hyvidar.jpg

کوردستان دەبێ ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرێت

Oct 24, 2020  |   بیروڕا 


هەرێمی کوردستان لە رووی ئاسایشی نەتەوەییەوە دەبێ ئەم چوار خاڵە سەرەکییە لەبەرچاو بگرێت.
 
یەکەم: بەرگریکردن لە مافی کوردستان لە بەغدا 
 
کاتێک لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا بەهێزبن، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەبێت. پێچەوانەکەشی راستە، لاوازییان لە بەغدا، بە واتای لاوازیشیان دێت لەنێوخۆ.
 
دووەم: ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
 
کورد لەو ناوچانە پێویستی بە خوڕێکخستنەوە هەیە، بەشێوەیەک دەبێ پێشوەختە لایەنە کوردستانییەکان لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان پلان دابڕێژن و رێکبکەون بۆ رێکخستنەوەی ئەو ناوچانە. لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، کورد لەو ناوچانە لاواز بێت، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
سێیەم: بۆ ئەوەی خاڵی یەکەم و دووەم سەربکەوێ، دەبێ یەکەم هەنگاو لێرەوە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکرێت، ئەویش پەیوەندی نێوخۆی لایەنە سیاسییەکانە، دەبێ هەرچی زووە، ئەم پەیوەندییە بەهێزترببێ بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی، بە مەرجی موراعاتکردنی داخوازی حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. لانیکەم ئەوانەی لە پەرلەمانی کوردستان هێز و کورسییان هەیە. بۆ ئەوەی بتوانین لە بەغدا و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەهێز دەربکەوین بۆ بەدەستهێنانی مافی خەڵکی خۆمان.
 
چوارەم: ئەگەر لەم سێ خاڵەی سەرەوەدا، لایەنە سیاسییەکان خۆیان رێکخست، ئەوا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، لایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک لایەنێکی بەهێزی نێو عێراق بۆ بڕیاردان لە ئایندەی ئەم وڵاتە، کە ئێستا وا وێنادەکرێ عێراق لە خراپترین دۆخدایە، پشت بە هێزە کوردستانییەکان ببەستن.
 
دەبێ چی بکرێت؟
 
پێویستە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەتایبەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کە بەوە ناسراوە، رێگای نوێ دەدۆزێتەوە و گرێکان دەکاتەوە، لایەنە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە و رۆڵی سەرەکی خۆی بگێڕێت بۆ کۆکردنەوەی یەکدەنگی لایەنە کوردستانییەکان. 
 
ئەو فاکتەرانەی دەبنە هۆی ئەوەی لەم کاتەدا لایەنە کوردستانییەکان هەنگاوی خۆ رێکخستنەوە بنێن و وەک فاکتەرێکی بەهێز لە عێراقدا دەربکەون ئەوەیە؛ 
 
یەکەم: تورکیا بەهۆی سیاسەتی  دەرەکی بەرەو  تەنگژە و قەیرانی دەرەکی لە جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز و بەلقان باری سەرشانی خۆی قورس کردووە و پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەشێوەیەک ئاڵۆزبوون کە کاریگەری لەسەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی بکات .
 
دووەم: ئێران، لە رووی دارایی و ئابوورییەوە لە خراپترین دۆخیدایە و هەموو هێزی سیاسی خۆی بەکارخستووە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دروستبوونی ئەو پەیوەندییە عەرەبی و ئیسرائیلییەی کە بە مەترسیدارترین هەنگاو لەسەر خۆی دەزانێت. هەروەها لەنێو عێراقیش تەنیا کار بۆ ئەوە دەکات، هاوبەشەکانی لەوەی هەیە لاوازتر نەبن، کە ئەمریکا لە هەموو کات زیاتر کاردەکات بۆ لەنێوبردنی هێزە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە ئێران لەنێو عێراقدا.
سێیەم: هیچ کاتێک هێندەی ئێستا لەدوای داعش، عێراق لاواز نەبووە، ئەویش لەلایەک بە خراپترین دۆخی داراییدا تێدەپەڕێت، لەلایەکی دیکە دیار نییە عێراق بۆ کێ دەمێنێت، هێزە چەکدارەکانی عێراقی نزیک ئێران؟ یان مستەفا کازمی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت؟. 
 
ئێستا گونجاوترین کاتە کورد خۆی رێکبخاتەوەو پلانە ستراتیژییەکانی خۆی دیاریبکات، کە دەبێ چۆن لەگەڵ عێراقی نوێدا مامەڵە بکات. بەرژەوەندی خۆی دیاریبکات لەنێو ئەو هەموو هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی لەم کاتەدا هەن، بۆیە ئێستا باشترین دەرفەتە کورد یاری خۆی بکات و کات لەدەست نەدات، کە رەنگە ئەستەم بێت جارێکی دیکە دۆخێکی لەوشێوەیە بۆ کورد دروست ببێتەوە.