liza.jpg

کەرکوک لەبەردەم پیلانێکی نوێدا...

Dec 26, 2020  |   بیروڕا 

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

 


ماوەیەکە ئەوە بەدیدەکرێت کە چەند دەنگێکی ناشاز لەڕێگەی هەندێک لایەنی خۆسەپێنەوە بەردەوام پیلان و بەرنامە دژی کوردستانبوونی کەرکوک دادەرێژن، لە دروستکردنی حەشدی کوردییەوە تا دەگاتە داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق. هەوڵ و پیلانە شۆڤینییەکانیان بەردەوامە و هەنوکەش لە رێگەی پرۆژەیەکەوە داوای بەهەرێمکردنی کەرکوک دەکەن !!
پرسی بەهەرێمکردن لە دەستووری عێراق؟
لە ماددەی (119 ) ی دەستووری عێراقدا رێگەدراوە کە پارێزگایەک یاخود چەند پارێزگایەک هەڵسن بە پێکهێنانی هەرێمێک بۆخۆیان لەرێگەی ریفراندۆمەوە، بەڵام بەو مەرجەی داواکاری دروستکردنی هەرێمەکە بە یەکێک لەم دوو رێگەیەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت:
یەكەم: داواكاری سێیەكی (1/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.
سەبارەت بەم خاڵە بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کارەکانی سڕکراوە لە حالی حازردا ناتوانێت هیچ پرۆژەیەک ئامادە بکات و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بکات.
دووەم: لەسەر داواكاری دەیەكی (1/10)ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.
کەواتە بەپێی ئەم خاڵە پێویستە دەیەکی دەنگدەرانی کەرکوک داوای بەهەرێمکردنی پارێزگاکە بکەن و ئینجا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.
پارێزگای کەرکوک نزیکەی یەک ملیۆن و نیو دانیشتووی هەیە، واتا دەبێت ۱٥٠ هەزار کەس بەشدار بێت لە پێشکەشکردنی پرۆژەی بەهەرێمکردنەکە و مەترسییەکە لەم خاڵەدایە!
چونکە لە دوای ساڵی 2017 ەوە عەرەبێکی ئێجگار زۆر هاوردەی کەرکوک کراوە و فۆرمی خۆراکیان بۆ دەرهێنراوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشدار بن لە دەنگدان لەسەر پرسە چارەنوسسازەکانی کەرکوک. بۆیە کورد پێویستە ئاگاداری ئەم هەوڵە بێت و بە هەندی وەرگرێت و لە هەموو کات زیاتر بە یەکگرتوویی و یەک وتاری بەرپەرچی ئەم جەنگە سیاسییە بداتەوە کە لە چوارچێوەی بەرنامەی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە.
مەبەست لە راگەیاندنی ئەم پرۆژەیە لەم ساتەوەختەدا چییە؟
یەکەم/ماوەی سێ ساڵە پارێزگاری خۆسەپێنی کەرکوک رەوشی ئاڵۆزی کەرکوکی بەهەڵ زانیووە و بە رێگەی جۆراوجۆر نادادپەروەری بەرامبەر بە پێکهاتە رەسنەکان بەتایبەت کورد ئەنجامداوە، جگە لەوەی بە چەندین دۆسییەی گەندەڵییەوە تێوەگڵاوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە دادگا داواکاری یاسایی لەسەر تۆمارکراوە. بۆیە ئاشکرایە کە لە رێگەی پرۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکوکەوە دەیەوێت تەواوی زوومەکان لەسەر خۆی لابەرێت.
دووەم/ عێراق لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەدایە، هەندێک لایەنی شۆڤینی لە کەرکوک ئەم بابەتەیان بەهەڵ زانیوە و دەیانەوێت بیکەن بە ئامرازێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەپێناو مسۆگەرکردنی دەنگێکی باش بۆ کورسی پەرلەمانی.