soran.jpg

سوپاس سەرۆک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نایاساییەکە

Jun 15, 2020  |   بیروڕا 

سۆران عومەر 

 


پاش ئەوەی بەنایاسایی کۆبونەوەی ٧/٥/٢٠٢٠ ئەنجامدرا بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی سەر بەندە، پاشان بڕیاری ژمارە ٤ی لێکەوتەوە، لە ١٩/٥/٢٠٢٠ تانەیەکم ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان کردو داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییەم کرد، پشت بەستوو بەمادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ، لەپێناو گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان تاکو ئەم بڕیارە نایاساییە نەبێتە پێشینەکی نایاسایی خراپ کەمەترسی بوو بۆ کاری پەرلەمانی و پێشێلی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان و ئازادی بیروڕا .
سوپاس بۆ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە ٤ ی ھەڵگرتنی پارێزبەندی، سوپاس بۆ ھەموو ئەو بەڕێزانەی کەدژی بڕیارەکە بوون و پشتیوانی ھەڵوەشاندنەوەی بوون تاکو ئەم کارە بەبەکارھێنانی زۆرینەیەکی ناسایی نەبێتە پێشینەیەکی خراپ.
ئەوەشی پێی وایە ئەم بڕیارەی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان دەباتە ئەنجومەنی شورا نایاساییەو لەدەسەڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نیە نوسراو ئاراستەی ئەنجومەنی سورا بکات، پشت بەستوو بە بڕگەی یەکەم لەمادەی دەیەم لە یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨ی ئەنجومەنی شورا، تەنھا لەدەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە داوای ڕاوبۆچون لە ئەنجومەنی شورا بکات.
ھەروەھا ھیچ بڕیارو کۆبونەوەیەکی پەرلەمانیش ناکەوێتە تایبەتمەندی دادگای کارگێڕی بۆ تانە لێدان.
دوبارە سوپاس بۆ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و ھەموو ئەو کەس و لایەن و پەرلەمانتارو فراکسیۆن وچڕێکخراوە مەدەنی و ڕۆشنبیرانەی لەھەڵ و خەمی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نایاساییەکەدا بوون.