karwan.jpg

مه‌له‌فی گه‌نده‌ڵییه‌کانتان ئاشکرا ده‌که‌م

Oct 24, 2020  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی 

 

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی بەناو کوالێتی کۆنتڕۆڵ ڕایگەیاندووە کە گوایە سکاڵا لەسەر بەندە تۆمار دەکەن
دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوو لە سەر مەلەفێکی پڕ مەترسی کارمان کردووە، کە مەلەفی دەرمانی قاچاخ و بەسەرچووە لە هەرێمی کوردستان، گوایە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی بەناو کوالێتی لە ژێر فشاری وەزیری تەندروستی، کە خۆی ناتوانێت قسە بکات، لە ڕوونکردنەوەیەکی کاڵ و کرچی بێ بنەما و پڕ لە تەشهیر، سکاڵا لەسەر بەندە تۆمار دەکەن؛ بۆ ئەم مەبەستە چەند خاڵێک دەخەمە ڕوو:
یەکەم: ئێوە کە پۆستەکانتان خستووەتە خزمەت بەرژەوەندی کەسی، و دزینی ماڵ و میللەتان لە خۆتان حەڵاڵکردووە، و ڕۆژانە بە دەرمانە قاچاخ و بەسەرچووەکانتان خەڵک دەکوژن، ڕەوایە لە ڕوونکردنەوە ناکامڵەکەتاندا هەرچی بینووسن؛
دووەم: لە ڕوونکردنەوە کاڵ و کرچەکەی بەناو کوالێتی کۆنتڕۆڵدا هاتووە، کە گوایە باسکردنی دەرمان لە پسپۆڕی من نیە، و نابێت باسی بکەم- دەمەوێت بیر بەڕێزیان بخەمەوە کە من ئەندامی پەرلەمانی کوردستانم و نوێنەری گەلم، لە هەرکوێیەک بەهەدەردان، گەندەڵی و یاسا شکێنی و نا یەکسانی ببینم، لەوێ دەنگ هەڵدەبڕم ئەگەر بەمەرگی خۆشم کۆتای پێبێت- دڵنیابن هێشتاش ماون مەلەفە گەندەڵییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێوە و وەزارەتتان و کەرتەکانی دیکە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاویان دەکەینەوە؛
سێیەم: لە بڕگەیەکی تری ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، کە گوایە هەنگاوەکانی بەندە لەمپەرن لە بەردەم پڕۆسەی چاکسازی دەرمان؛ کام چاکسازی، ئەو چاکسازییەی کە دەرزی بەنج، و شێرپەنجە و دەرمانی کۆرۆنا و نەخۆشییەکانی دڵ لەسەر گزۆزی سەیارە داخڵبکرێن و بە ماتۆڕسکیل بفرۆشرێن؟
: گوایە بەندە هیچ ڕێکارێکی یاسایم نەگرتووەتە بەر؛ بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنم، کە هەر بابەتێک کە من باسی دەکەم پێشتر ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانیان دەکەم بە هەموو ڕێکارە پێڕەوییەکان و دواتر دەیدەمە داواکاری گشتی، ئەگەر پێویستی کرد، و دواتریش ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەمەوە.
چوارەم: گوایە بە وتەی ئەو بەڕێزانە، من باسی چەند دۆسییەکی تریشم کردووە، و هیچیان ئەنجامیان نەبووە. ڕاستە، سکاڵامان هەبووە لەسەر وەزیری ناوخۆ لە بەرامبەر بەکارهێنانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی ڕێکخراوی حزبی؛ گرێبەستە شارەوەکان و داهاتی دزراو و بەهەدەردانەکانی نەوتمان لێ ئاشکرا کردن؛ مەلەفی خاڵە سنوورییەکان و کۆمپانیا فیرعەونییەکانتامان خستە بەردەم ڕای گشتی؛ مەلەفی پڕ لە گەندەڵی کۆمپانیا مافیا ئاساکانی دەرمانمان لێ خستنە بەردەم ڕای گشتی؛ دۆسیەی سپیکردنەوەی ملیاران یۆرۆمان بڵاو کردەوە و نایەڵین گەندەڵ و دز و مافیاکان بە ئاسانی خەو بچێتە چاویان- بێگومان لە وڵاتێک کە یاسا تەواو سەروەر نیە و مافیاگەری هەیە، گەیشتنە ئەنجام لەو دۆسیانە ئاسان نیە، بەڵام پێتان وانەبێت کۆڵمان لەو دۆسیانەش دابێت!
پێنجەم: لە کۆتایدا، سکاڵاکەتان تۆمار بکەن و لەبەردەمی دادەور ئەم گفتوگۆیە تەواو دەکەین- باببینین ئایا دەزگاکەتان و وەزارەت و بازرگان و کۆمپانیاکانتان براوە دەبن، یان ئێمە؟!