karwan.jpg

تاڵانییەکی دیکەی خاڵە سنوورییەکان

Jan 24, 2021  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی 

 

(لە یەکێک لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، نەوت بە قاچاغ داخڵ دەکرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت!!)
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی فۆڕن پۆڵەسی، بڕێکی زۆر نەوت، کە بڕەکەی (٣٠) هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بە قاچاخ داخڵ دەکرێت بۆ ناو هەرێمی کوردستان و لێرە بازرگانی پێوە دەکرێت. ئەم دیاردەیە لە هەموو دیاردەکانی دیکەی قاچاخیکردن مەترسیدارترە چونکە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک سوود لەمە نابینێت! ئەم بازرگانیکردنە لە کاتێکیشدایە کە هەرێم زۆرترین کێشەی لە فرۆش و پڕۆسەی نەوتدا هەیە!
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەم نەوتە قاچاخە، لە دەروازەی سمێلکا داخڵ دەکرێت و ئەگەری زۆر هەیە کە لێرە لە پاڵاوتگەی لاناز بپاڵێورێت و بکرێتەوە بە بەرهەم، بەڵام دیسان دیار نییە بەرهەمەکەی بۆ کێیە و چەندە و چۆنە!
ئەم نەوتە لە باکووری سووریاوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت، و بەو پێیەش ڕۆژانە چەند کەس و گروپێک ملیۆنان دۆلار سوودی لێدەبینن و خێر دەکەن، بە بێ ئەوەی یەک دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە.
ئەم قاچاخی و بە تاڵانبردنی وڵاتە لە کاتێکدایە تا ئێستا پاڵێوتگەکانی هەرێم یەک لیتر نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان ناپاڵێون و تا ئێستاش کێشەی نەوتی سپی و بەنزین لە کوردستان دوو کێشەی سەرەکین، لە پاڵ کێشەی مووچە و کێشەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.