کاروان گەزنەیی
وەزارەتە بێ وەزیرەکە و ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز
لە مێژووی حکومڕانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ وەزارەتێک بەقەد وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ماڵوێرانکەر نەبووە، و زیانی بۆ گەلی کورد نەبووە. سەربای ناشەفافیەت لە هەموو سێکتەرەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تا ئێستا
وەزیرێک نەتواندراوە یەکلا بکرێتەوە بۆ ئەم پۆستە. تا ئێستا دەیان پرسیارمان ئاڕاستەی ئەم وەزارەتە کردووە، و پرسیارەکان وەڵام نادەنەوە. لە بەشێکی تری ئاماژەیان بەوەکردوە کە پرسیارەکان ئاڕاستەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز بکرێت، کە ئەم ئەنجومەنە بە درێژای تەمەنی کابینەی (٩) تا ئێستاش کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە؛ لە کاتێکدا سیاسەتی نەوتی هەرێم لە لایەن ئەم ئەنجومەنەوە بڕیاری لێدەدرێت.
هەموو ڕێکارە پەرلەمانییەکانمان لەم بارەیەوە گرتووەتەبەر لە پرسیار، لە یاداشت، لە بەدواداچوون و گەیاندنی بە ڕای گشتی و ئاگادارکردنەوەی ئۆرگانە تایبەتمەندەکان هەم لە سەر داهاتی نەوت هەمیش لەسەر سیاسەت و گرێبەستەکانی و تەواوی گەندەڵییەکانی، بەلام کەس ئامادە نییە وەڵام بداتەوە! ئێستا ئیتر کاتییەتی قسەی جیددی بکرێت لە لایەن هەموو لایەن سیاسییەکان بەتایبەت، لایەن بەشدارەکانی حکومەت- هەم بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەوت و گازی هەرێم، و هەمیش یەکلاکردنەوەی وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە دەستبکرێت بە شەفافکردنی پڕۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە گەورەترین نەفرەت بۆ خەڵک و نیشتیمانەکەی!
لە خوارەوە تەنها یەک نمونە لە کۆی دەیان نمونە بڵاو دەکەمەوە کە پرسیارەکە لە ٢٦-٢ ئاڕاستەکراوە و لە لە ٢-٩ وەڵام دراوەتەوە، واتا نزیکەی ٧ مانگ لە دوای ئاڕاستەکردنی؛ زۆرینەی پرسیارەکان بۆ ئەم وەزارەتە وزۆرێک لە وەزارەتەکانی دیکە هەمان ماوەی پێدەچێت و وەڵامەکانیش تەنها بۆ وەڵامدانەوەن نەک ڕوونکردنەوە جگەلە وەڵامی چەند وەزارەتێک کە دواتر هەموویان بڵاو دەکەینەوە.
ئەمە وەڵامەکەیە دوای ٧ مانگ!! و ئاڕاستەکردنی بۆ ئەنجومەنێک ساڵێکە کۆنەبووەتەوە!!