kazm-faruq.jpg

ھەر سەبارەت بەو بڕیارە سەقەتەی حکومەت بۆ خوێندنی ئۆنلاین:

Sep 6, 2020  |   بیروڕا 

د.كازم فاروق

 

ئێمە دژی ئەو بڕیارەین و پێویستە ھەڵبوەشێنرێتەوە چونکە لەگەڵ دۆخی خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان ناگونجێت.
خوێندکار ھەیە بەپێ ئەچێت بۆ مەکتەب و دێتەوە ماڵەوە و لە بازار عەلاگە ئەفرۆشێت و پێڵاو بۆیاخ دەکات بۆئەوەی نانەسکی پەیدا بکات، ئەم خوێندکارە لەکوێ پارەی ئایپاد و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و تەلەفزیۆنی مواسەفات بھێنێت؟ کەناڵی پەروەردەش پێویستی بە جیھازی ناوخۆیی و کارتی ساڵانە ھەیە خەڵکی ھەژار پارەی ئەمانەی لەکوێ بوو؟
تەلەبەی ناو داخلیەکان کوڕ و کچ ھەبووە جلی رەفیقەکانی شۆردووە بە پارە بۆئەوەی کرێی ھاتووچۆ و ئیستینساخی محازەرەکانی پەیدابکات، ئیتر بەچی مەسروفاتی خوێندنی ئۆنلاینی پێدەکرێت؟
لە ئێستادا چەندین خێزان باسی ئەوە دەکەن کە منداڵەکانیان لە خوێندن دەردەھێنن لەبەرئەوەی پارەی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و پێداویستی خوێندنی ئۆنلاینیان نیە، خێزان ھەیە ٥ تا ٧ تەلەبەی ھەیە بەچی ئامێری ئایپاد و کۆمپیوتەر بۆ ھەموویان بکڕێت ھەی حکومەتی فەیلەسوف؟
لەلایەکی ترەوە دڵنیام لەوەی رێژەیەکی زۆر لە تەلەبە وەکو خۆی لە خوێندنی ئۆنلاین ئیستیفادە ناکات و رەنگە ھەر وانەکانی بفەوتێت و بەوەش خوێندن ئەوەندەی تر وێران دەبێت.
ئەم حکومەتە عالم و عەنتەرە ئاگای لە کارەباکەی خۆی نیە؟ باشە ئەگەر لە نیوەی دەرسدا کارەبای ماڵی چەند تەلەبەیەک بڕا، ئەوسا چی؟ پاشان لەم وڵاتە زستانان سەرە محاویلە ھەیە، رۆژانی سەرە محاویلە چی دەکەن؟ دەیکەن بە ئۆف یان ھەر غیاب وەردەگرن؟ ئاخر کارەباکەتان زۆر جوانە خوێندنەکەش ئەوەندەی تر کاول و وێران مەکەن.
دوای ئەوە زۆر سەیرە، باشە بۆ ئێستا یەک دنیا خول و دەورەی زمانی ئینگلیزی و شت ھەیە ئاساییە و کۆرۆنا نیە؟ بەلام مانگێکی تر کە دەوامی مەکتەب و زانکۆ دەستی پێکرد ئیتر کۆرۆنا ھەیە و خەتەرە؟
تەبعەن حکومەت باش ئەزانێت بینای پێویست نیە بۆ مەکتەبەکان و لەرابردوودا بینای پێویستیان دروستنەکردووە، مەکتەب ھەیە ٣ دەوامی تیادەکرێت، ھەر دەوامێک ١٣٠٠ تەلەبەی تیایە کە ٣ کەس لەسەر یەک رەحلە دائەنیشن.
ئەمە جگە لەوەی مووچە و مافی مامۆستا نادەن و خۆیان باش باش دەزانن چەند سەقەت و نوقوستانن و کەم و کوڕیان ھەیە.
بە کورتی ئێمە پشتگیری دوو شت دەکەین:
یەکەم) خوێندنی ئۆنلاین لەم وڵاتە و بەم دۆخە خراپەی خەلک فەشەل دەھێنێت و پێویستە ئەو بریارە نازانستیە ھەڵبوەشێنرێتەوە و خوێندکاران بچنەوە ناو کەمپەس و بینای مەکتەبەکان.
دووەم) پشتگیری سەرجەم مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەین و پێویستە سەرجەم مامۆستا گرێبەستەکان بکرێن بە ھەمیشەیی و وانەبێژەکان بخرێنە شوێنی گرێبەستەکان و میلاکی پێویست بۆ سەرجەم خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکرێن