shayan-askari.jpg

وَأَكْثَرُهُمْ لِلْحَقِّ كَارِهُونَ......

Dec 13, 2020  |   بیروڕا 

 

 

ئێمە ٣٧ پەرلەمانتاری ناڕازی بووین، لە پێناوی مووچەی ھاووڵاتی نەمانھێشت کۆتا دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، مانگرتنیشمان بۆ ئەوە ڕاگەیاند دانیشتن بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی کێشەی مووچەی ھاووڵاتی، ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان بۆ جاری دووەم بێ دەسەڵاتی خۆی دووپات کردەوە کە لە ئاستی حزب و حکومەت ھیچی پێ ناکرێت.
١٧ پەرلەمانتار بە کردار مانگتنمان ڕاگەیاند لە فراکسیۆنەکانی گۆڕان ، کۆمەڵ، یەکگرتوو، سەربەخۆ، رۆژی سێیەمی مانگرتن، بەھەر پاساوێک بێت کۆمەڵێک مانگرتوو مانگرتنیان شکاند و ماینەوە ٧ ، ھەر ئەو رۆژە بۆ ھەندێک پێداویستی کاک دیاری ئەنوەر و کاک سیروان بابان چوونە دەرەوە، شەو ھاتنەوە بەڵام شەخسی سەرۆکی پەرلەمان نەیھێشت بێنەوە ژوورێ.
بۆیە تەنھا ٥ پەرلەمانتار ماینەوە.
پەرلەمان و حکومەت بێباکن لە بژێوو و مووچەی ھاووڵاتی ، چونکە حزب بەرێوەیان دەبات، ئەوانیش ئەوەی بە خەیاڵیان دا نایەت ھاووڵاتی بکوژرێت لەسەر قووتی خۆی. ھاووڵاتی بۆی ھەیە برسی بێت بەڵام بۆی نیە داوای مافی خۆێ کات و گەر داواشی کات ڕووبەڕووی ھەڕەشە و کوشتن دەبێتەوە.
دڵنیای ھەموو بەرێزێک دەکەمەوە تا ئەو حزبانە کوردستانیان داگیر کردبێت، دۆخی مووچە خراپتر و خراپتر دەبێت، مەگەر بە معجزە حزبەکان چاکسازی بکەن!!!!
لە یەک شتی تر دڵنیاتان دەکەمەوە، ژمارەی ئەو سیاسیانەی کە لە کوردستان سیاسەت بە ڕەوشتەوە دەکەن و بۆ بەرژەوەندی ھاووڵاتی ھەوڵ دەدەن، لە پەنجەکانی یەک دەست تێناپەرێ.
حزب لە بنەماوە بۆ ئەوە دادەمەزرێ تا ڕابەرایەتی ھاووڵاتی بکات بۆ خۆش گوزەرانی.
بەلام لە کوردستان ھەر سیاسیەکت بینی خۆی پێ ڕابەرە، ئەوە بۆ خۆش گوزەرانی خۆی و چەوساندنەوەی ھاووڵاتی ھەوڵ دەدات.
زەررەیەک لە سیاسەتی خۆفرۆشی و خیانەت و انتھازیەتم بزانیایە نە بەشدار دەبووم لە تێکدانی دانیشتنی پەرلەمان و نە مانم دەگرت!!!
خۆپشاندانی سەرتاسەریش بکرێ دڵسۆز و خەمخۆرەکە تیا دەچێت و دووسێ کەسی خۆفرۆش ،شەڕ لەسەر دەسەڵات دەکەن بۆ ئەوەی ھەمان رێچکەی گەندەڵی پارتی و یەکێتی بگرنەوە بەر و دووسێ حزبی پاشکۆش ببنەوە کۆڵەگەیان، ئەوەش بەو مانایە نایەت کە پارتی و یەکێتی دەبێ لەشوێنی خۆیان بمێننەوە، ئایەتەکەی خوای گەورە ڕوونە کە دەفەرموێ خوای گەورە گۆڕانکاری بەسەر قەومێکدا ناھێنێت گەر خۆیان گۆڕانکاری نەکەن.
بۆ کۆیلەکان، ھەر بە کۆیلەیی بمێننەوە تا کوردستان وێرانتر دەکەن، کۆیلە ھەیە نرخەکەی ٢٥ ھەزارە لە ساڵێکدا، ھەشە ١٢ ملیۆنە لە مانگێکدا، تۆ کامیانی؟
بۆ بە نرخێکی کەم خۆت دەفرۆشی لە کاتێکدا دەتوانی بە چەندین دەفتەر، خۆت بفرۆشی؟
زۆر بەداخەوە پەیامە گەورەکەی ئێمە بچووک کرایەوە بۆ شەڕی فەیس بوکی نێوان چەند کەسێک لە دوو حزبی بەشداری حکومەت!