واتا حکومەتی هەرێم نزیکەی (٢٠٠،٠٠٠) دووسەد هەزار کیلۆوات دەکڕێت لە بەرامبەر (١٤،٠٠٠) چواردە هەزار دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک؛ ئەم بڕە دەکاتە، (٣٣٦،٠٠٠) هەزار دۆلار لە ڕژێکدا و نزیکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و بیست ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا. بۆ سێ ساڵ ئەم پارەیە دەکاتە نزیکەی (٣٦٥) ملیۆن دۆلار. 
کەواتە، حکومەتی هەرێم بۆ کڕینی کارەبا نزیکەی (٣٦٠) ملیۆن دۆلاری پێویستە، لە کاتێکدا دەتوانێت بەو بڕە پارەیە سێ هەنگاوی خۆماڵی بنێت و بەشێکی کێشەی کارەباشی پێ چارەسەربکات. 
یەکەم: کڕینی کارەبا لە ڕێگەی وزە نوێبووەکان وەکو (تاقەی شەمسی) وزەی خۆر، هەمان بڕی کارەبا بۆ ماوەی (٣٠) ساڵ بکڕێت. 
دووەم: دەتوانێت پاوەرپلانتێکی نوێ دروستبکات و لە ماوەی ٣-٤ ساڵ بڕی ٤٠٠-٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت.
سێیەم: یانیش دەتوانێت بە هەمان بڕ لە ڕێگەی گازی سروشتی هەمان بڕ و بگرە زیاتریش بەرهەم بهێنێت! کەواتە، هۆکاری کڕنی کارەبا لە تورکیا چییە!
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی وێستگە کارەباییەکانی نزیک بووەتەوە لە (٧٠٠٠) مێگاوات، و بە کۆی گشتی نزیکەی (٣٥٠٠-٣٨٠٠) مێگاوات بەرهەمدەهێنێت بە گوێرەی کات. لە هەمان کاتدا، کێشەی کارەبا بەردەوامە و دەکرێت بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە سود لە وزە نوێبووەوەکان وەربگیرێت، بەڵام لە هەموو بارێک دەبێت کڕینی کارەبا لە تورکیا ڕەتبکرێتەوە و ڕابگیرێت. 
ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و زیانێکی گەورە بە حکومەتی هەرێم و هاووڵاتییان دەگەیێنێت و کێشەی کارەباش وەکو خۆی بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە؛ ئەم هەنگاوە مەترسیدارە و پێویستە لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕابگیرێت.