abdulqadr.jpg

ئیشکالیەتى خانەنشینکردنى خاوەن وەزیفە باڵاکان لە یاساى چاکسازیدا

Jul 13, 2020  |   بیروڕا 

 

 

 

ئیشکالیەتى خانەنشینکردنى خاوەن وەزیفە باڵاکان لە یاساى چاکسازیدا (شارەزا – خبیر –) وەک نمونە
.
.
  بەگوێرەى  ماددەى (1)ى یاساى ژمارە (36)ى ساڵى 2004 یاساى خانەنشینى خاوەن وەزیفە باڵاکان لە هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک ناونیشانى وەزیفى هاتوون کە حوکمەکانى یاساکەیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت، ئەوانیش بریتین لە : بریکارى وەزارەت و پارێزگار و راوێژکار و بەرێوەبەرى گشتى و شارەزا و  سەرۆکى زانکۆکان و سەرۆکى هەیئەتەکانى پەیمانگا هونەرییەکان و ئەندامانى  هەیئەتى تەدریسى زانکۆو پەیمانگاکان ئەوانەى کە پلەى ئوستاد ـ پرۆفیسۆر- یان هەیە لەگەل  خاوەن پلە تایبەتەکان و سەرۆک و ئەندامانى  کۆڕى زانیارى  کوردستان، ئەوانەى لە پێشەوە ناویان هاتووە لەم یاسا تایبەتەدا، ئەوا لەرووى تەمەن و بڕى مووچەوە  بە جیاواز لە فەرمانبەرى گشتى خانەنشین دەکرێن و ملکەچ نابن بۆ یاساى خانەنشینى یەکگرتوو، بەلام ئەوەى لێرەدا جێگەى پرسیارە ئەوەیە کە بە گوێرەى ئەحکامى ماددەى (16/سێیەم) لە یاساى چاکسازى ژمارە (2)ى ساڵى 2020 ، یاساى خانەنشینى خاوەن وەزیفە باڵاکان هەڵوەشاوەتەوە و لە هەمانکاتدا ئەو ناونیشانانەى کە لە ماددەى (7/یەکەم)ى یاساى چاکسازیدا هاتووە، ناوى هەندێک لەو ناونیشانانەى تێدا نیە کە لە ماددەى (1)ى یاساى هەڵوەشاوەى خانەنشینى خاوەن وەزیفە باڵاکاندا هاتووە وەک ناونیشانى  شارەزا (خبیر) و ئەندامانى دەستەى وانەبێژى کە پلەى پرۆفیسۆریان هەیە.. هتد ، بێگومان ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئیشکالیەتى جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەو یاسایەى کە پێویستە بەسەر ئەمانەدا (خبیر) جێەجێ دەکرێت، لە خوارەوە بە چەند خاڵێک روونکردنەوەى یاسایى تۆمار دەکەین:
یەکەم: نەهێنانى ناوى شارەزا (بۆ نمونە) لە ماددەى (7/یەکەم)ى یاساى چاکسازیدا، ئەوەمان پێدەڵێت کە بۆ ئەم حاڵەتە دەبێت بگەرێیینەوە بۆ رێساى یاسایى گشتى کە ئەویش لە یاساى خانەنشینى یەکگرتوو ژمارە (27)ى ساڵى 2006 دا هاتووە و ئەمانە بە گوێرەى ئەو یاسایە مووچەی خانەنشینیان بۆ دیارى دەکرێت کە بەبەراوردکردنى لەگەل برى مووچەى هاتوو لە یاسا هەڵوەشاوەکەدا زۆر جیاوازە و بە برێکى کەمى مووچە خانەنشین دەبن .
دووەم:  لەرووى تەمەنى یاسایى خانەنشینبوونەوە بە هەمان شێوە تەواوى ناونیشانەکانى هاتووى ماددەى (1)ى یاساى خانەنشینى خاوەن وەزیفە بالاکان کە هەڵوەشاوەتەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت، چونکە لە یاساى چاکسازى کە یاساى ناوبراوى هەڵوەشاندۆتەوە، چارەسەرى کێشەى تەمەنى یاسایى خانەنشینى ئەوانە نەکراوە کە یاساکە دەیان گرێتەوە کە لەم کاتەدا دەبێت بگەرێینەوە بۆ تەمەنى یاسایى هاتوو لە یاساى ژمارە (27)ى سالى 2006 و بریتییە لە تەواوکردنى تەمەنى (63)کە ئەمەش دەمانخاتە بەردەم چەندین ئەگەرى چاوەران نەکراوەوە بە تایبەت بۆ ئەوانەى لەسەروو تەمەنى (63) ساڵییەوەن.
سێیەم: بە داخەوەم کە رێنمایى ژمارە (13)ى ساڵى 2020ى وەزارەتى دارایى و ئابوورى هیچ ئاماژەیەکى لەم بارەیەوە نەداوە و بگرە دەقى یاساکەى وەک خۆى نوسیوەتەوە بە کورتکردنەوەى ماددەکانى یاساکە کە ئەمەش تەواو پێچەوانەى سروشتى رێنماییە کە دەبێت ئاسانکارىو وردەکارى جێبەجێکردنى یاساکە بکات نەک دووبارە نووسینەوەى دەقى یاساکە بەڵام بە کورتکراوەیى !!
  لەسەر بنەماى ئەوەى لاى سەرەوە ، ئەوا ناونیشانى شارەزا کە لە یاساى خانەنشینى خاوەن وەزیفە باڵاکاندا هاتووە، هەموو ئەو ناونیشانەى دیکەش کە  هەمان کێشەى ناونیشانى (شارەزا) یان هەیە،  لەرووى دیاریکردنى مووچە و تەمەنى یاسایى خانەنشینى دووچارى کێشەى یاسایى دەبنەوە و لەم کاتەدا مەگەر بە گەرانەوە بۆ رێساى گشتى (القاعدة العامة) چارەسەرى کێشەکەیان بکرێت، کە بەبرواى ئێمە گەرانەوە بۆ ئەم جۆرە رێسایانە لە بابەتە لاوەکییەکاندایە نەک لە بابەتى جەوهەرى وەک تەمەنى یاسایى خانەنشینى کە لە نیزامى گشتیە و هەروەها مووچەش، کە دەبێت ئەم دوانە بە دەقى یاسایى راشکاوانە چارەسەر کرابن کە بە داخەوە ئەم بابەتە پشتگوێ خراوە لە یاساى چاکسازى  و پێرەو رێنماییەکەیدا.