ferman-sdiq.jpg

بۆ پەرلەمانتارە پەشیمان بووەکان

Aug 16, 2020  |   بیروڕا 

فەرمان سدیق

 

بۆ پەرلەمانتارە پەشیمان بووەکان
بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بە دیاریکراوی

عەیبەیەکی زۆر گەورەیە واژوو لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیەک بکەی نەزانی ناوەرۆکەکەی چیە!

وەک دەزانن ئەوانەی دەبن بە نوێنەری خەڵک لە هەر حیزبێک بێت، ئەوا کەسانی نوخبەی هەڵبژێردراوی ئەو حزبەن، ئەو قسەیە بەتایبەت بۆ حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ڕاستە، چونکە ڕەنگە پێوەری ئەو دوو حزبە لەسەر بنەمای عەشیرەت و بنەماڵە و رازی کردنی کادیرانیان بێت.

#بزوتنەوەی_گۆڕان هەر لەسەرەتای دروستبوونی، دروشمەکانی هیوایەکی بە خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان دا، بەوەی لایەنی کەم ببێتە هێزی گوشار بەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و سڵ کردنەوە لە تەخشان و پەخشانی سامانی گشتی، فراوانکردنی پانتایی ئازادییەکان لە رێگەی دەرچواندنی دەستوور و یاساکانەوە، تا چیتر دەسەڵات بە پاساوی جیاواز هەڕەمەکی خەڵک نەخاتە زیندان و عەنتەرانە حوکم نەکات.

دیارە ئەو گۆڕانەی ئێستا هەیە، خراپ خزاوە و زۆر جیاوازە لەوەی سەرەتا، خەریکە دەبێتە بەشێک لەو ماکینە زەبەلاحەی پارتی و یەکێتی کە ٢٨ ساڵە حوکمی ئەو پنتە خاکەی پێ دەکەن.

وەک دەزانن دەبێ پەرلەمانتار تێڕوانینی هەبێ بۆ پرسەکان، پڕۆژە یاسا بخوێنێتەوە، بۆچوونی لەناو لیژنەکان و خودی فراکسیۆنیش هەبێت، دیدگای لەسەر رووداوەکانی ناو پەرلەمان هەبێ، ئەوەی ناتوانێ بەهۆی کەمی ژمارەی دەنگەوە لەڕووی ژمارەوە رێگری بکات، ئەوا لە میدیاکان بیورژێنێت و رای گشتی بۆ دروست بکات.

جگە لەوە فراکسیۆنەکان، راوێژکاریان هەیە، بەتایبەتیش بزوتنەوەی گۆڕان ژووری حکومەت و پەرلەمانی هەیە، کەواتە چۆن واژوو کرا؟

بەرانبەر بە پارە و ئیمتیاز بوو یان نەخوێندەواری پەرلەمانتارەکان و بزوتنەوەکە بوو؟

خۆ ئەگەر کەمپینی ( #نا_بۆ_پڕۆژە_یاسای_میدیای_ئەلیکترۆنی) رێک نەخرابووایە، بزوتنەوەی گۆڕان لە واژووەکانی پەشیمان دەبووەوە؟

کورد دەڵێ؛ فیشەک کە دەرچوو ناگەڕێتەوە، ئیتر #پارتی و #یەکێتی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە ئیشیان بە #گۆڕان نەماوە کە لە بنەڕەتدا ئیشیان پێی نەبوو، چونکە پێشکەشکردنی پڕۆژە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پێویستی تەنیا بە واژووی ١٠ پەرلەمانتار هەیە، ئەوەی لێرەدا ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان و فراکسیۆنەکەی گۆڵێکی گەورەیان لە لایەن پارتی و یەکێتی لێکرا.

وەک خۆم، لەگەڵ رێکخستنەوەی تەواوی میدیا و سۆشیال میدیا لە کوردستان هەم، بەڵام لەم قۆناغەدا پارسەنگی دۆخەکە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دایە، بۆیە کراسەکەش پڕ بە باڵای خۆیان دەیدورن نەک فراوانکردنی پانتایی ئازادییەکان و ڕا دەربڕین، چونکە دەسەڵاتی جوت حزب و بنەماڵە لە ٢٨ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویانە باوەڕیان بە؛
#ئازادی، #دیموکراسی، #مافەکانی_مرۆڤ، #سەروەری_یاسا و زۆر شتی تریش نیە، تەنیا باوەڕیان بەو کارانە هەیە کە کردوویانن نەک باق و بریقی گوتارەکانیان.