alihamasalh.jpg

بەیانێک، دور لە خوێنی خەڵک

Dec 8, 2020  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح

 

دوای شەھیدکردنی ١٠ گەنجی خێر لە خۆنەدیوی ئەم  وڵاتە، وەک ئەوەی ھیچ ڕوی نەدابێت  لە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە بەیانێکی بێ ڕوحیان دەرکرد، وەک کێشەی ئەم ھەرێم تەنیا چونی وەفدێک بێت بۆ بەغدا. 
ئەی ئەو ھەموو دزی و تاڵانیەی کوردستانی بە ئەمڕۆ گەیاند!!! 
بە دێڕێک باسی ئەو گەنجانەیان نەکردوە کە سی ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دزیان لێدەکرێت و دواجاریش بە فیشەکی چەکدارانی حیزب شەھیدکران.. 
پشتگیری چاکسازی حکومەتی ھەرێم دەکەن! کام چاکسازی دوانیانمان پێبڵێن؟ 
ئەوە یەک ساڵە ھاوار دەکەین ، دەڵێین:  بەرپرسان خەریکی قاچاخچێتی و تاڵانی خاڵە سنوریەکانن و کەس گوێمان لێناگرێت! و بێ منەتانە بەردەوامن بە ئێستاشەوە... 
پشتیوانی کام چاکسازین... ئەوەی ٦٠٪‏ ی داھاتی نەوت بە گەندەڵی و دزی و گرێبەستی دەبرێت و کەس ئامادەنیە چاکی بکات! ئەوەی ھەرچی زەوییە بۆ بەرپرس و کۆمپانیاکانیان تاڵانکرا...
تکایە پشتیوانی کام چاکسازین؟  پێمانبڵێن... 
دەبوو: جگە لە بڕیاری ڕاشکاوانە بۆ ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتی فیدڕال لە بەرامبەر موچەدا، کە ھەنگاوی دروستە، ھەر لەو کۆبونەوەدا، بڕیاری ڕاگرتنی قاچاخچێتی و کۆمپانیاکاری لە خاڵە سنوریەکان درابا، ئەو پارانەی لە داھاتی نەوت براوە بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی! بڕیار درابا بە ھەموو گەندەڵی و گرێبەستە خراپەکانی نەوتدا بچنەوە!! 
دەبوو ڕاستەخۆ بڕیاری چۆڵکردنی بارەگا حیزبیەکان درابا، ھەرگیز دەرگاو پەنجەرەو قەنەفەی بارەگایەکی بێسود لە خوێنی گەنجێک گرنگتر نیە... 
دەبو بڕیاردرابا ئەو کۆمپانیایانەی ھی بەرپرسە حیزبییەکان کە چەندین ساڵە لەسەر حسابی نەوت و گومرگ و سامانی ئەم وڵاتە کرانە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلاری حەرام، ئێستا بەشێک لەم پارانە دەربکەن و موچەی خەڵکی پێدابین بکەن... 
ئێستا کە خوێن و ئاگر شاروشارۆچکەکانی گرتوە، بەرپرسان بێمنەتانە ھەر خەریکی قاچاخچێتین... ئەمە چاکسازیە! 
ھیواموایە گەنجە دڵسۆزو ئازاکان، ئەوانەی سی ساڵە تاوانتان بەرامبەر دەکرێت، لە سوتاندنی موڵکی گشتی خۆتان بپارێزن، فەرمانگەکانی شاروشارۆچکەکان موڵکی ئێوەن نەک ئەو بەرپرسانەی بە چەندین ساڵیش ڕێگایان ناکەوێتە ناحیەو قەزاکان، بەدڵنیایی پێکەوە دەتوانین فشاری گەورە بکەین.