karwan-alishamar.jpg

کۆبونەوە لەپێناو کۆبونەوەدا!

Jul 29, 2020  |   بیروڕا 

کاروان عەلی شامار

 

ھاوڵاتیان لە ھەرێمی کوردستاندا رۆژ بەرۆژ دەرگیری ئاڵنگاری زیاتر دەبنەوەو حکومەتی ھەرێمیش ھیچ دەرچەیەکی لەھەگبەدا نییە بۆ دەربازبوون، ئەمە سەرباری نەبونی پلان و ستراتیژێکی بابەتی بۆ ئاسانکاری ھاوڵاتیان لە روبەروبونەوەی قەیرانەکاندا!
بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتیان لەوپەری خراپی دۆخی ئابوریدا ژیان بەرێدەکەن بەو ھۆیەشەوە رۆژانە گوێبیستی دەیان چیرۆکی تراژیدی دەبینەوە، ئەم فاکتەش وایکردووە (کۆچی لاوان و خۆکوژیی و گەندەڵی و رێژەی تاوان و جیابونەوەی ھاوسەران و ھەڵوەشاندنەوەی خێزان)، لە حاڵەتەوە ببن بە دیاردە!

زۆرێک لە قەیرانەکانی ھەرێم پابەستن بە رەھەندە سیاسیەکەوە، گرژی نێوان لایەنە سیاسیەکان لێکەوتەو کاریگەری راستەوخۆیان بۆ سەر جوڵەی بازاڕو ژیانی خەڵک و فەلجبوونی سێکتەرو دامەزراوەکانی حکومەت ھەیە. ھەروەھا بە ھۆی گرفت و گرژییە سیاسیەکانەوە خەوش و دەلاقەی گەورە لەسەر بونیادی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دروست بووەو زۆرێک لە کایەو سێکتەرەکانی حکومەت و کۆمەڵگە لە لێواری روخان و ھەڵوەشانەوەدان! وێرای ئەو دۆخە ناھەموارەش بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم ئامادەی سازان نین لە پێناو بەرژەوەندی میللەتەکەیاندا، ھەنگاو بە ئاراستەی چاکردنی گوزەرانی ھاوڵاتیان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا نانێن!

خولاسە، ئەگەر ئەنجامدانی کۆبونەوەکانی پەرلەمان و شاندی نێوان لایەنە سیاسیەکان بۆ چاکردنی بونیادی کۆمەڵایەتی و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان و ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی و شەفافکردنی سێکتەرەکانی نەوت و دارایی و ئاشکراکردنی (٢٧) ملیار دۆلاری قەرزو گرێبەستی پەنجا ساڵەی نێوان ھەرێم و تورکیادا بێ، ئەوا کارێکی باشەو جێی ئەرزشە، وەلێ بەپێچەوانەوە گەر کۆبونەوەکان تەنھا بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی تر بن و ھیچ دەرەنجامێکی ئیجابیان نەبێ، لێ کۆنەبنەوە باشترە. واتە ئیدامەی کۆبونەوەکان و راسپاردنی کێشە جەوھەرییەکان بە لیژنەکان ئەوا ھیچ گرنگیەکی نیەو نایبێ، جگە لە موماتەڵە بە کات و دروستکردنی قەیرانی زیاتر بۆ سەر شانی ھاولاتیان!