ebubekr.jpg

کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتەیە!؟

Jul 30, 2020  |   بیروڕا 

ئەبوبەکر هەڵەدنی


ئەمڕۆ پێنج هاوڵاتی بەهۆی نەمانی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی ڕزگاری  هەولێر ی پایتەخت  گیانیان لەدەستدا.
حکومەتێک نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات.
حکومەتێک کاسە وسفرەی جەژن پڕ وگەرم نەکات.
حکومەتێک ڕێز لەبۆنەی ئایینی ونەریتی کۆمەڵایەتی گەلەکەی نەگرێت بەوەی بەشادی وخۆشیەوە ڕۆژانی جەژنیان بگوزەرێنن.
حکومەتێک ڕۆژانە لە سێبەریدا هاوڵاتی کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێ،یان هەژار بکەوێت،یان لەوەرگرتنی موچەی خانەنشینی ساڵی ڕابردوو گیان لەدەست بدات.
حکومەتێک سنوورەکانی پێ نەپارێزرێت.
حکومەتێک لەکاتی پێگەیشتنی بەروبومی جوتیارانی خۆماڵی دەروازەکان دانەخات،،تابەروبومەکانیان ساغ ببێتەوە.
حکومەتێک حەوت ساڵە دەرچوو ویەکەمەکانی زانکۆ وپەیمانگاکان دانەمەزرێنێت،کەچی دەیان زانکۆ وپەیمانگاو خوێندنگەی  ئەهلی بکاتەوەوگیرفانی باوک ودایکی قوتابیان هەڵتەکێنێت.
حکومەتێک دانوستانەکانی نێوان خۆی وبەغداد وگرێبەستی پەنجا ساڵەو بیست وپێنج ساڵە لە پەرلەمان بشارێتەوەو ئاشکرای نەکات.
حکومەتێک تەنانەت یاسای ناتەواوی چاکسازی خۆی جێبەجێ نەکات وبکەوێتە خۆ بۆشەرعاندنی خانەنشینی نایاسایی وبەڕێی بکات.
سەرۆکی کابینەی حکومەت ئامادە نەبێت بێتە بەردەم پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری خەڵک وپەرلەمانتاران بداتەوەو وەزیرانێکی بەڕێز  دەنێرێت کە نەئاگایان لە داهاتە نەبەداخەوە بڕیاریان لەلایە.
دەیان کێشەو قەیرانی تر بکاتە کۆڵ وبار بەسەر گەلەکەیەوە، حکومەتی وا بەس بۆ هەڵوەشاندنەوە باشە. 
ئەوە بەغدای نزیکمان  بەهەموو کێشمە کێشەوە حکومەتیان هەڵوەشاندەوەو حکومەتێکی تریان لەجێگەی دانا.
بۆیە ئومێدەوارم فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن  گەڵاڵەی پرساندنی حکومەت ئامادە بکەن ومتمانەی لێ بکێشنەوەو لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تریش بکەوینە گفتوگۆ کەئەمە باشترین دەرچەی ڕزگار بوونە لەقەیرانەکان ،،کە لە دەیان ووڵاتی دونیا پەنای بۆ براوە و تەنانەت هۆکارێکە بۆپاراستنی قەوارەی هەرێمەکەمان ونیشانەی زیندوێتی پرۆسەی سیاسیە کە دەبێت خۆی لەچەقبەستوویی وبەبنبەست گەیشتن وخولانەوە لەبازنەی بۆشدا قوتار بکات.