liza.jpg

سەبارەت بە رووداوەکانی ئەمرۆی داقووق و خورماتوو...

Aug 2, 2020  |   بیروڕا 

لیزا فەلەکەدین

 

لەدوای ئەوەی موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ پەرلەمان دیاری کرد، شۆڤینییەکان ڕاستەوخۆ دەستیان کردەوە بە هێنان و جێگیرکردنی عەرەبی هاوردە لە گوندە کورد نشینەکان و زانیاریم پێگەیشتووە کە پیلانیان هەیە لە ناحیە و قەزا و سەنتەری پارێزگای کەرکووک پەلی زیاتر باوێن و ئەم جۆرە هەنگاوە مەترسیدارانە چرتر بکەنەوە.
پیلانی ئەمجارەی نەیارانی کورد تەنها بۆ داگیرکردنی موڵک و ماڵ و زەوی کوردنشینەکانی ئەو ناوچانە نییە بەڵکو لە رێگەی ئەو یاسا نوێیەی هەڵبژاردنەوە کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کراوە و سیستەمی فرەبازنەیی تێیدا چەسپێنراوە ئەوە هەر 100 هەزار دەنگ کورسییەکی دەبێت، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگەی هاوردەکردنی عەرەبی زیاتر بۆ گوند و قەزا و ناحییەکان کورسی کورد لەپەرلەمان کەمبکەنەوە کە بێگومان ئەمەش لە داهاتوودا کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ناسنامەی کوردبوونی کەرکووک.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و لە چوارچێوەی ماددەی 140 عەرەبە هاوردەکان قەرەبوو کرانەوە و هەر خێزانێک بڕی 20 ملیۆن دیناری پێدرا و گەڕانەوە شوێنی خۆیان، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لەو عەرەبانە داوایان کردووە بۆ کەرکووک بگەرێنەوە و ئاسانکاریشیان بۆ کراوە و بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەسم کەوتووە نزیکەی 3000 کەس لەو عەرەبانە مامەڵەیان بۆ تەواو کراوە و فۆرمی خۆراکی کەرکوکیان بۆ دەرهێنراوە.
ئەمە پرسێکی زۆر جدییە و وەکو مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رێگەی دادگای فیدڕالیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی بدات.
سوپاس