rybwar-mhemedsalh.jpg

ھەڵسەنگاندێک بۆ پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە ھەرێم

Aug 21, 2020  |   بیروڕا 

رێبوار محەمەد ساڵح

 

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا میدیایی ئەلیکترۆنی و بەکارھێنانی تۆڕەکۆمەڵاتیەکان پانتاییەکی فراوانی لە ژیانی رۆژانەی ھەرتاکێکی جیھاندا داگیرکردووە و ئەمەش بەھۆی ئاسانی دەستگەیشتن بە ھەواڵی ویستراو و گەیاندنی راوبۆچوونە کەسییەکان بە ئەوانی تر، لەم گەشەسەندنە ئەلیکترۆنیەدا کۆمەڵگای کوردیش پشکی گەورەی بەرکەوتووە و تەنانەت زۆربەی خەڵک بەتایبەت گەنجان زۆرینەی کاتەکانیان بە بەکارھێنانی تۆڕەکۆمەڵاتیەکانەوە بەسەردەبەن، ئەمەش ھۆکاربووە بۆ گرنگیدانی زیاتری رۆژنامەنووسان و پسپۆڕان بۆ خستنەڕووی دید و بۆچوونەکانیان لەڕێگەی میدیای ئەلیکترۆنی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە.

یاسادانەری ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی ئەو بوارانەی سەرەوە ھەستا بە خستنەڕووی پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی و ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی ناوبراو، ئەمەش واتە ئەم پێشنیازە بە فلتەری لیژنە پەیوەندیدارەکان و راوێژکارانی پەرلەمان و دواتر ئەندامانی پەرلەمان دا تێپەڕییوە، سەرەڕای ئەوەش ئەم پێشنیازە کۆمەڵێک ھەڵەی یاسایی گەورەی تێدایە بەشێوەیەک ھەندێکی دەکرێ بە کوفری یاسایی ئەژمار بکرێ، بۆیە بە باشمان زانی لە روانگەی پسپۆڕییمانەوە بەکورتی چەند سەرنجێکی یاسایی لەسەر تۆماربکەین:

یەکەم/ کارکردن لەسەر ئەم بوارە بابەتی ھەنووکەیی دۆخی ئێستای ھەرێم نەبوو، لەبەر دوو ھۆکار یەکەمیان ئەوەیە کە ئەو بوارانەی لەم پێشنیازەدا باسکراوە لە چەند یاسایەکی جیاوازدا رێکخراوە وەک یاسای رۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٦ ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھەربۆیە دەتوانرێ بە ھەمواری ئەو یاسانە و بەتایبەت بە ھەمواری یاسای رۆژنامەگەری و جێکردنەوەی میدیای ئەلیکترۆنی تیایدا چارەسەر بکرێ چونکە ھەر لە خودی ئەم پێشنیازەدا بەشێک لە ئەحکامەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ یاسای رۆژنامەگەری، ھۆکاری دووەم ئەوەیە کە ھاوڵاتیانی ھەرێم ئەو قەیرانانەی بەرۆکی ھاوڵاتیانی گرتووە رۆژ لەدوای رۆژ دۆخیان سەختر دەکات تەنانەت ھەڕەشەیەکی جدییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و نەمانی سۆز و ئینتیما بۆ خاک و نەتەوە، ئەمانە پێویستیە ھەنووکەییەکانی کاری پەرلەمانین و ئەرکی دەسەڵاتی یاسادانانە ھۆکارەکانی ئەم دۆخە و رێگاچارەکان بە یاسا رێکبخات.

دووەم/ گریمان رێکخستنی ئەم بابەتە پێویستی بە یاسایەکی نوێ ھەیە، لێرەدا دەبێت ئەندامانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەکردن و رێکخستنی یاساکەدا کەمێک خۆیان ماندووبکەن و ئەرک بکێشن لە دراسەکردنی واقیعی کۆمەڵگا و رەھەندە جیاوازەکانی یاساکەدا، بەڵام یاسادانەری ھەرێم لەم پێشنیازەدا ھەستاوە بە وەرگێڕانی بەشێک لەماددەکانی یاسای رێکخستنی میدیایی ئەلیکترۆنی کوەیتی ژمارە ( ٨ )ی ساڵی  ( ٢٠١٦)، ئەمەش لە پڕۆسەی یاساداناندا ھەڵەیە چونکە سیستەمی یاسایی و بنەماگشتیەکانی یاسا لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازی ھەیە، و ئەم راستیەش لە بەراوردکردنی ئەم پێشنیازەدا بە یاسای ناوبراوی کوەیتی بەروونی دەردەکەوێ.

سێیەم/ وەک وتمان ئەم پێشنیازە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، ئەمەش واتە پێویستە دراسە و خوێندنەوەی بۆ کرابێ لەلایەن راوێژکارانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە، سەرەڕای ئەمەش ھەڵەیەکی گەورەی یاسایی بەسەریاندا تێپەڕییوە کە بریتی یە لە دیاریکردنی تەمەنی یاسایی و شیاوێتی یاسایی ( الاھلیە القانونیە )، وەک دەزانین بابەتی شیاوێتی یاسایی بە شێوەیەکی گشتی لە یاسایی شارستانی عێراقی ژمارە ٤٠ ی ساڵی ١٩٥١ دا رێکخراوە و تائیستاش لە عێراق و ھەرێمدا بۆ زۆربەی بوارەکان کارپێکراوە، کە بریتیە لە تەواوکردنی ١٨ ساڵی ھەروەک لە مادەی ( ١٠٦ ) دا ئەڵێ ( سن الرشد ھی پمانی عشرە سنە کاملە)، یاسادانەری ھەرێم لەم پێشنیازەدا بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسایی شارستانی تەمەنی شیاوێتی یاساییان بەرزکردۆتەوە لە ١٨ ساڵەوە بۆ ٢١ ساڵ بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسایی شارستانی عێراقی ھەروەک لە ماددەی ( ٦ و ٧ ) پێشنیازەکەدا ھاتووە، ئەمەش یەکێکە لەو ھەڵە یاساییە گەورانەی کە نەدەبوو یاسادانەر ئەنجامی بدات، بەڵام ھۆکاری ئەم ھەڵەیەش روونە کە دەگەڕێتەوە بۆ ھێنان و وەرگێڕانی یاسایی میدیایی ئەلیکترۆنی کوەیتی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، یاسادانەری کوەیتی لە ماددەی ( ٨ و ٩ )ی یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی ژمارە ( ٨ )ی ساڵی ( ٢٠١٦) دا تەمەنی شیاوێتی یاسایی بە ٢١ ساڵ دیاری کردووە، ئەم تەمەنەش بۆ وڵاتی کوەیت راست و دروستە چونکە پەرلەمانی کوەیتی لە دیاریکردنی ئەم تەمەنەدا گەڕاوەتەوە بۆ یاسایی شارستانی کوەیتی وە لەم یاسایەشدا تەمەنی یاسایی لەو وڵاتەدا ٢١ ساڵە بەپێی ماددەی( ٩٦ )ی یاسای شارستانی کوەیتی، لەمەوە زیاتر بۆمان دەردەکەوێ کە پەرلەمانتارانی کوردستان و لیژنە پەیوەندیدارەکان لەو پێشنیازەدا حوکمێکی یاسایی وڵاتێکی تریان  ھێناوە بۆ ھەرێم بەبێ ئاگاداربوون و گەڕانەوە بۆ ئەو یاسایانەی لە عێراق و ھەرێمدا بەرکارن، ئەمەش لەیاسادا بە ھەڵەیەکی یاسایی گەورە دەناسرێ کە تێپەڕییوە بەسەر ئەندامانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان و تیمی راوێژکاری پەرلەماندا.

چوارەم/ ئەو بابەتەی کە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە لەم پێشنیازەدا بریتییە لە ماددەی (١٢)ی ئەم پێشنیازە کە تیایدا یاسادانەر پەیوەندیی دروست کردووە لە نێوان کاری میدیای ئەلیکترۆنی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ئێمە پێمان وایە ئەم ماددەیە ھیچ پێویست نەبوو لێرەدا دابنرێ چونکە ئەم بابەتە لە مادەی (٤)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٦ی ھەرێمدا رێکخراوە و ھیچ بۆشاییەکی یاساییمان نییە و پێویست ناکات کاری رۆژنامەوانی و تیرۆرستی پێکەوە ببەسترێتەوە، و ئەم ھەڵەیەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵەکردنیان لە گواستنەوەی یاسا کوەیتیەکەدا کە باس کرا.

پێنجەم/ یەکێکی تر لە کەم و کوڕییەکانی ئەم پێشنیازە بریتیە لە تێکەڵکردنی میدیایی ئەلیکترۆنی و لاپەڕەی ئەلیکترۆنی کەسیی کە لە ماددەی ٤ دا ھاتووە، واتە یاسادانەر جیاوازی نەکردووە لە نێوان کەسێکی ئاسایی کە لە فیسبووک یان تویتەر یان ھەر تۆڕێکی تری تایبەتی و کەسی وتەیەک یان وێنەیەک بڵاودەکاتەوە لەگەڵ کەسێکدا کە بەپێی پسپۆڕی یان پیشەی رۆژنامەگەریی لە پاراستنی مافی گشتیدا رۆڵی ھەیە، ئەمەش ھەڵەیەکی روونە و کۆت و بەندێکی ناپێویستە لەسەر ئازادی کەسییەکان و ھەرلێرەوە پێشنیار دەکەین لە حاڵەتی کارکردن بەم پێشنیازە گۆڕانکاری بکرێت لەماددەی ٤ دا بە ھەڵاوێردنی ( استپناء ) ی لاپەڕە کەسیی و تۆڕەکۆمەڵایەتیە تایبەتیەکاندا، جێگەی ئاماژەپێدانە لێرەدا کە لە یاسایی میدیایی ئەلیکترۆنی کوەیتیدا لاپەڕە ئەلیکترۆنیە کەسی و تایبەتیەکان ھەڵاوێرد ( استپناء) کراوە لەو یاسایەدا، وەک چەندجارێک ووتمان یاسادانەری ھەرێم زۆرینەی ئەم پێشنیازەی لەو یاساوە وەرگێڕاوە بەڵام لێرەدا ئەو بڕگەیەی لاداوە و کە دەتوانین بڵێین ئەو حوکمە یەکێکە لە خاڵە بەھێزەکانی یاسایی میدیایی کوەیتی.

شەشەم/ لەدوای تێپەڕینی ئەو ھەڵە یاساییانەی باسمان کرد و چەندینی تریش، ھەندێک لە پەرلەمانتاران باسیان لە کشانەوەی واژووەکان و پەشیمان بوونەوەیان لە پشتگیری ئەو پێشنیازەدا راگەیاند، ئەمە ھیچ ھێزێک و پاڵپشتیەکی یاسایی نییە تەنانەت دەتوانین بە عەیبی کاری پەرلەمانی ناوزەندی بکەین لەبەر چەند ھۆکارێک، یەکەم چونکە پەرلەمانتار نوێنەری یاسایی خەڵکە، ئەوان ھەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لەبری خەڵک ئەرکی یاسادانان و چاودێری ئەنجام بدەن، وە ئەم ئەرکەش وادەخوازێ ئەوان کەسانێکی شارەزا و بەدیقەت بن لە پاراستنی مافی گشتی لە پڕۆژە یاساکاندا نەک چاوەڕێی راو و ھەڵوێستی شەقام بکەن بۆ ھەڵوێست نواندن، ئەمە پێمان دەڵێ ئاڕاستەی شەقام لە ئاڕاستەی نوێنەرانی ھەڵبژێردراو ھۆشیارتر و بە دیقەت ترن کە خۆی دەبوایە پێچەوانەکەی راست بوایە، ھۆکاری دووەم بۆ نەبوونی بەھای یاسایی کشانەوەی واژوو ئەوەیە کە ئەم پێشنیازە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە و تەنھا خوێندنەوەی دووەم و چەند رێکارێکی تری ماوە بۆ دەرچواندنی وەک یاسا، خۆ گەر دەنگی دلێر و ئازا و وشیاری خەڵک نەبایە ئەم بابەتە بەو ھەڵە و کەموکورتیانەوە دەردەچوێنرا، کەوابوو ئەوان لەبری کشانەوەی واژوو دەتوانن لە خوێندنەوەی دووەمدا ئەو ھەڵانە راست بکەنەوە کە تێی کەوتوون.

لە کۆتایی دا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە کە پێویستە نوێنەری ھەڵبژێردرا بە راستی یاسادانەر بێت و نەک وەرگێڕی یاسای وڵاتانی تر و شارەزابێت لە بنەماگشتیەکانی یاسا و ئازادییە گشتیەکان و خوێندنەوەی ھەبێ بۆ سەرجەم یاسا بەرکارەکانی تر لە عێراق وھەرێمدا بۆ ئەوەی چیدی ھەڵەی لەو جۆرانەی کە باس کران بەسەریاندا تێنەپەڕێ.