hyvidar.jpg

پلانی لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان

Jan 17, 2021  |   بیروڕا 

هێڤیدار ئەحمەد

 

بەغدا لە رێگەی سێ خاڵەوە کار دەکات بۆ پوچەڵکردن و لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە هەنگاو بە هەنگاو ئەو سێ خاڵە جێبەجێ دەکات.
 
نوێترین هەڵوێست و قسە لەسەر مەترسییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 28-12-2020 لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان گوتی. تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا زۆر بە روون و ئاشکرا لەبەردەم هەڵبژێردراوانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا گوتی "ماڵی کوردستانی دروست نەکەین، شتێک نامینێت بە ناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان!"
 
سێ خاڵ بۆ لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان
 
عێراق بە پلان هەنگاو بە هەنگاو کار لەسەر لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات، بە گوێرەی ئەو پلانەی دایڕشتووە، تەنیا هەنگاوێک و نیوی ماوە پلانەکەی بەتەواوەتی سەربکەوێت. پلانەکەش بەناوی "وشککردنی سەرچاوەکانی هێز لە هەرێمی کوردستان-عێراق"ە.
 
ئەم پلانەی عێراق سێ خاڵی سەرەکی لە خۆدەگرێت. یەکەم: نەهێشتنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان. دووەم: درووستکردنی کێشەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان. سێیەم: لەتکردن و لاوازکردنی هێزی پێشمەرگە.
 
با زیاتر لەسەر ئەم سێ خاڵە وردبینەوە، خاڵی یەکەم: لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان گەیشتە نزمترین ئاست، لەوکاتەدا فەرەنسا بە هەوڵ و توانای دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی، سووکانی کەشتیی هەرێمی کوردستانی گرتەدەست و لە نقومبوون رزگاریکرد. ئێستاش ئەو هەموو دژایەتییەی بەغدا لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، لایەنی نێودەوڵەتی رۆڵێکی ئەوتۆی نەبینیوە بۆ نەهێشتی ئەو غەدرەی بەغدا دەیکات. پێشتر هەولێر ببووە ترافیکی دیبلۆماسیی نێودەوڵەتی، تەنانەت شاندە دیپلۆماسییەکانی نێودەوڵەتی بۆ چەند کاژێرێک لەبەغدا دەبوون، بەڵام بۆ شەو و خەوتنەکەی دەهاتنە هەولێر.
 
خاڵی دووەم: دروستکردنی کێشەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان، حکـومەتی فیدڕالی عێراق بەبێ هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی، لە 2014ەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان سزا دەدەن و مووچە و بودجە نانێرن، لە 2018 لەمانگی نیسانەوە مانگانە 317 ملیار دیناری نارد، لە 2019 مانگانە 453 ملیاری نارد، بەڵام لە 2020 ئەو ژمارەیە بەرزی و نزمی تێکەوت و تەنیا بۆ پێنج مانگ مووچەی نارد.
 
ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکات نیوەی داهاتی هەرێمی کوردستان ببات، ئەویش لەرێگەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021، لە دۆسیەی نەوت 58.13٪ دەبات و نیوەی داهاتە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەبات، بەرامبەر پێدانی 750 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچە لە هەرێمی کوردستان، ئەویش بەو بڕە پارەیە مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە لێبڕینی 18٪ دەدرێت، ئەمە ئەگەر بکرێت.
 
بەڕێز قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان گوتی "لەبەغدا هەبوو دەیگوت، دەبێ هەموو مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرین بە قەرزەکانەوەش، بەس بۆ ئەوەی چی دی هەرێمی کوردستان هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی لەبەردەستدا نەمێنێت". ئەمەش نییەتەکانی عێراق دەردەخات کە کاری جیدی دەکات بۆ جێبەجێکردنی خاڵی دووەمی پلانەکەی لەسەر هەرێمی کوردستان. هەروەها لەعێراق دەمێکە دەهۆڵی ئەوە دەکوتن، کە دەبێ بەغدا خۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەم جارە لەرێگەی هەندێ پەرلەمانتارانی کوردەوە لە بەغدا ئەم هەوڵەی دا، ئەمە جگە لەوەی ئامانجیان لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، هاوکات کێشەی موچەش چارەسەر ناکات، چونکە بەغدا دان بەم ژمارەیەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نانێت، ئەمەش وا دەکات کێشەکە هەر بەردەوام بێت. بۆیە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرگرییەکی زۆر سەختی کردووە کە ئەم پلانە سەرنەگرێت.
 
بیانووی بەغدا بۆ نەدانی بودجە
 
بیانووەکانی لەدەست بەغدان بو سزادان و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لە رووی دارایی و ئابوورییەوە نە دەستوورییە و نە یاساییە. لایەنی عێراقی بە ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی گوتووە ، هەرێمی کوردستان کێشەیەکی دەستووری و یاسایی نییە بۆ وەرگرتنی بودجە و مووچە، بەڵکو لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بەشداری لە پرسەی (ئەبو مەهدی موهەندیس) نەکردووە، مووچە نادەین. لەبەرئەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بەشدارنەبوون لە بڕیاری دەرکردنی سوپای ئەمریکا لە عێراق، ئێمە مووچەی ئێوە نادەین، با ئەمریکا مووچەتان بۆ دابینبکات! ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی بەکردەوە هیچی نەکردووە، لەبەرامبەر ئەو زوڵم و غەدرەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات. ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی خاڵی یەکەم، کە عێراق هەوڵدەدات پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کەمبکاتەوە.
 
رەنگە سبەی بڵێن لەبەرئەوەی (حوسەینییە) لە هەولێر و دهۆکیش نییە، مووچە نادەین، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بەشدارنابێت لە چلەی ئیمام حوسێن لە نەجەف و کەربەلا،بودجە نادەین و لەبەرئەوەی ...هتد.
 
خالی سێیەم، هەموو هەوڵی عێراق لەسەر لاوازکردنی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە. دەتوانین بڵێین 43٪ی هێزی ئەمنی هەرێمی کوردستان لەژێر فەرمانی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا نییە، ئەوان پابەندی فەرمانێکن کە لە سلێمانییەوە بدرێت، لە هەندێ رووداودا ئەمە بە کردەوە دەرکەوت، ئەمە بۆ بەغداش رێگە خۆش دەکات زیاتر کار لەسەر لاوازکردنی هێزی پێشمەرگە بکات.
 
دەرئەنجام بە سێ خاڵی سەرەکی گەیشتم، ئەویش:
 
هەرێمی کوردستان سێ فاکتەری بەهێزی هەیە، هەرسێ فاکتەر بوونەتە نیوە بە نیوە، واتە بۆ بەغدا زۆر ئاسان بووە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان. سێ فاکتەرەکە، لایەنی سیاسی، دارایی، سەربازی. ئێستا لە لایەنی هێزە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستان بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا دابەش بووە، بەرەیەک یەکێتی و لایەنە نزیکەکانی یەکێتی. بەرەیەکیش پارتی و لایەنەکانی نزیک لە پارتی.
 
لەرووی داراییەوە ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 تیپەڕێندرێت، ئەوا ئەمساڵ نیوەی داهاتی هەرێمی کوردستان دەبەن و ساڵی دادێ کار لەسەر ئەوە دەکەن، کە هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان ببەن، رەنگە بگوترێت، دەستوور ئەو مافە بە عێراق نادات ئاوها مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئەوەی پرسە دەستوورییەکان یەکلاییدەکاتەوە لەنێوان هەرێمەکان و ناوەند، دادگای فیدڕالییە، عێراق ئەو دادگایەی پەکخستووەو کار ناکات. هەروەها وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان گوتی "لەبەغدا زۆر بە روون وئاشکرا بە ئێمەیان گوت، دەبێ دەستووری عێراق هەمواربکرێ، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین ئەو هەموو دەسەڵاتە بە هەرێمی کوردستان دراوە!".
 
ئیدی کە لایەنی سیاسی دابەش بوو، درایی نیوەبوو، هێزی سەربازیش، نیوە دەبێت و لاواز دەبێت. ئەوەی عێراق دایناوە لە پلانەکەیدا لە مانگی 6/2023 هەرێمی کوردستان "نائەکتیڤ" بکات.
 
چارەسەر چییە؟
 
یەکەم: هەرێمی کوردستان پێویستی بە تیمێکی سیاسی یەکگرتووی راوێژکار هەیە بۆ قوناغێکی راگوزەر بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو قۆناغە سیاسیانەی عێراق تێیدا تێدەپەڕێت، راوێژ بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بدەن.
 
دووەم: ئەم تیمە راوێژکارییە کە دروست بکرێت، پێویستی بە کەسی ستراتیژیست، تاوەکو بۆ هەر هەنگاوێک چەند ئۆپشەنێک بە دەسەڵاتی سیاسی بدەن بۆ ئەوەی بڕیاری دروست بدەن. بەتایبەت لەبابەتی (شەراکەت و پرسی دارایی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق)
 
سێیەم: ئەم دوو هەنگاوەی سەرەوە لەهەرێمی کوردستان بەدیناهێت، ئەگەر "ئاشتەواییەکی نیشتیمانی" راستەقینە، بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی نەکرێت.
 
چوارەم: گەڕانەوەی متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی سیاسی، لە رێگەی ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینە.
 
پێنجەم: لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان حکومەت "تەرشیق" بکرێت، بەمەش خەرجیش زیاتر کەمدەبێتەوە.

هێڤیدار ئەحمەد