karwan.jpg

پەنجە ڕاوەشاندن، پەنجە بڕینی بەدواوەیە…

Aug 13, 2020  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی

 

حکومەتی هەرێم خەریکە لەژێر هەژمونی تاقمێکی خۆسەپێن و بێ ئاگا لە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان، ئاڕاستەی بڕیارەکانی بەرەو کەنارێکی مەترسیدار دەڕوات؛ ڕۆژێک هەڵگرتنی پارێزبەندی و ڕۆژێکی دیکە پەلاماردانی پەرلەمانتار و شکاندنی شکۆی مامۆستا و فەرمانبەران و مووچەخۆران.  
ڕۆژێک هەڕەشەکردن لە خۆپیشاندەران و ڕاوەشاندنی پەنجە لە پەرلەمانتار و وەزیر و هەڕەشەکردن بەوەی کە هیچ کەس پارێزبەندی نییە، جارێکی دیکە بێ هیواکردنی دایکانی شەهید و دەرچووانی دانەمەزراو! برسیکردن و تۆقاندن تا دەگاتە شکاندنی شکۆی هاووڵاتییان و مافیاگەری نەوتی و قاچاخچیێتی! 
ئەمانە پێکەوە زەمینە سازی دەکەن بۆ تەقینەوەیەکی پەنگخواردو و بڕینی ئەو پەنجانەی هەڕەشە دەکەن، و دامرکاندنەوەی ئەو دەنگانەی دەبنە هۆکار بۆ بڕینی قوت و گوزەرانی هاووڵاتییان و برسیکردنییان. 
(۳) مانگ جارێک مووچە بە لێبڕینەوە دابەش دەکەن، و پەنجەش بەڕووی هاووڵاتییان بەرز دەکەنەوە؟ دڵنیابن تاقی کردنەوەی ئارامی هاووڵاتییان، هەولێری ناخپڕ  پێش هەر شوێنێکی دیکە دەهەژێنێت و ژانی لەناو بردنی خەڵکانی خۆسەپێن دەیگرێت! 
چارەسەری ڕیشەی تەنها و تەنها ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا و پێداچوونەوەیە بە داهاتەکانی هەرێم و چاکسازی ڕاستەقینەیە لە پڕۆسەی نەوت و داهات لە هەرێم و تەواوی خاڵە سنوورییەکان، بەرلەوەی دۆخەکە لەوە خراپتر ببێت! دەبێت بەزووی دەستببرێت بۆ ئەم هەنگاوە کردارییانە، کە ئێمە دوو ساڵە بە هەموو ڕێکارێکی پەرلەمانی کارمان لەسەر کردون و کەس گوێی نەگرتووە!!