rebwar.jpg

پاوانخوازی کاڵفامی سیاسی و فریو خوازی پەرلەمانتار

Jun 15, 2020  |   بیروڕا 

رێبوار بابکەیی

 

 

ئێوە بێی شک و گومان شکستان هێناوە لە حوکمڕانیەت، حزبایەتی، وە لە کاری پەرلەمانیتان.

کاتێک خاکتان فرۆشت، خۆتان فرۆشت دەبوو ئەو کات بە دادگایی خەڵک گەیشبان، یاسای عەدالەتی گەل گەورەترە لە ئێڕادەی شەڕانگازی ئێوە. هیتلەر دەڵێت "گەمژەترین مڕۆڤ ئەوانەن کە خاکیان دەفرۆشن".

وتەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێت " الاعتراف بالخطیئة فضیلة " واتە داننان بە هەڵەکان چاکەیە. دەی ئێوەش ئەو شەرمەتان کۆتایی پێ بێنن، بڵێن ئێمە هەڵەبووین، لەبەر ئەوەی کاڵ فام بووین نەمانزانی حکومەتداری بکەین، ئیدارەی دەوڵەت کەین!.
دەزانن دوڵەتداری بە خەلکانێک ناکرێت کە بیەوێت بە سیاسەتی میکاڤیلی وڵات ببات بەڕێوە، واتە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجی کەسی و گروپێکتان هەمو ئامرازێک ڕەوایە بیان گرنە بەر.
ئێوە ئیدارەکەتان پێی بەڕێوەنەچووە، جا نۆرەی ئیدارەدانی دەوڵەت و حکومەت بێت!.
لە سلێمانی تەنها خەریکی پشک پشکێنەو باڵ باڵێن و گروپ و تاقمگەرایی بوون، داهاتی ئەو شارەتان حەڵەپۆش کرد، ئیڕهابی فکریتان داهێنا، گەنجتان بێی ئومێد کرد، ڕۆژنامەنووستان بێی دەنگ کرد دواتر تیرۆرتان کرد، ئەحزابتان چاوترس کرد!.
لای ئێوە فەرمانڕەوایی، واتە مافیا گەرایی، هەر کەسێک بۆ خۆی دەوڵەت بێت، کۆمەڵە مشەخۆرو چەکدار کۆکاتەوە، تا خەڵکی پێی بترسێنن، بتۆقێنن، بڕفێنن، هەڵخەلەتێنن!.

لە دوواین داهێنانی ئیداری و حوکمڕانیەتتان، داعش ڕادەست کردنبوو، بێی ئەوەی بیر لە خوێنی شەهیدان بکەنەوە. تازەترین کاری دەوڵەتداریتان بریتیبووە لەو حەیاچونەتان کە کۆمپانیا فەیسبووک پێی کردن، دەزانن ئەمەیان فەزیحەی سیاسی و سکانداڵی جڤاکییبوو؟. لە تازەترین سیاسەتتان، کۆرۆناتان بە سیاسی کرد، خەڵکتان فریو دا کە کۆرۆنا بوونی نیە، بەخەڵکتان گووت هەر کەسێک ماسک ببەستێت پارتییە، بیرتانە پێشتریش دەتانگووت هەرکەسێک ئاڵای کوردستان بەرز کاتەوە پارتییە؟ ئەوەش عەقڵداری دەوڵەتداریتان!.

ئێوە بۆیە دێنە نێو حکومەت، تا حکومەت بەدەردی ئیدارەکەتان بەرن! شەریکبن لە دەسکەوتا، مەتروک بن لە شکستا.
خەڵک دەزانێت، ئێوە ناتوانن لە دەرەوەی حکومەت بن، چونکە داهاتی زەبەلاحی سلێمانی بەشتتان ناکات، دەتانەوێت لە داهاتی گشتیش پشکتان هەبێت.

ئێوە وا فێرکراون کە بەژداریکردن لە حکومەت واتە دابەشکردنی کێک بەسەر خۆتان، وە لە ژێرەوەش بۆ بەشی خەڵک فرمێسک ببارێنن، وەک ئەو ووتە میسریەی کە دەڵێت " یقتل القتیل ویمشي بجنازته" واتە کەسێک بکوژن و لەگەڵ تەرمەکەشیدا بڕۆن بۆ خاک سپاردن.

کورت و کورمانجی، ئەگەر شەریکن لە حکومەت بۆچی تیمێکی گەوەرو گرانی خۆتان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بێی بەری دەکەن لە هەمو تەنگەژەیەک؟ ئەگەر شەریکنین بۆچی داوای پۆستی گەورەو بچووک دەکەن (ڕاوێژکار، مدیر عام، وکیل وەزیر) تا وەزیرەکانتان؟.

چەند شەرمە کە هەمیشە جماعەتی سفرەی حازربووینە! وە کاتێکیش کە لێی دەخۆن بێ نانومەکی دەکەن، ئاخر پێم بڵێن بەهەمو عەقلتان دەتانەوێت خەڵک پێتان باوڕبکات کە ئێوە فریشتەن؟ لە فەرهود کردنی داهاتی وڵات بوخچەی نەکراوەن؟ فایلتان پاکە؟.

ئێوە بێی ئاگانە لەوەی کە لەسەردەمی تەکنەلۆجیای پەیوەندیکردن دەژین، لەسەردەمی سیستەمی نوێی جیهان و بە جیهانیبوون دەژین، نەک هەر کوردێک بەڵکو کەسێک لە مۆزەمبیق و پاراگوای - ش دەزانێت ئێوە کێن؟ وە چلۆن جەماعەتی سیاسی و فەرمانڕەوایەکن؟ چۆن کەسابەت بە سیاسەتەوە دەکەن؟ چۆن سەدان کۆمپانیاتان بەناو واجهەی جۆراو جۆر لەسەر حسابی گیرفان و پارەی خەڵک خۆتان پارەدار کردووە؟
چۆن بەناوی سۆشیال دیموکراتەوە حەیای سۆشیال دیموکراتەکانیشتان برد؟ کە نە سۆشیالن نە دیموکرات!.

سۆشیاڵ دیموکراتەکانی جیهان لە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پەرلەمانیان تێدەکۆشن تا ڕەفاهیەتی کۆمەڵگا دروست ببێت، کە تیایدا تاک سەربەست بێت؛ بەڵام ئێوە سۆشیال دیموکراتیان بۆ ئەوە بووە کە خۆتان پێی خۆشگوزەران کەن، تاک بپوکێنن، گیرفانی گشتی ببڕن.
ئێستە زانیتان چلۆن حکومەتدارێکن؟.