abdulqadr.jpg

چ لایەنێک تایبەتمەندە بە بریاردان (اقرار) لە مەشروعیەتى بڕیارێکى پەرلەمانى؟‎ ‎

Jun 30, 2020  |   بیروڕا 

عەبدولقادر ساڵح

 

بابەتى بڕیارى پەرلەمانى کوردستان سەبارەت بە هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر ئەندامێکى و هەروەها دواتر هەڵوەشاندنەوەى بریارەکە بە نوسراوێکى سەرۆکى پەرلەمان ، بابەتێک بوو کە لەم ماوەیەدا مشتومڕى زۆرى بە دواى خۆیدا هێنا لەرووى یاسایى و سیاسیەوە ، کە دواهەمین جار نوسراوى ژمارە (28)ى رۆژى 29/ 6/ 2020 ى وەزیرى دادى بە دوادا هات، من لێرەدا هیچ کۆمێنتێکم لەسەر بابەتى بریارەکەى پەرلەمان و بریارەکەى سەرۆکى پەرلەمان  نیە ، هەروەک لەسەر ئەم نوسراوەى وەزارەتى دادیش بە هەمان شێوەش کۆمێنتکم نیە بە شێوەیەکى گشتى لە سەر نوسراوەکە لەرووى دەسەلات و شکل و ناوەرۆکەوە ، بەڵام ئەوەى لێرەدا دەمەوێت سەرنجى لەسەر بدەم، بابەتێکى یاساییە کە جەنابى وەزیر لە نوسراوەکەى ئاماژەى پێکردووە و منیش دەیکەمە هەوێنى ئەم بابەتە :
لەم نوسراوەدا جەنابى وەزیرى داد ئاماژەى بەوە داوە کە بریارەکەى سەرۆکى پەرلەمان (( بە پێى یاسا بەبریارێکى نەبوو (معدوم ) دادەنرێت)). من لێرەدا پەیوەندیم بەوەوە نیە کە ئایا لە بنەرەتدا بریارەکەى سەرۆکى پەرلەمان بریارێکى نەبووە (معدوم) یان پوچەڵە (باطل) یان دروستە، بەڵکو دەمەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەم کە ئایا لەرووى یاساییەوە چ لایەنێک تایبەتمەندە (مختص) بە بریاردان لە مەعدوم بوون یان باطل بوونى بریارێک؟ ئایا بریارەکەى سەرۆکى پەرلەمان بریارێکى کارگێڕییە؟ یان بڕیارێکى پەرلەمانییە؟
بەبڕواى ئێمە بڕیاردان لە باطلبوونى بڕیارێک یان مەعدمبوونى ، دەگەرێیتەوە بۆ دەسەلاتى دادوەریى تایبەتمەند، ئەم دەسەلاتە لە مەشروعیەتى بریارەکە دەکۆڵێتەوە بە گوێرەى تایبەتمەندى و دواجار لەسەر بنەماى ئەوەى پێیگەیشتووە بریارى خۆى دەدا لەو بریارەى لەبەردەمیدا تانەى لێدراوە ، بێگومان ئەم تایبەتمەندییەش بە یاسا دراوە بە دادگاى قەزاى کارگێڕى، لەبەر ئەوە ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیرى بابەتەکە بکەین و بریارەکەى سەرۆکى پەرلەمان وەک بریارێکى کارگێڕى دابنێین، ئەوا دەبێت بریاردان لە مەعدومبوون یان باطلبوونى بریارەکە لەلایەن قەزاى کارگێڕیی تایبەتمەنەوە بێت کە یاساى ژمارە (14)ى ساڵى 2008ى یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى کوردستان تانو پۆکەى چنیوە.
خۆگەربێتوو بریارەکەش بریارێکى کارگێڕى نەبێت و وەک کارێکى پرلەمانى سەیرى بکەین، ئەوا لەم کاتەدا بە هیچ شێوەیەک دەسەلاتى جێبەجێکردن بە تەواوى دامەزراوەکانیەوە لە نێویشیاندا وەزارەتى داد، لایەنى تایبەتمەند نیە بە بریاردان لە باطلبوون یان مەعدومبوونى بریارى سەرۆکى پەرلەمان ، بەڵکو ئەم بابەتە بەبرواى ئێمە لە تایبەتمەندى دادگایەکى دەستوورییە کە بە یاسا دەسەلاتى رەقابەتى دەستووریى بوونى یاسا و بریارەکانى پەرلەمانى پێدرابێت.
لەسەر بنەماى ئەوەى لاى سەرەوە ، بەبرواى ئێمە وەزارەتى داد لایەنى تایبەتمەند نیە بە بریاردان لە مەشروعیەتى بریار کارگێڕیى و بریارى پەرلەمانى ، بەلکو ئەگەر بریارەکە کارگێڕیى بوو ئەوا بابەتەکە لە تایبەتمەندى قەزاى کارگێڕییە لە هەرێم و ئەگەر بریارەکەش بریارێکى پەرلەمانى بوو ئەوا لە تایبەتمەندى دادگایەکى دەستووریە و نەبوونى ئەم دادگایەش لە هەرێم دەسەلاتى یاسایى نادات بە هیچ دامەزراوەیەکى دادوەریى یان جێبەجێکردن تەنانەت یاسادانانیش تا بریارى مەعدوم بوونى یان باطل بوونى بریارى پەرلەمانى بدات .