RABUNMA3RUF.jpg

ئیمزا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان!

Nov 1, 2020  |   بیروڕا 

رابون مەعروف

 


لەراستیدا لەبنەڕەتەوە، ئامانجی سەرەکی لەدامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان، بیناکردنی ئاگۆرایەك نەبو بۆ دیبەیت و گفتوگۆکردنی کێشە و گرفتی پەبلیک و ئینجا یاسادانان و چاودێریکردنی حکومەت و بڕیاردان بە ئاراستەی چاکەی گشتی، بەڵکو دامەزراندنی دەزگایەكبو بۆ شەرعیەتدان بە رێکەوتن و بەرژەوەندی گروپە دەسەڵاتدارە تازە دەرکەوتوەکان. بۆیە، هەر لەسەرەتاوە فیگەرە سیاسیە بەهێزەکان ئامادەنەبون ببنە ئەندامی پەرلەمان. لێرەوە، هەر لەدامەزراندنیەوە، هەرگیز پەرلەمانی کوردستان نەبو بە هەیبەت و شکۆیەک کە هەموان ناچاربن شەرمی لێبکەن و رێزی لێبگرن.

بەدرێژایی ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم، نەك هەر ئەجێندایەکی جدی و رۆشن نەبوە بۆ پێکهێنانی پەرلەمانێکی بەهێز و خاوەن قسە، بەڵکو سوك و رسواکردنی پەرلەمان بەشێكی گرنگی ئەجێندای گروپە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمە. پەلامار و شاڵاو بۆ سەر هەیبەتی پەرلەمان دۆخێکی خستەوە کە نەك پەرلەمان کەوت و شکا، بەڵکو، بەنیگەرانیەوە، رایگشتی چێژ لە زەلیلکردنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران وەردەگرن. دواجار، شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پەکخستنی لەکودەتاکەی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو گەیشتە لوتکە.

ئێستا بەشێك لە پەرلەمانتاران، لە فراکسیۆنە جیاجیاکان، لەدەرچەیەك دەگەڕێن بۆ راستکردنەوەی پەرلەمان، هەرچەندە پێناچێت دیدەگایەکی رۆشن هەبێت سەبارەت بە باکگراوندو فاکتەرەکانی پاسیڤکردنی پەرلەمان و چۆنێتی گێڕانەوەی شکۆ شکاوەکەی. پاڕانەوە و مانگرتن شکۆی پەرلەمان ناگێڕێتەوەو بەپێچەوانەوە جوڵەی ئەوتۆ بەشداری دەکات لەزەلیلترکردنی. پەرلەمان و پەرلەمانتاران نابێت ئیمزا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمان بکەن، بەڵکو دەبێت هێزو هەیبەتی پەرلەمان بسەپێنن و هەموان ناچار بکەن رێزی لێبگرن.

ئێستا پارتی بەئاشکراو بە رۆژی روناك پەرلەمانی پەكخستوە. پارتی نەك هەر نکوڵی لەو راستیە ناکات، بەڵکو بەڕاشکاوی هەمان هەڵوێست پێشدەخات. پەرلەمانتاران کە ئەو راستیە دەزانن، حەق و رەوا نیە بەگوێرەی ئەو فاکتە هەڵوێست وەرنەگرن. هەولێری پایتەخت و باڵەخانەی پەرلەمان لەژێر هەژمونی چەکداری پارتی دیموکراتەو بەهێزی چەکداریش، نەك بە یاسا، پەرلەمانی پەكخستوە. کەواتە؛

پەرلەمانتاران با یاداشت ئیمزا نەکەن، بەڵکو با فراکسیۆنەکانیان پەیامێکی ئاشكرا و راشکاو بۆ پارتی بنێرن کە ئەگەر پارتی رێگە بەکۆبونەوەی پەرلەمان لە هەولێر نەدات، ئەوا (ارض اللە واسعه‌)و ئامادەکاری بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەدەرەوەی ناوچەکانی نفوزی پارتی دەکەن. پارتی لەهەڵوێستەکانی بەرامبەر پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی جدی و راشکاوە و راستکردنەوەی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیش تەنها بە جوڵە و هەڵوێستێك بەدیدێت کە هاوتای راشکاوی و پێداگیری پارتی بێت.