عەلی حەمە ساڵح
سەدان ھێندەی سلێمان ھەڵشۆی پارەی ھەموو میللەتیان خواردوەو دەیخۆن و دەیان کەناڵیان داناوە، سەد ھێندەی سلێمان تاوانبارن و کەس باسیان ناکات
دوو ڕۆژە ھەموو باسێک بوەتە سلێمان ھەڵشۆی، وەک دەڵێن: ٣٥ ملیۆن دۆلاری خەڵکی خواردوو.
ئەوەی سلێمان چەند مانگێک بوو، ھی ژمارەیەک خەڵک بوو، کەمێک پرسیاریان کردبا دەیانزانی ئەمە فێڵەو ھیچ مامەڵەیەک ئەو قازانجە ناکات!!
سلێمان دەستگیکرا، کۆمەڵێک خەڵک زیانیان بەرکەوت.
تۆ دەتوانیت مامەڵەی لەو شێوە نەکەیت و پارەت نەخورێت! بەڵام چی لەو ھەموو "سەرکردە" دەکەیت بەزەوی و قاچاخی و نەوت و کۆمپانیاکاری و بەپشتیوانی ھێزی چەکدارو دەسەڵاتیان سەدان ھێندەی سلێمانیان لە خەڵک بردوەو کەس باسی ناکات!
سلێمان پارەی ٢٠٠ کەسی خواردبێت! بەھۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن پارەی سەدان ھەزار موچەخۆریان خواردوە..
قەبارەی ئەو پارەی ھەموو مانگێک لە قاچاخی و کۆمپانیاکاری لە ھەموو خەڵکی دەبەن، حەوت ھێندەی ئەو پارەیە سلێمان لە خەڵکی خواردوە..
ئەو پێنج ملیار دۆلارەی شیرینی نەوت چارەنوسمان نەزانی ١٤٣ ھێندەی ئەوەی سلێمان بو!
ئەوەی بەھۆی گرێبەستی خراپ و گەندەڵی و بەفیڕۆدان لە دۆسیەی نەوت دەبرێت مانگانە، لەوەی سلێمان زیاترە..
کاتێک زەویەک بێ بەرامبەر دەدرێتە کە سێک لە ھەولێرو و بایی نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری مەتر مەتر لێدەفرۆشێت( شاری خەونەکان)، ٣٦ ھێندەی ئەوەی سلێمان ھەڵشۆیە!!
ئەو پارەیەی مانگانە بەخانەنشینی نایاسایی و پیشمەرگەی دێرینی ساختەو شەھیدی ساختەو کەمئەندامی سەنگەری ساختە... دەدرێت زۆر زیاترە لەوەی سلێمان...
ئەو کۆمپانیا موبایلەی ٢٠٠ ملیار دیناری زیادەی لە خەڵک وەرگرت و بڕیار بوو ڕاستەخۆ بیداتە حکومەت و بۆی کرایە قیستی ١٦ ساڵ ! زۆر زیاترە لەوەی ھەڵشۆی..
دەتوانین دەیان دزی دیکە دیاری بکەین زۆر زیاترە لەوەی سلێمان!!
گرفتەکە ئەمەیە... ھیچ کەس نە بە نوکتەو نە بە جدی باسی ئەم دزی و دزانە ناکات! سلێمان چەند مانگێک بەردەوام بوو ! بەڵام ئەمانە سی ساڵە خەریکن و ئێستاش بەردەوامن! سلێمان دەستگیرکرا ئەمانە چەکداریان ھەیە خەڵک زیندان دەکەن و دەچنە سەر خەڵک و قاچاخی دەکەن!!
گرفتە گەورەکە ئەوەیە، ئەوانەی سەدان ھێندەی سلێمانیان لە خەڵک بردوەو بەردەوامن ھەزار کەس وەک " سەرکردەو فریادڕەس" دەیان بینن!! و بە سلێمان دەڵێن ساختەچی!!