liza.jpg

هاوڵاتیانی ئازیز

Dec 3, 2020  |   بیروڕا 

لیزا فەلەکەدین

 

دوای ئەوەی گلەیی و گازندەی چەندین هاوڵاتیم بەدەست گەیشت سەبارەت بەوەی کە سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردبوو و لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەمەرزی باشماخ کۆمپانیایەک پشکنینی کۆرۆنای بۆیان کردبوو، بۆ هەر پشکنینێک بری 60 هەزار دیناری عێراقیان لێسەندرابوو لەپاڵ ئەو بڕە پارە زۆرەشدا ئەنجامی پشکنینەکە دوای ٥٠ یان ٦٠ رۆژ بۆیان دەگەڕاوە بگرە حالەتی وا هەبووە کە ئەنجامی هەر بۆ نەگەڕاوەتەوە! ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەرگرتنی پارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانمان، بۆیە لەم سۆنگەیەوە وەک ئەندام پەرلەمانێک لە رێککەوتی 27/9/2020 لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پرسیارێکم ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حوکمەتی هەرێم کرد بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەمەوە لەو پاشاگەردانیەی کەوا لە خاڵە سنوورییەکاندا دەگوزەرێت.
لە رێککەوتی 28/10/2020 بەرێز وەزیری دارایی وڵامی پرسیارەکەمی داوە و ئەوەی ڕاگەیاند کە کاری ئەو کۆمپانیایە راگیراوە...
دواتر لەکاتی بەشداریکردنم لە بەرنامەی (لەگەڵ ڕەنج) لە کەناڵی ڕووداو لە رێککەوتی 30/11/2020 کە تایبەت بوو بە پرسی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و یەکێک لە تەوەرەکان باسکردن بوو لە پشکنینەکانی کۆرۆنا لە خاڵە سنوورییەکان و منیش وەکو ئەرکی خۆم و بە بەڵگەوە باسی وڵامی بەرێز وەزیری داریم کرد. هەر لە میانەی بەرنامە تلڤزیۆنیەکەدا بەرێز عەلی حەمە صالح پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسی گومرکی باشماخ ئەنجامدا و ڕایگەیاند کە کاری پشکنینی کۆرۆنا لەلایەن ئەو کۆمپانیاوە رانەگیراوە و بەردەوامە!
لێرەدا بە گرنگی دەزانم زۆر بەراشکاوانە باس لەم دوو خاڵە بکەم:
یەکەم / ئەوانەی کە وا وێنایان کردووە گوایە من راستگۆ نەبووم فەرموون لەگەڵ ئەم پۆستەدا وێنەیەک لە پرسیار و وڵامەکە دادەنێم هەرچەند پێشتریش لە پەیجی فەیسبوکی خۆم دامنابوو. ئایا من راستگۆ نیم ؟ یاخود ئەوانە راستگۆ نیین کە ئەو مافە بەخۆیان دەدەن لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاران راستگۆ نەبن و بەم جۆرە بەربەست بۆ کاری چاودێری کردنمان دروست دەکەن ؟!
دووەم/ وڵامی بەرێز وەزیری دارایی و ئاشکرابوونی ڕاستی بابەتەکە هۆکارێک بوو کە پرسیاری ئەوەم لا دروست بێت ئایا دەکرێت بەرێزیان بە راستەوخۆ یان بە ناراستەوخۆ لەژێر کاریگەری فشاری ئەو کۆمپانیایە دابێت بۆ شاردنەوەی راستییەکان و چاوپۆشیکردن لەو بەهەدەردانە و خاڵی کردنی گیرفانی هاوڵاتیان؟! کە هیوادارم وا نەبێت...
سێیەم/ ئەم بابەتە جارێکی دیکە بووبە ئاوێنەی ململانێ نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و بە ئاشکرا دەریخست کە پارێزگاری سلێمانی و قایمقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری گومرکی مەرزی باشماخ کار بەنوسراوی وەزیری دارایی ناکەن و بە هەندی وەرناگرن، ئایا مەبەستیان شکاندنەوەی یەکترە یاخود راستی دیکە لەپشت ئەم حساب بۆ یەکترنەکردنەدایە؟
لە کۆتاییدا هەرچیەک بێت من وەک ئەندام پەرلەمانێک لەسەر ئەم بابەتە بێدەنگ نابم و بەردەوام دەبم و بە بەڵگەوە راستییەکان دەخەمە روو و رووی راستەقینەی ئەوانەش ئاشکرا دەکەم کە چۆن بوونەتە بەرپرسیاری یەکەم لە بەهەدەردانی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و بە رۆژ ئیدعای چاکسازی ئەکەن و بە شەو دەبنە سەر قافلەی قاچاخ.