DANA.jpg

فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە هەرێمی كورستان

Sep 14, 2020  |   بیروڕا 

دانا دارا حسین

 

 

سەرنجی یاسایی لەسەر پڕۆژە یاسای
فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە هەرێمی كورستان

پڕۆژە یاسای ناوبراو خاوەنداریەتیەكەی حكومەتی هەرێمە و بەهۆی ئەم تەشریعە نوێ‌ یەوە یاسا بەركارەكەی حكومەتی ناوەند لە هەرێم ژمارە 32ی ساڵی 1986ی ڕاگرتوە یاخود دروست تر بڵێن كە هەڵوەشاندۆتەوە.
پڕۆژەكە لە 43 ماددە و هۆیەكانی دەرچون پێك هاتوە و لە 10/8/2020 ئاڕاستەی پەڕلەمان كراوە و پەڕلەمانیش لە دانیشتنی ئاسایدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كردوە .
*سەرنجە گشتیەكان :
1. پڕۆژەكە خاصە و تەقیدی عامی كردوە كە قانونی مەدەنی بەركارە لە هەرێم , و كە سەیری كۆی پڕۆژەكە دەكەیت ئەو ڕاستیە دەبینیتەوە كە ئۆفەری زۆر دراوە بەو كەسەی كە موزایەدەكەی بۆ دەرچوە !
2. پڕۆژەكە دەڵێیت حەرفیەن لە یاسای ژمارە 86ی ساڵی 2013ی عێراقی وەرگیراوە , وە كەس ئەو ڕاستیەش نازانێت كە ئایا ئیشكال چی بوو لە جێبەجێكردنی یاسا كۆنەكە لە هەرێمی كوردستاندا كە وای خواستوە یاسایەكی نوێ‌ ی بۆ دەربكرێت ؟
3. پڕۆژەكە ڕێگەیداوە بە كەسی (مەعنەوی یان سروشتی) كە موزایەدەی كڕینی مایەی دەوڵەتی بۆ دەردەچێت كە دەتوانێت دوای ڕادەست كردنی 50%ی بەهای كڕینەكە , بۆ نیوەی بەهاكەی تری ماددە كڕدراوەكە , بەهاكە بكاتە (قیست) و ئەگەر هۆیەكی وەك (قوة قاهرة) پەیدابوو ئەوا (تەئخیریشی) بكات و ئەوەی كەماوە بە (جەدوەلێك) كە خۆی پێی ڕازیە پارەكە بە حكومەت بدات , ئەمەش بەڕاستی كارەساتە !
4. پرسیاری گەورە ئەوەیە كە نابێت بۆشایی یاسایی هەبێت بۆ ئەم بوارە و ڕێكخستنی هەموو ڕێكارەكانی , بەڵام ئایا موڵك و ماڵی نەگواستراوە جگە لە زەوی كشتوكاڵی و ئەوەی پێی دەوترێت (بەردەڵان) ماوە تا بفرۆشرێت بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە !
5. پڕۆژە یاسای ناوبراو وەها داڕشتنی یاسایی بۆ كراوە كە پارێزگاری لە ماڵ و موڵكی گشتی بكات , بەڵام بەهۆی چەند هەڵاواردنێك (استثناء ) كە بۆ سەرۆك وەزیران كراوە لە ماددە 39 و هەروەها هەڵاواردنی تەواوی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە شمول كردنیان بە حوكمەكانی ئەم یاسایە كەلە ماددە 40ی پڕۆژەكەدا هاتوە , ئەو گومانەی بە ڕونی دروست كردوە كە ئامانجی پارێزگاری لەماڵی گشتی بەم پڕۆژەیە ناكرێت !!
6. پرسیاری جدی لەسەر چارەنوسی پڕۆژەكە ئەوەیە , ئایا كە بوە یاسا و دوای 30 ڕۆژ جێبەجێكرا , ئەو موڵك و ماڵانەی كە بە یاسا كۆنەكە لە قۆناغی فرۆشتنن بە زیادكردنی ئاشكرا , یاخود بەكرێ‌ دراون بە یاسا كۆنەكە , یان قیستی فرۆشتنیان لەسەرە, ئایا چۆن بارودۆخیان ڕێك دەخرێتەوە ؟
*سەرنج لەسەر پڕۆژەكە :
1. ناونیشانی یاساكە دەستەواژەی (اموال الدولە)ی بەكارهێناوە بەبێ‌ پێناسەی چەمكی (مال العام) كە یاسای شارستانی ژمارە 40ی ساڵی 1951ی هەمواركراو وەها پێناسەی كردوە لە ماددەی 65 كە (المال هو كل حق لة قیمة مادیة ) وەلە بڕگەی 1ی ماددەی 61 لە هەمان یاسا هاتوە :(كل شی‌ء لایخرج عن التعامل بطبیعتة او بحكم القانون یصح ان یكون محلا للحقوق المالیة ) .
2. هەروەها بەكارهێنانی مایەكانی دەوڵەت ئیشكال دروست ناكات , لەكاتێكدا تۆ نوسیوتە لە هەرێمی كوردستان ؟
لەگەڵ ئەوەی كە هەموو موڵكی گشتی بە ماڵی دەوڵەت دادەنرێت لە سیستەمی فیدڕاڵیش دا , بەڵام دۆزینەوەی دەستەواژەیەكی دروست تر باشترە بۆی .
3. پڕۆژەكە لە ماددەی یەكەم دا كۆمەڵێك دەستەواژەی پێناسە نەكردوە نمونەیان وەك (مال العام ) و (مساطحە)و (القطاع العام) .
4. ماددە 2 لە پڕۆژەكە, لیژنەی تایبەتمەند كە وەزیر پێكی دەهێنێت تەنها بۆ مایەی گواستراوە بێت , وە بۆ ماڵی نەگواستراوە بدرێت بە ئەنجومەنی وەزیران .
5. بڕگەی سێیەم لە ماددەی 11 , ئەو ئیمتیازە مادییەی كە بۆ ئەندامانی لیژنەی خەمڵاندن و لیژنەكانی فرۆشتن و بەكرێ‌ دان دانراوە , ئەگەری زۆرە كە گەندەڵی تێبكەوێت , ووەها باشترە هیچ ئیمتیازێكی ماددی تیانەبێت چونكە ئەوان خۆیان موچە خۆرن و سەرچاوەی داهاتی فەرمیان هەیە , بەڵكو بكریە ئیمتیازێكی مەعنەوی , ئەوەش بزانن بابەتەكە فرۆشتنی مایەی گشتیە .
6. بڕگەی حەوتەم لە ماددەی 11 سەبارەت بە موڵكەكانی ئەوقاف وردكردنەوە و فەتوای شەرعی لیژنەكانی فەتوای دەوێت و نابێت وا بە ئاسانی بەسەریدا تێبپەڕین .
7. ماددەی 12 لە پڕۆژەكە سەرجەمیان ئیجرائاتە , وە پێویستە بە ڕونی بنوسرێت كە ( سەرلەنوێ‌ خەمڵاندنی ساڵانە دەكرێتەوە تەنها بۆ ئەو مایانەی كە بەكرێ‌ دراون جونكە بەهای پارە و نرخی كرێ‌ گۆڕانكاری زۆری بەسەردا دێت ) .
8. لە ماددەی 16ی پڕۆژەكە , ئایا حكومەت دەیەوێت بەم یاسایە بابەتی (موساتەحە) هەموار بكاتەوە ؟ لەكاتێك دا وەك زانراوە كە پرسی زەویە موساتەحەكان كێشە و گرفتی زۆرە .
9. بڕگەی چوارەم لە ماددەی 16 دەستەواژەی (فوائد تاخیریة) بكرێت بە ( غرامات تاخیریة ) .
10. لە ماددە 17ی پڕۆژەكە بە تەواوەتی بە قیست كردنی پارەی ماوە دوای موزایەدە لە كۆی بەهای مایەكە لا بدرێت .
چونكە ئەوەی چۆتە وەها موزایەدەیەكەوە دیارە كە خاوەن سەرمایەیە و دەتوانێت كە كۆی بەهای مایەكە بدات چونكە پێش وەخت تەئمیناتی داناوە و هەموو نرخ و ڕێكارەكان دەزانێت .
هەروەها مایەی دەوڵەتی بۆیە دەفرۆشرێت كە داهات بۆ حكومەت زیاد بكات , بەڵام ئەگەر بە قیست بكرێت ئەوا ئەم ئامانجە وەدی نایەت .
11. ماددەی 18 بكرێتە دوو ماددەی سەربەخۆ , چونكە مافی بە قیست كردن لە جاری یەكەم دا دەدات , وە لە جاری دووەم بەهۆی (عذر)ەوە مۆڵەتی دووەم بە كڕیار دەدات .
12. ماددەی 20 لە پڕۆژەكە وەهای داناوە كە بە قیست كردن مایەی بەكرێ‌ دراویش دەگرێتەوە , ئەی كەواتە چۆن ڕێگری لە بەهەدەردان دەگیرێت ؟
13. خاڵی (د) لە ماددەی 25 وشەی (شواطئء ) لابدرێت و جوگرافیای هەرێم نادیدە نەگیرێت .
14. ماددەی 26 دەستەواژەی (المعاملة بالمثل ) بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە داڕشتنی بۆ بكرێتەوە .
15. ماددەی 36 هەردوو چەمكی ( دوائر الدولة)و( القطاع العام) چارەسەر و یەك بخرێت .
16. ماددەی 39 مەترسیە ئەم دەسەڵاتە فراوانە بەخودی سەرۆك وەزیران بدرێت , بەڵكو بكرێت بە ئەنجومەنی وەزیران .
17. هەروەها ماددەی 40 كۆی بەهای یاساكە و پاراستنی ماڵی گشتی بەتاڵ دەكاتەوە .
18. بڕگەكانی یەكەم و دووەم لە ماددەی 41ی پڕۆژەكە دەستەواژەی (ڕاگرتن)ی بۆ یاسای پێشوو و بڕیارەكانی ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە بەكارهێناوە , پێویستە بكرێتە ( هەڵوەشاندنەوە ) .
19. پڕۆژەكە هیچ دەقێكی نەهێناوە كە نابێت كڕینی مایەی دەوڵەت لەلایەن عێراقیەوە كار لە دیمۆغرافیای ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان بكات !