karwan.jpg

حکومەتە پارە گۆڕەوەکەی کابینەی (٩)، بەتەواوی ئیفلاسی کردووە

Sep 20, 2020  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی

 


مووچە، کە ئەساسی ترین و سەرەتایی ترین مافی هاووڵاتییانە، دەبێت دابەشبکرێت، کە نەکرێت هەموو لایەنەکان لێی بەرپرسیارن و دەبێت هەڵوێستی جیددی وەربگرن؛ بەڵام حکومەتە پارە گۆڕەوەکەی کابینەی (٩) ئەوەی بیری نەبێت دابەشکردنی مووچەیە. 
ئەم حکومەتە لە ڕێگەی دەڵاڵەکانییەوە هەر ڕۆژەو ئەم وڵاتە ڕادەستی قەیران و قەدەرێکی دیکە دەکات. مۆدێل و ناباوی سەیر دێنێتە بوون، تەنها بۆ بە لاڕێدابردنی پرسە ئەساسییەکان؛ ئەگەر حکومەت بە ڕاستەقینەیی دەوری خۆی ببینێت، ڕێگە دەدات دام و دەزگاکانی دەوڵەت توانای لێپرسینەوەیان هەبێت لەسەر هەر تاوانێک کە دەکرێت و خۆشی سەرقاڵی دابینکردنی ژیانێکی باشتر دەبێت بۆ هاووڵاتییان. 
لێرە، حکومەت دەوری سەڕاف دەبینێت، پارە لە بەغدا دێت و بە مەبەلەغێکی زۆر لە بانکی بەرپرسە باڵاکان بە خێری ملیۆنان دۆلار دەیگۆڕنەوە و قازانج دەکەن، و بەشێکی کەمیشی دابەش دەکەن. لە خاڵە سنوورییەکان قاچاخچیەتییەکی بە سیستم کراو دەڕواتە ڕێوە و بارهەڵگر هەیە لە ڕۆژێک زیاتر (٥) جار (١٥) هەزاری لێدەسەنن وەکو سەرانە، بازگەی شێراوە بە نمونە؛ ڕۆژ هەیە هەر باڵهگرێک زیاتر لە (١٠٠) هەزار دیناری وەکو سەرانە لێ دەسەندرێت. سەدان کۆمپانیای وەهمی خەریکی خۆ دەوڵەمەند کردن و بازرگانیکردنە بە ژیانی خەڵکەوە. دەروازی سنووری هەیە بە تەواوی لە لایەن گروپێکەوە کۆنتڕۆڵکراوە و کەس ناتوانێت لێپرسینەوەشیان لەگەڵ بکات! داهاتەکانی بەشێک لە خاڵە گومرگییەکان تەنها بریکاری وەزیر یان بەڕێوەبەرێکی گشتی لێی ئاگادارن و نایەنەوە خەزێنەی دەوڵەت.
 پارەی نەوت ساڵانە نزیکەی (١) ملیاری دەدرێت بە تورکیا و باقیەکەی تری بەشێکی زۆری بۆ کۆمپانیای کاری نزیک لە سەرۆکی حکومەت دەڕوات، و بەشەکەی دیکەشی بە ٧.٥ دۆلار کەمتر لە بازاڕی هەموو دنیا هەرزان فرۆشت دەکەن و پارەی خەڵک بە ڕەژەی %٣٠ یش نامێنێتەوە، و دەڵێن پارە نیە!
لەگەڵ بەغدا کێشەکان بە شەخسەنە دەکرێن و عینادییە سیاسییەکانییان تێکەڵ بە کێشە دەستوورییەکان دەکەن، و لەوسەرەوە دەبێت هاووڵاتییان باجەکەی بدەن. مەتاڕ هەیە بووەتە سەنتەری ئاڵوگۆڕی مادە هۆشبەرەکان و بازرگانی چەک و کارەساتی گەورە، و سەرۆکی حکومەت سامتە لە بەرامبەری، کە دواتر بەڵگە گەورەکان بڵاو دەکەینەوە. 
ئەم حکومەتە، کە ناتوانێت مووچە بدات و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەستەبەر بکات، دەبێت لێرەوە خۆی دەستلەکار بکێشێتەوە و یاری بە چارەنووسی خەڵکی نەکات. دڵنیام ئێستا سەرۆکی حکومەت و تیمەکەشی تێگەیشتوون لە ئیفلاسی حکومەتەکەیان کە لە هەموو لایەنێکەوە داڕوخاوە و تەنها ماوە دانی پێدابنێن.
تێبینی: هەموو ئەو مەلەفانەمان دەیان جار داون بە حکومەت و پەرلەمان، بەڵام نابیست و نابینن لە ئاست ئەو هەموو کاولکارییە.