ali.jpg

بەرپرسان ئێستا ١٠٠٪‏ جگەرە بە قاچاخ داخڵدەکەن!

Nov 1, 2020  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح

 

بەخەڵکیش دەڵێن: لە خەمی موچەین
دۆسیەی قاچاخی جگەرە ئێستا یەکێکە لە گەورەترین ئەو قاچاخییانەی بەرپرسانی باڵای بەھاوکاری ھێزە ئەمنیەکان دەیکەن.. 
پێشتر گومرگی جگەر سەرچاوەیەکی گەورەی داھاتی حکومەتی ھەرێم بوە، ئێستاش سەرچاوەی گەورەی داھاتی بەرپرسانە...
ماوەی ١٠ مانگە فایلی قاچاخی جگەرەم خستوەتە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت، داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کرد، ڕووبەڕوو لە پەرلەمان پێموتن، دۆسیەکەم داوە بەداواکاری گشتی، نەک ئەم قاچاخیە کەمی نەکردوە، بەڵکو زیادی کردوەو ئێستا کۆی جگەرە لە باشماخەوە باقاچاخ داخڵدەبێ!! 
بەبەراورد بەوکاتەی قاچاخی جگەرە نەدەکرا، تەنیا لە باشماخ  ڕەسمی گومرگی جگەرە لەشەش مانگ ٥٤ ملیۆن دۆلار کەمی کردوە. 
لەشەش مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ ەدا، قاچاخ نیە یان زۆر كەمە ، بۆیە جگەرەی هاتوو لە باشماخ ( ملیۆنێك و 692 هەزارو 226)  كارتۆن بە فەرمی لە باشماخەوە داخڵ  بوە.
 شەش مانگی كۆتایی ٢٠١٩دا قاچاخی دەستپێدەكات، ھاتنی جگەرە زۆر كەمدەبێت، (322 هەزارو 574) كارتۆن داخڵی هەرێمی كوردستان بووە 
: داھاتی گومرگی جگەرەش بەھۆی قاچاغی تەنیا لە باشماخ، ( 54 ملیۆن و 786 هەزارو 80) دۆلار كەمیكردووە. 
ئێستا ئەم بڕە زۆر زیاتری کردوەو مانگی ١٠ ملیۆن دۆلار تەنیا لە باشماخ زیانی داوە.. 
قاچاخچیەکان لە بازاڕی دۆلارەکەو بازاڕی جگەرەکە نوسینگەیان ھەیە! بازرگانەکانی جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگی بۆیان داخڵدەکرێت، ژمارەی بارھەڵگری جگەرە قاچاخەکە دەدرێتە ھێزە ئەمنیەکانی دەروازەی باشماخ و سەرجەم بازگەکان تەنسیقی بۆ دەکرێت!!
ئێستا ١٠٠٪‏ جگەرە لە باشماخەو بەقاچاخ دەھێندرێتە ژور، تەنیا ئەو جگەرەیە نەبێت، بەرەو ناوڕاستی عێراق دەچێت و لە بازگەی عێراق داوای مەنەفێست دەکەن!! و لە بازگەی ھەرێم داوای مەنەفێست ناکەن!! 
چی دیکە پێویست ناکات بەرپرسانی باڵای حیزب و حکومەت بێنە سەرشاشەو بڵێن: لە خەمی موچەی خەڵکداین و دەمانەوێت چاکسازی بکەین، ئەوە ئێوەن خۆتان قاچاخی دەکەن و داھاتی وڵات دەبەن و ناھێڵن گرفتی موچە چارەسەرببێت!! 
بەرپرسە یەکەمەکان خەریکی قاچاخی ترێ و ھەنارو جگەرو ئۆتۆمبیل و ھێلکە بن، مانگانە حەجمی قاچاخی و کۆمپانیاکاری لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان نزیکەی ١٧٠ ملیار دیناربێت، زیاتر لە حەوت مانگە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری چاککردنی دابێت، لەبری چاککردن خراپتر بوە!!
یەکێ لە بیانوە ناشیرینەکانی بەشێک لە بەرپرسان و کادرە حیزبیەکانیان ئەوەیە: ئێمەش قاچاخی نەکەین داھاتەکە ھەر دەدزرێت!! 
ئەم قسەیە ڕاستنیە، ئێستا مانگانە لە داھاتی ناوخۆی نانەوتی ١٢٠ ملیار دینار دەدرێتە موچە.  خەرجی نەخۆشخانەو زیندان و سەرجەم فەرمانگەکانیش لە داھاتی ناوخۆیە، ئەگەر ئەم قاچاخی و گەندەڵی خاڵە سنوریانە نەبا ئەم بڕە بەشێوەیەکی وا زیادی دەکرد لێبڕینی موچە نەدەما.. 
واتە: ئەوە بەرپرسە قاچاخچیەکانن موچەی خەڵک دەبڕن..
ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە بزوتنەوەی گۆڕانیش بڕیاری پێویست لەم بەشداری حکومەتە بدات، ئێمە بۆ ببینە ھاوڕێگای ئەمانە بەبەرچاومانەوە سامانی میللەت دەدزن و تاڵانی دەکەن!!