zwbyr-resul.jpg

ئاگاداربن! دابەزینی متمانە بە پەرلەمان مەترسیدارە

Aug 3, 2020  |   بیروڕا 

زوبێر رەسوڵ

 

كورد ئەگەرچی مێژوویەکی درێژی هەیە لە خەبات و بەرهەڵستکاری و دژایەتی دەوڵەتانی ناوچەکە، بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەزموونێکی کورتی هەیە لەگەڵ پرۆسەی حوکمڕانی و دەوڵەتداری. هەرچی تایبەت بێت بە سەروکار لەگەڵ پەرلەمان و دەزگاکانی نوێنەرایەتی، ئەوا ئەزموونەکە کورتتریشە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992، کە دواجار لە هەڵبژاردنێکی مێژووییدا ئەو پەرلەمانەی ئێستای کوردستانی لێکەوتەوە. بۆیە زۆر سەخت بوو بۆ هێزە کوردییەکان (بە تایبەت دوو ‌هێزە سەرەکییەکە) دان بە بنەماکانی حوکمی زۆرینەو کەمینە، واتە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بنێن. تاوەکو دواجار رێککەوتن لەسەر فۆڕمێکی حوکمڕانی هاوبەش یاخود ئەوەی پێیدەگوترێت پەنجا بە پەنجا. 
 
لێکەوتەی ئەو چەند ساڵەی بێ ئەزموونی و ململانێ ناوخۆییەکان و لەکارخستنی پەرلەمان تا ئێستاش بەسەر پەرلەمان و کاری پەرلەمانیدا ماوە. ئێمە نەک هەر لە رووی ئەزموونەوە، بەڵکو لە رووی نووسینیشەوە لەبارەی پەرلەمان هەژارین، ئەوەندەی من ئاگاداربم جگە لە "پرسە پەرلەمانییەکان" کە لەلایەن سەردارعەزیزەوە نووسراوە، نووسینێکی دیکەمان نییە لەبارەی پەرلەمان و تێگەیشتن لە فەلسەفەی کاری پەرلەمانی.  هەڵبەتە دیارە پەرلەمان لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی خۆبەدوورگرتن لە شۆڕش، جەنگی ناوخۆ، بەكاربردنی هێز لە سیاسەتدا هاتووەتە کایەوە، ئەمەش هەمووی لە پێناو فەراهەمکردنی سەقامگیریی سیاسی کە مەرجی سەرەکییە بۆ هەر پرۆسەیەکی حوکمڕانیی  باش.
 
مام جەلال لە یادەوەرییەکانیدا (دیداری تەمەن) دەگێڕێتەوە کە وڵاتانی درواسێ زۆر لەوە ترساون کە کورد لە دوای راپەڕین هەڵبژاردن بکات، چەندین جاریش ئەو پەیامەیان گەیاندبووە سەرکردایەتی کورد کە نابێت هەڵبژاردن بکەن، بە تایبەتیش تورکیا. بەڵام مام جەلال دەڵێت لەناکاو پەیامێکمان لە دۆستانەوە پێگەیشت کە دوایان کرد هەڵبژاردن بکەین، کە مام جەلال باسی ئەو پەیامە دەکات بۆ کاک مەسعود، ئەو دەڵیت "ئەو پەیامە بۆ منیش هاتووە"، هەرچەندە کەسیان باسی سەرچاوەی پەیامەکە ناکەن، بەڵام پێدەچێت پەیامەکە لە ئەمریکییەکان یان لە فەرەنسییەکانەوە هاتبێت. هەڵبەتە مەبەستی من لەم باکگراوندە ئەوەیە کە پەرلەمان دەزگایەکی زۆر گرنگە، هاوشێوەی واجیهەی دەوڵەتدارییە بۆ ناسینی شێوازی سیستمی سیاسی و جۆری حوکمڕانی لە هەر وڵاتێکدا. خۆ ئەگەر لە دوای 1992 دەرفەت لەبار نەبووبێت، بەڵام لە دوای 2003 دەرفەرتێکی زێڕین بۆ هەرێمی کوردستان رەخسا کە لە رێگای پەرلەمانەوە نموونەی ئەزموونێکی جوان پێشانی رۆژئاواو وڵاتانی ناوچەکەش بدات کە کورد دەتوانێت نموونەی حوکمڕانییەکی پێشکەوتوو پێشکەش بکات. بەتایبەت کە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین کە تارادەیەک ئیسرائیلی لێدەرچێت هیچکامیان پەرلەمانێکی پێشکەوتوو و راستەقینەیان نییە. بۆیە دەکرێت بڵێین کە دواکەوتنی پرۆسەی حوکمڕانی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ نەبوون یان لاوازی کاری پەرلەمانی دەگەڕێتەوە.
 
پەرلەمان وەک جەمسەرێکی سەرەکی دەسەڵاتەکان لە کایەی حوکمڕانیدا تاکە دەزگایە کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکان دەکات، بەوانەی کە دەسەڵاتن و  بەوانەش کە ئۆپۆزیسیۆنن، کەواتە بەو پێیە بێت دەبێت زۆرینەی خەڵک متمانەی بە پەرلەمان بێت ئەگەر حەزی لە حکومەت و دەسەڵاتیش نەبێت، بەڵام لە راستیدا ئێستا پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لەو دەزگایانەی کە ئاستی متمانەی لە ناو خەڵکدا لە حکومەت (دەسەڵات)یش کەمترە. هەرچەندە من داتایەکی بەرجەستەم لە بەردەست نییە کە ئەوە بسەلمێنیت، بەڵام چاودێریکردنی میدیاو سۆشیال میدیاو گوێگرتن لە خەڵک بە ئاسانی دەتگەیێنێتە ئەو ئەنجامە.  ئەمەش بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم دامەزراوەیە لەدوای راپەرین تاوەکو ساڵی 1998 بەهۆی شەڕی ناوخۆ لەکارخرابوو، بەڵام دوای 2003 پەرلەمانی کوردستان گوڕوتینێک بەخۆیە دەبینێت بەتایبەت دوای ئەوەی کە جۆرێک سەقامگیری لە عێراق دروستدەبێت و هەرێمی کوردستان بەرەو بووژانەوەی سیاسی و ئابووری دەچێت. 
 
دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دیسان دەرفەتێکی باش بوو بۆ بەهێزکردنی کاری پەرلەمانی، بەڵام  دیسان کەمئەزموونی لە کاری ئۆپۆزیسیۆنی و گوتاری پۆپۆلیستی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن زیاتر بوارێکی بەرفراوانی دروستکرد بۆ نمایشکردنی سیاسی، بەجۆرێک کە وایلێهات گرنگ نەبێت ئەو پرۆژەیەی پەرلەمان دەنگی پێدەدات لە ئاستی توانای جێبەجێکردندایە یان نا، ئەوەندەی گرنگ بوو چەند دەتوانرێت لە رێگای پەرلەمانەوە هەست و سۆزی خەڵک رابکێشیت. ئەمە وایکرد کە دواتر ئاستی داواکاری خەڵک لە حکومەت ئەوەندە بەرز بێت کە خودی ئۆپۆزیسیۆنیش ئەگەر بێتە دەسەڵات لێی پەشیمان ببێتەوە. هەڵبەتە ئەمە جگە لە گواستنەوەی گشت ململانێ سیاسییەکان بۆ ناو پەرلەمان نەک لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری شتەکان، بەڵکو دیسان بۆ نمایشکردنی سیاسی.
 
لە دوای 2015 ئیدی پارتە دەسەڵاتدارەکان پەرلەمان وەک سەرچاوەی کێشەکان دەبینن، تا دەگاتە لەکارخستنی پەرلەمان. ئەم ململانێیەی حیزبەکان و بێبەهاکردنی پەرلەمان و گواستنەوەی بڕیاری سیاسی بۆ دەرەوەی پەرلەمان لە راستیدا لێکەوتەی سیاسی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، دەکرێت یەکێک لەو لێکەوتە گەورانە پشتکردنی جیهان بێت لە پرسی ریفراندۆم، دواتریش ئەو دۆخەی 16 ئۆکتۆبەر؛ ئەمانە هەرچەندە خەڵک  لەوانەیە بە رووداوی جیا جیا بیانبینێت، بەڵام لە راستیدا پەیوەندیداربوون بە یەکدییەوە.
 
بوونی پەرلەمان بە سەکۆیەک بۆ نمایشی سیاسی و ململانێی حیزبی وایکردووە پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا دەزگایەک بێت بۆ تەفرەقەو ملشکاندن نەک سەکۆیەک بۆ پەیامێکی نیشتمانیی چاودێریکردنی حکومەت کە بتوانێت نوێنەری خەڵکی کوردستان بێت. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە ناو پەرلەمانی کوردستاندا رەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە کە باسمان کرد. بە تایبەت ئێستا پارتە دەسەڵاتدارەکانیش خەڵکانێکیان ناردووەتە پەرلەمان کە بەهامان چەکی پێشووی ئۆپۆزسیۆن کاردەکەن، واتا لە رێگای گوتاری ئاگرین و پۆپۆلیستی، بە جۆرێک خەڵک وا تێگەیشتووە کە هەر کەسێک دەنگێکی زوڵال و گوتارێکی ئاگرین و ئامادەبونێکی جەماوەری فراوانی هەبێت دەبێت کاندید بکرێت بۆ پەرلەمان! ئەم کەشە هەستیارە بۆ خودی پارتیش کە خاوەنی سەرەکی حکومەتن کێشەی دروست کردووە. چەندین جار کەشێکی باش دروست بووە بۆ دانوستاندنی لایەنە سیاسییەکان بەڵام ئەندام پەرلەمانەکان ئەو کەشەیان پەک خستووە. تا ئەو ئاستەی تیمی پەرلەمانی بەشێک لە حزبەکان بەربەستیان بۆ حکومەتەکەی خۆشیان دروستکردووە. 
 
لەکارخستنی کاری پەرلەمان و بێمتمانەکردنی دامەزراوەی پەرلەمان دواجار سەردەکێشێت بۆ دابەزینی ئاستی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، ئەمەش لە راستیدا ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و شەرعیەتی دەسەڵات و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. هەرچەندە ئەم ئاماژەیە وا دەستیپێکردووەو بە ئاشکرا لە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەو خولەی پەرلەماندا رەنگی داوەتەوە. خەڵک ئەگەر هەست بکات پەرلەمان دامەزراوەیەکی زیادەیە ئیتر بۆ دەنگی پێبدات. لەکەدارکردنی پەرلەمان و بێبەهاکردنی دواجار سەردەکێشێت بۆ ناسەقامگیری و تووندوتیژی سیاسی، ئەمەش لە راستیدا لێکەوتەکانی زۆر مەترسیدار دەبن لەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت کە ئێستا بەغدا بەدوای لاوازییەکانی حکومەتی هەرێمدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی کەلێنێک بدۆزێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی مەرکەز بۆ هەرێمی کوردستان.