muslim1.jpg

کەسێک بە سەرکەوتنم دڵخۆشبێت بێ شک بەقسەکانیشم باوەڕی دێ و گومانی نامێنێ ، پێچەوانەکەشی ھەر ڕاستە

Aug 16, 2020  |   بیروڕا 

موسلم عەبدوڵا قەسرێ

 

سوپاس بۆخوا لەو ماوەیەی کاری پەڕلەمانیدا دەستم بۆ شتێک نەبردووە تا باش ھەڵی نەسەنگێنم لەتەرازووی شەرع و خزمەتی بەرژەوەندی گشتی نەدەم ، لەکاتێکدا کوردستان بەو ھەموو قەیرانانەدا تێپەردەبێت و دەستەڵات تا بۆی کراوە لەمپەرو ڕێگری لەبەردەم کاری ئۆپۆزسیۆنیدا کردووە و دەستی خستۆتە قورگی دامەزراوەی پەڕلەمانی کە تاکە دامەزراوەی نوێنەرایەتی خەلکەو نەفەسی لێبڕیوە ،تا لەبەرچاوی خەڵکدا ئەو سەکۆیەش نەمێنێ وبە ناشیرینی دەربکەوێ ، نەتوانێ مافە زەوتکراوەکان بگێرێتەوەو پەردە ھەڵماڵێ لەسەر گەندەڵی و نادادی ، لەھەرکاتێک و سیناریۆی ھەمە چەشنەی بەگوێی خەڵکدا ھێناوە تابەشێکی پلانەکانی لەڕێی خەڵکیشەوە بەمراز بگەیەنێ
بەگوێی کێدا دەچێ کێیە ئەوەندە خۆش باوەڕە وادەزانێ من حاشا لەو ڕابردووی خۆمدەکەم و چاوم دەنووقێنم تا ببمە بەشێک لەو پلان و نەخشە بۆگەنە دەگوزەرێ لەکاتێکدا من یەکەم قوربانی دەستی زوڵم و داپڵۆسێنی ئازادیم !؟ ڕابردووی دوورو نزیکیش ڕوون و دیارە کە باجی زۆرمان لەسەری داوە
بەشانازیەوە ھەموو تواناو ھەوڵێکمان خستۆتەگەر ، ھەڵوێستەکانمان ڕوون و ڕاشکاون ،لەبەرەی گەل بووین لەدەنگ ھەڵبڕین لەسەر ناعەدالەتی و گەندەڵی و قۆرخکاری حیزبی بەرنامە بۆ داڕێژراو ،کە سەرخان و ژێر خان و ئاسمانیان لەو خەڵکە دابەشکردووەو داگیریان کردووە ،بەھەر جۆرێک بۆمان کرابێ ھەوڵمانداوە بۆ گێڕانەوەی ھەموو ئەو مافانەی بەناحەقی زەوتکراون لەوگەلە خێر لەخۆنەدیوە
ھەربۆیە بەداخەوە یەکێک لە ئامانج و مەرامەکانی دەستەڵات بەشێوازی جۆراو جۆر ویستوویەتی لەڕێگەی بەکارھێنانی میدیاو سۆشیاڵ میدیاوە کە بەتەمویل و پارەی ئەو میللەتە بەڕێوە دەبرێن، سەدان پەیج و ئەکاوەنت دابنرێن بۆ ناشیرینکردن و ھەدم کردنی کەسایەتی و شێواندنی ڕاستیەکان و بەلارێدابردنی بابەتەکان
بۆیە ئەوەی لای من ئامانجەو ڕوونە خزمەتکردنی خاک و خەلکەکەمە بەدڵسۆزی و نیەت پاکیەوە ،بەڕێگای دروست تا ئەو شوێنەی بۆمدەکرێ و لێی بەرپرسیارم بەرامبەر خواو خەڵک و دەنگدەرانم ،
پێویستە خەڵکیش وشیارتربێت و بەئاسانی بەلارێدا نەبرێت و نەوروژێنرێت ، ئەوە دەستەڵاتە وایکردووە ھەموو دامەزاوەکان لاواز و دەستەمۆ دەربخات و لەپێش چاوی خەڵکدا لاواز دەربکەون ،تا ئەوەندەیتر بێ ھیوایی بخاتە ناو دڵ و دەروونی خەڵکەوە، بەداخەوە بەشێکیش بەناراستەوخۆ خزێنراوەتە ناو ئەو بەرنامە پلان بۆدانراوە ، کە پێم وایە مرۆڤی ژیر بە مستە ئاوێک ناکەوێتە مەلەکردنەوە
دوا وتەشم ؛ ئەو پێشنیازە یاسایەی باسی لێوەکرا وەک مانگی چواردە بەلاڕێدا براواوەو ڕەتی دەکەمەوە " بەھیچ شێوەیەک نابمە بەشێک لەوپلانەی کەداھاتووی ئازادی کاری میدیای کۆمەڵگەکەمی پێ بەرتەسک و سنووردار بکەم ،دوبارە سوربوونم لەسەر ڕەخساندنی زەمینەی زیاتری ئازادی ڕادەربڕین لەھەرێمی کوردستان وھەوڵدانیشم لەو پێناوەدا چالاکتر دەبێ تا کۆششی پیشەیی و پشتیوانی جەماوەر مافەکان بەرجەستەدەکەن.
لێرەدا بەباشی دەزانم بەشێک لەو ھەڵوێستانەی لەڕابردوودا کارمان بۆی کردووە بینووسم ، کەتەنھا نیەتێک خزمەتکردنی نەتەوەکەم بووە :
١- ھەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندامان ژمارە ٢٢
٢- پڕۆژەی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی بێ باوک
٣- پێشنیازی یاسای پێدانی موخەسەساتی مانگانە بەقوتابیانی زانکۆو پەیمانگاکان لەھەرێمی کوردستان
٤- پڕۆژەی بیمەی کشتوکاڵی
٥- پڕۆژەی بیمەی تەندروستی
٦- پێشیازە یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی بێ باوک
٧- پێشنیازە یاسای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست
٨- پێشنیازی ھەمواری یاسای ھۆشبەرەکان ژمارە ٦٨ ی ساڵی ١٩٦٥ی ھەموار کراو لەھەرێمی کوردستان
٩- ھەمواری یاسای وەبەر ھێنان ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٠٦
١٠- پێشنیازی یاسای پێدانی دەرماڵەی خوێندن بەقوتابیانی زانکۆو پەیمانگاکان
١١- پێشنیازی پڕۆژە یاسای دەزگای کۆنتڕۆڵی جۆری دڵنیایی لە ھەرێمی کوردستان
پڕۆژە یاسای پاراستنی خێزان
١٢- پڕۆژە بڕیاری پاراستنی مامۆستایان و ڕێبەرە پەروەردەییەکان
١٣- پڕۆژە بڕیاری پشتیوانی دارایی و کۆمەڵایەتی ئافرەتانی بەتەمەن
١٤- پڕۆژە یاسای بەدامەزراوەکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان
١٥-پێشنیازە یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای باج و دەرامەت لە ھەرێمی کوردستان
١٦- پێشنیازە یاسای دەستەکەوتی ناڕەوا
١٧- پڕۆژە بڕیاری فلتەرکردنی پێگە سێکسیەکانی ناو تۆڕی ئەنتەرنێت
١٨- پڕۆژە یاسای قەرەبووی شەڕەکان( ) لە کوردستان
١٩- پێشنیازی یاسای پێدانی قەرزی خوێندنی ئەھلی لە ھەرێمی کوردستان
٢٠- پڕۆژەیاسای بەڕێوەبردن و پاراستی ئاو لەھەرێمی کوردستان
٢١- پڕژەی غسیل الاموال
٢٢- پێشنیازە یاسای ڕاژەو خانەنشینی ھێزەکانی ناوەخۆ لەھەرێمی کوردستان
٢٣- پێشنیازە یاسای بەرکارکردن و ھەمواری جێ بەجێکردنی یاسای سندووقی گەڕاندنەوەی پارەی عیراق لەھەرێمی کوردستان
ئەمە جگە لەچەندین یاداشتی پێشکەشکراو،ئەوەندەی دەستم کەوتووە لێرە ئاماژەی پێدەکەم لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەران ونەھشتنی لێبڕینی ٢١٪ی مووچەو کردنەوەی دەرگای دامەزراندن ،،،،چەندانی تر کە ھەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە کێ خاوەنی پڕۆژەیە ئەوەندەی لەبیری ئەوەبووم تاچەند خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و گەلەکەم دەکات ھەوڵی بۆ بدەم ،
خوای گەورەش ئاگاداری نیازو نیەتی دڵی بەندەکانە