liza.jpg

ئەوەی لە بەغداد روویدا تەنها دەستبردن نیە بۆ پیرۆزییەکانی میللەتێک

Oct 17, 2020  |   بیروڕا 

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

 

ئەوەی لە بەغداد روویدا جگە لەوەی دەستبردنە بۆ پیرۆزییەکانی میللەتێک هەروەها پێشێلکردنی مافی سیاسی کوردە لە عێراق لەلایەن زۆرینەوە، زۆرینەیەک کە بەردەوام بە هزری شۆڤینییەت و بەکارهێنانی هێز و شێوازی تووندوتیژ دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکان خەریکی زوڵمکردنە بە پێکهاتەکان.
سوتاندنی بارەگای حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان رەنگدانەوەی کولتووری سوتاندنی زەوی و زاری کوردانی ناوچە کوردستانییەکانە کە شۆڤینییەکان بە مەبەستی تەعریب رۆژانە ئەم شێوازە بەکار دەهێنن.
واقع ئەمەیە کە هەر کات هەر لایەنێکی کوردی داوای مافی کوردستانیان بکات و هەوڵی بەرگریکردن لە خاک و پیرۆزییەکانی کورد بدات دەکەوێتە بەر هێرشی نارەوای شۆڤینییەکانی عێراقەوە کە هێزی باڵادەستن.
پێویستە ئەم کەیسە بە ئاگاداری نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی زلهێز لە عێراق بە جدی کاری لەسەر بکرێت و داوای یاسایی لەسەر بکەرانی پشت پەردەی ئەم رووداوە تۆماربکرێت.
هەروەها گرنگە تەواوی لایەنە کوردستانییەکان ئەوە لەبەر چاو بگرن کە ئەم رووداوە پەیوەندی بە پرسی کورد و کوردستانیانی ناوچەکەوە هەیە بەگشتی، لەم رەوانگەوە پێویستە کە هاوهەڵوێستی و یەکدەنگی بکرێتە چوارچێوەی هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکانی داهاتووی ئەم بابەتە.