gelawyj.jpg

فشار دەكەین بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار....

Dec 22, 2020  |   بیروڕا 

د.گەلاوێژ عوبێد سیان 

 

لە چەند رۆژی رابردوو بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار نزیكەی ۲٠ لەسەدای بەهاكەی خۆی لەدەستدا، ئەم دابەزینە ویستێكی حكومەتی عێراقی لەگەڵ بووە و هەر دوێنێش بانكی ناوەندی عێراق ( دارشتنی سیاسەتی نەختیینەی و پاراستنی بەهای دینار لە سەرەكیترین كارەكانییەتی) بڕیاریدا لە پێناو هاوسەنگكردنەوەی دۆخی ئابووری بەهای دینار دابشكێنێت و نرخی فرۆشتنی یەك دۆلاری بە ۱٤٥٠ دینار دیاریكرد. 
ئەم بریارە بە دەستی حكومەتی عێراق نەبوو بەڵام بە دڵی بوو! بریاریشە ئەم نرخە نوێیە لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ۲٠۲۱ جێگیر بكرێت، بەڵام گەرەنتی جێگیركردنی ئەو نرخە و بە یاساییكردنی لاوازە. 
ئەم دۆخە كاریگەری نەرێنی زۆر زیاترە لە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی چونكە عێراق جگە لە نەوت كە هەناردەی دەكات هەموو كاڵاكانی دیكە لە بازاری دەرەوە بە دراوی دۆلار هاوردە دەكات و بە دیناریش لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق مامەڵەیان پێوە دەكرێت ئەمەش بە واتای زیادبوونی بەهای سەرجەم كاڵاكان و خزمەتگوزارییەكان دێت.
ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان زۆر باش لە خراپی دۆخی دارایی هاونیشتیمانیانمان تێدەگەین هەر لەو سۆنگەشەوە لەگەڵ هەڤاڵانمان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوە لە رێگای پەرلەمانەوە رێگری لەم سیاسەتە بگرین كە دەرئەنجامەكەی هەژارتركردنی خەڵك و ( بەهۆی لاوازی بەرهەمی ناوخۆ و گەندەڵی زۆر )سستكردنەوەی گەشەی ئابووری دەبێت، هاوكات لە رێگای ئەندامانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە فشار دەخەینە سەر حكومەت و بانكی ناوەندی بۆ ئەوەی بەهای دینار بگەڕێتەوە ئاستی خۆی و سەقامگیری بازاڕ بگەڕێتەوە ئاستی پێشووی.