kazm-faruq.jpg

ئەم رووداوەی ناو پەرلەمان بۆ مێژوو دەگێرمەوە

Aug 2, 2020  |   بیروڕا 

د. کازم فاروق

 

مانگی یەکی ئەمساڵ لەرۆژی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بەناو چاکسازی، کێشەیەکی گەورە ھاتە بەردەم فراکسیۆنەکانی دەسەڵات و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی تر، ئەویش ئەوەبوو کە فراسکیۆنی نەوەی نوێ دژی خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر و پلەباڵاکان بوو.
کە نزیک بوینەوە لە دەنگدان بەو ماددەیە، کاتێکمان زانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەناوی ئیسراحەتکردنەوە کۆبونەوەی پەرلەمانیان بۆماوەی سەعاتێک ھەڵگرت، کەسێک ھات بۆلام وتی دکتۆر ھەموو سەرۆک فراکسیۆنەکان لەگەل سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ دەکەن داوایان کردووە ئێوەش بەشداربن!!
چوینە کۆبونەوەوە و سەرجەم فراکسیۆنەکان لەوێ بوون، لەناو کۆبونەوەکە تێگەیشتم کە ئەمە بۆ رازیکردنی نەوەی نوێ یە کە دەنگ بە ماددەی خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر و پلەباڵا بدات. بەراشکاوی فراکسیۆنەکانی دەسەلات داوایان لێکردم کە دەنگ بە ماددەکە بدەین، منیش وتم ئەوە ناعەدالەتیە و مەبدەء و بریاری جوڵانەوەکەمانە کە دەنگ بە شتی وا نادەین.
پاش ماوەیەک گفتوگۆی لاوەکی و لابەلا دووبارە روویان تێکردم وتیان باشە لانی کەم دژی مەبن و لەناو جەلسەی پەرلەمان مەیکەن بە ھەرا لەبەرچاوی میدیاکان بێدەنگ دانیشن، وتیان ئێمە خۆمان دەنگی پێدەدەین و یاساکە دەردەچێت دواتر ئێوەش سوودی لێدەبینن و دوای چوار ساڵەکە خۆتان خانەنشین دەکەن. وتم وەڵا ئێمە لەگەڵ ھاورێکانم نەک ھەر دەنگی پێنادەین بەلکو بە ئاشکراش دژایەتی دەکەین.
دوان لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی دەسەڵات وتیان مادام وایە ئێمەش لەناو یاساکەدا فۆڕمێک دادەنێین، ئەبێت ئێوە پڕیبکەنەوە و ئیمزای بکەن کە خۆتان خانەنشین ناکەن، نەک ئێستا لەبەرچاوی خەڵک دژی بن و دواتریش خۆتان خانەنشین بکەن.
منیش ھەستامە سەرپێ و پێم وتن: ئێمە بە ئەخلاقەوە سیاسەت دەکەین و فێڵ و چەواشەکاری لە خەڵکی ناکەین، ئەو فۆڕمەش کە باسی دەکەن لەگەل خۆتان بیھێنن ھەرلەناو جەلسەی پەرلەمان لەبەرچاوی میدیاکان ئیمزای دەکەین، ئیتر کۆبونەوەکەم بەجێھێشت.
دواتر جەلسە دەستی پێکردەوە و دەنگدان بەو ماددەیە کرا و ئێمەش لەگەڵ ھاوڕێکانم پێکەوە بەئاشکرا و بەدەنگی بەرز دژایەتی ئەو ماددەیەمان کرد بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان زۆرینە بوون ماددەکە جێگیر بوو.
ئێستا و دوای نزیکەی ٧ مانگ لەو ڕووداوە، حیزبەکانی دەسەڵات گیریان خواردووە بەدەست ئەو فۆڕمەوە و ئیحراجیەکی زۆری بۆ دروستکردوون و نازانن چۆن خۆیانی لێ دەرباز بکەن، چونکە ڕووی راستەقینەی ئەوان و ئێمەشی بۆ خەڵک ئاشکراکرد.
بەکورتیەکەی، کورد وتەنی: ویستیان چاڵ بۆ نەوەی نوێ ھەڵبکەنن، بەڵام خۆیان تێی کەوتن. ئێستاش ھەر بیر لەوە دەکەمەوە ئەبێت ئەم حیزبانە چەند فێڵی تری ئاوایان لەم میللەتە داماوە کردبێت بەڵام کەس نەبووە کەشفی بکات؟؟؟