ali.jpg

بۆری نەوت ھی کێیە!

Oct 31, 2020  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح

 

پارەی نەوت و تەقاندنەوەی  بۆری 
لە سنوری تورکیا کۆمپانیای بۆتاش بۆری گواستنەوەی نەوتی دروستکردوە، تەنیا پار ساڵ، حکومەتی ھەرێم حەقی تێپەڕبوونی نەوت 494 ملیۆن دۆلار دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی.. .
لە سنوری ھەرێمی کوردستانیش ھی کۆمپانیای کار و ڕوسنەفتەو تەنیا پار ساڵ 644 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە..
بەگشتی:  پار ساڵ ھەرێم بۆ کرێی بۆری و تێپەڕبوونی نەوتەکەی یەک ملیارو 138 ملیۆن دۆلاری خەرجکردوە!!
ئەم بڕە زۆر زۆرەو بەر ئەنجامی کۆمەڵێ گرێبەستی خراپە!!
ئەو پارەی دراوەتە کرێی بۆری، بەراورد بەو ئەو پارەی گەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی ٢٥٪‏ ە..
بەگشتی
لە 8 ملیارو 438 ملیۆن دۆلاری داھاتی نەوت، 53% داھات ھاتوەتە وەزارەتی دارایی.. ئەوی دیکە بەناوی خەرجی کۆمپانیاکان چووە، واتە: بەفێڕۆدان و گەندەڵی لە ٤٧٪‏ ەکەدا بوە. 
تەقاندنەوەی بۆری! 
ئەم بۆریە لە سنوری تورکیا، موڵکی کۆمپانیای بۆتاشەو چاککردنەوە لەسەر ئەوانە.. 
ڕەخنەو بەڵگەم زۆر لەبەردەستە لەسەر گەندەڵیەکانی دۆسیەی نەوت، پێشتریش بە ڕاپۆرت بۆ سەرۆکایەتی حکومەتم ناردوەو لە دانیشتنی پەرلەمانیش ڕووبەڕوو بەشێکیم بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی وت..( لە ڕۆژانی ئایندەدا بڵاوی دەکەمەوە)
پێموایە بە چەند ڕۆژێک بۆریەکە چاک دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر مانگێکیش بخایەنێت نزیکەی ٢٣٠ ملیار داھاتی وەزارەتی دارایی بۆ موچە کەمدەبێتەوە.
(ئەو داھاتەی موچەی مانگی ٣ی ٢٠٢٠ پێدرا، بڕی 
270 ملیار لە نەوت بوو،  کە 30%  کۆی موچە دەکات، بەڵام ئێستا کەمی کردوە بۆ ٢٥٪‏، مافی بەشێک لە کۆمپانیاکان نادرێت و داواکراوە دایبخەن، ئەگەرنا ئەم ڕێژە کەمدەکات بۆ نزیکەی ١٨٪‏ ..
واتە: ئەگەر پارەی سەرجەم کۆمپانیاکان بدرێت، لە داھاتی نەوت تەنیا ١٨٪‏ موچە دەدرێت..
بەڵام ئایا ھۆکاری تەقاندنەوەی ئەم بۆریە چیە؟ لێدانە لە ئابوری تورکیا؟ فشارە لەسەر حکومەتی ھەرێم؟  ھەڕەشەیە لە پارتی! 
بەڵێ، نەوت نادادی و گەندەڵی زۆری دروستکردوە، بەڵام تەقاندنەوەی بۆری سەر دەکێشێت بۆ ناکۆکیەکی  گەورە کەس تێیدا براوە نابێت! ، پێموایە لە ئاستی نێودەڵەتیش پەکەکە لێی سودمەند نابێت و تورکیا دژی پەکەکە بەکاریدێنێت، پەکەکەش ئەم بۆریەی لەبەر گەندەڵی لە داھاتەکەی نەتەقاندوەتەوە! 
کەواتە چی!! 
ئایا ئەم کردەوە لێدانە لە ئابوری تورکیا!! بەچەند ڕۆژێک تورکیا چاکی دەکاتەوە! پەکەکە ئامانجی ئابوری تورکیا بێت، دەیتوانی لە ئەستەمبوڵ جوڵەی کاریگەر بکات!! 
ئەم کردەوە  بەشێکە لە ناکۆکیانەی ئەم دوایە!! 
ئەم بۆریە بە چەند ڕۆژێک چاکدەبێتەوە، بەڵام ھیوادارم سەر نەکێشێت بۆ شەڕێکی وێرانکەر! 
ترس لە شەڕ 
ترسی من تەنیا تەقاندنەوەی بۆریەکە نیە، ترسە لەشەڕێک کەس تێیدا براوە نابێت!! 
ڕاگەیاندنەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس کە گوایە" پلانی تیرۆریان دانابوو"  و بەیانی پەکەکەو بەیانی وتەبێژی پارتی و پەیامی سەرکردەکانی پەکەکەو دواتر تەقاندنەوەی بۆری نەوت، ئاماژەی مەترسیدارن بۆ شەڕێک کە ھەموومان تێیدا دۆڕاوین، گرفتی گەورەتر بۆ دۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان دروستدەکات!! 
ھیوام وایە ئەوانەی دەتوانن ڕۆڵی خێر بگێڕن، بە ئەرکی خۆیان ھەڵبستن.