ashna.jpg

شەڕی کورد بە کورد ماڵوێرانکەر و کارەساتهێنەرە

Nov 6, 2020  |   بیروڕا 

ئاشنا عەبدوڵا

 

بەرپابونی شەڕێکی دیکەی نەگریسی ناوخۆیی لەنێوان پارتی و پەکەکەدا یەکێکە لە ئەگەرەکان و گرژیەکانی ڕۆژانی ڕابردووش پێماندەڵێن ناکۆکیەکانی ئەو دووهێزە لە لێواری تەقینەوەدان.
شەڕی کورد دژ بە کورد گەر نەڵێین هەمیشە، ئەوا زۆرینەی جار شەڕێک بووە ئیرادەیەکی دەرەوەی کورد و پلان و بەرنامەی دوژمنانی کوردی لەپشتەوەبووە و هێزە کوردییەکان وەک جێبەجێکاری ئەم پلان و بەرنامەیە شەڕەکانیان بەڕێوەبردووە،بۆیە بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی پارتی و پەکەکە بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەگەری ڕوودانی ئەم شەڕە و بەدەنگەوەچوونی ڕای گشتیی کوردان لەمەڕ ڕوونەدانی ئەم شەڕە.
ئەم شەڕە هەرچۆن بیخوێنینەوە شەڕێکی ماڵوێرانکەر و کارەساتهێنەردەبێ و جگە لە ڕشتنی خوێن و ماڵوێرانیی کوردان و داگیرکرانی زیاتر و بەلیبیا بوون و بەسوریا بوون و بوونی هەرێمی کوردستان بە جێگەی تەراتێنی میلیشیاکان و سوپای تورک و کاول بوونی شارو گوندەکانی کوردستان زیاتر، هیچ دەرەنجامێکی لێناکەوێتەوە.
 لەئەگەری ڕوودانی وەها شەڕێکدا دۆزی کورد لەم بەشەی کوردستاندا دووچاری پاشەکشەیەکی ترسناک دەبێ و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بۆ مەودایەکی درێژ دەسەویەخە دەبن لەگەڵ کۆمەڵێ کێشەی گەورە کە چارەسەرکردنیان لەدەست خەڵک و هێزە کوردییەکانیشدا نامێنێ. 
بۆیە سەرجەم لایەن و هێزە کوردییەکان، لەم ساتەوەختە هەستیارەدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ و پێویستە بە ڕۆحی کوردانە و بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن و هەرچییان لەدەستدێ بۆ ڕێگرتن لەڕوودانی ئەم شەڕە ئەنجامی بدەن.