mhemed-ali.jpg

سەرۆکی پەرلەمان گلەیی ھەیە

Sep 9, 2020  |   بیروڕا 

محەمەد عەلی

 

یەک: بێزەحمەت ئەگەر پەرلەمانتاران نەوەک لەکاتی خۆیدا، بەڵکو درەنگیش نەیەن یاخود ھەرنەیەن و پەرلەمان دابخرێت، چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت؟
دو: لەھەمو مێژوی پەرلەمانی کوردستاندا، پەرلەمان متمانەی لەوەزیرێکی حکومەت وەرنەگرتوەتەوە. بەڵام لەداھێنانێکی کەم وێنەو بە پێچەوانەی ھەمو عورفێکەوە، سەرۆکی حکومەت لەڕێگای پەرلەمانەوە پاڕێزپەندی لەسۆران عمر وەرگرتەوەو بەناچاری دەستیلەکارکێشایەوە.
سێ: ھەرچەندە حکومەت متمانەی لەپەرلەمان وەرگرتوە، بەڵام لەم خولەدا حکومەت موحاسەبەی پەرلەمان دەکات و ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاریش، بێدەنگن یاخود زۆر سەرسەختانە بەرگری لەحکومەت دەکەن نەوەک بەرژەوەندی و بژێوی ھاوڵاتیان.
چوار: زیاتر لەدوھەفتەیە مامۆستایەک و شاعێرێک لەھەولێر دەستگیرکراون و نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئارتی لەزۆنی ئەولا داخراون ، سەرۆکایەتی پەرلەمان و زۆربەی پەرلەمانتاران نوزەیان لێوەنایە. بەڵام لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا، ھات و ھاواریان دەگەشتە حەوت تەبەقەی ئاسمان و دەیان بەڵێنی قەبەیاندا بەدەنگدەران.
پێنج: پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکەی ناتوانن بپرسن: سەرۆکی ھەرێم بۆچی سەفەری تورکیات کرد؟ ناتوانن بڵێن: سەرۆکی حکومەت بۆچی داھاتی نەوت شەفاف نیەو تائێستە کابینەکەت بەبێ وەزیری سامانە سروشتیەکانە؟ ناتوانن بانگھێشتی سەرۆکی کابینەکەو جێگرەکەی و وەزیری دارایی بکەن لەسەربڕینی موچە.
بەڕاست ئەم پەرلەمانە نەبونی باشترنیە لەبونی؟