ebubekr.jpg

بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسی وئابووریە کاتی گفتوگۆیەکی جدی دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنە!؟

Jun 3, 2020  |   بیروڕا 

ئەبوبەکر هەڵەدنی

 

 

بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسی وئابووریە کاتی گفتوگۆیەکی جدی دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنە!؟
 زانستی سیاسی پێمان دەڵێت کەدەسەڵاتی سیاسی ڕەوایەتی خۆی لەدان پیادانانی کۆمەڵگا بە بوونیدا وەردەگرێت،کاتێك دەسەڵات قەواڵەی دان پیانان (سند الاعتراف)لەدەست دەدات،شتێک نامێنێت بەناوی دەسەڵاتەوە،چونکە کرۆکی دەسەڵات لەگەلەوە سەرچاوە دەگرێت کە حوکمکراوان هەست بکەن کە دەسەڵات خزمەتیان  دەکات وپێداویستیەکانیان بۆ دابین دەکات لە(ئاسایشی مادی ودەروونی)وپاراستنی بەرژەوەندی گشتی تا دەگاتە سەقامگیری سیاسی وکۆمەڵایەتی.
بەم پێودانگە دەسەڵات وحکومەتی هەرێم ڕەوایەتی لەدەست داوە،چونکە گەل دانی خێری پێدانانێت وتەنانەت متمانەشی بەحوکمڕانیەکەی نەماوە.
بەم دۆخەی ئێستاش و ئەم هەموو قەیرانە کەڵەکە بوە گەر چارەسەر نەدۆزرێتەوە سەری لەوەوە دەردەچێت  قازانج سەری مایە بخوات وقەوارەکەش نەمێنێ.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ دەسەڵات لە دۆڵێک وئۆپۆزسیۆن (فەرمی وجەماوەری)لەدۆڵێکن،کەس قەواڵەی ئەوی دی ناخوێنیتەوە،،دەسەڵات بەبێباکی وخۆدزینەوەو ودروست کردنی سیناریۆ وبەکارهێنانی هێز وقۆستنەوەی پەتای کۆرۆنا دەیەوێ شەڕی چاکسازی و شەفافیەت ودادپەروەری دوابخات،،ئۆپۆزسیۆنیش بە  تەنها بە ئیدانەکردن وڕاگەیاندن وبەلاغ وبەیان و وهەندێ نوزەی دووبارەو سواو وبێبەرهەم خەریکە ،ئەمە سەرەڕای نەبوونی پڕۆژەی هاوبەش وپەرت وبڵاویەکەی.
کاتی ئەوەیە دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتیەکان بکەونە دایەلۆگێکی جدی و(ژووری عەمەلیاتی هاوبەش)پێک بهێنن، بەم مەرجانە:
١/دەسەڵات دان بەشکستدا بنێت وئەو ڕاستیە دەبێ قەبوڵ بکات بەتەنیا ناتوانێ دەربازی ببێت.
٢/ئۆپۆزسیۆن پڕۆەیەکی واقعی ئامادەبکەن وبەیەک تیم گفتوگۆبکەن(لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی پارلەمان وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ونوێنەری خۆپیشاندەران وگەنجان)
٣/دەسەڵات نابێ ئەزمونی تاڵی گفتوگۆی ساڵانی ٢٠١١و٢٠١٢ی لەگەڵ ئۆۆزسیۆن  و گفتوگۆی پێنج قۆڵی ساڵی ٢٠١٥ دووبارە بکاتەوە(کەبەندە ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی ئۆپۆزسیۆن  و گفتوگۆ پێنج قۆڵیەکان بووم ) ئەویش بەسیاسەتی فرسەت قۆستنەوەو بیانوو هێنانەوەو کات کوشتن ونە چوونەژێر باری جێبەجێ کردنی خواستی چاکسازی ڕیشەیی.
٤/بەپێی نەخشە ڕێ یەک چارەسەرەکان(چونکە دەستنیشانکردنی کێشەکان ڕوونەو زەحمەتی زۆری ناوێت ) پۆڵێن بکرێن بۆ (هەنوکەیی)و(هەمیشەیی)وئەبێت دەستبەجێ خەلک بەرهەمی ئەم گفتوگۆیانە ببینێت.
٥/پێویستە سەرلەنوێ سیستمی حوکمڕانی دابڕێژرێتەوەوکۆتایی بەو فۆرمە شکست خواردوە بهێنرێت ودامەزراوەکان ڕۆڵ وپێگەیان بۆ بگەڕێتەوە وژیانی حزبایەتی ودامەزاراوە ئەمنی وسەربازیەکان ڕێک بخرێتەوە.
٦/زەمینە سازی بکرێت بۆهەڵبژاردنێکی پێشوەختەی ئازادو روون ودوور لەگزیکاری وبەهەمواری یاسای هەڵبژاردن وپاک کردنەوەی تۆماری دەنگدەران  وجیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پێکهاتەکان وکەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانی پارلەمان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان کەلەهەموو حاڵەتەکاندا پارلەمانی کوردستان لە(60)کورسی زیاتر نەبێت.
لەهەموو ووڵاتانی دیموکراسی لەکاتی کارەساتی سروشتی یاخود جەنگ یان قەیرانی گەورەی ئابووری  پەنا دەبرێتە بەر ئەم جۆرە لێکگەیشتنەو هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیە  لەلایەن دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنەوە.
پرەنسیپ وئامرازی دایەلۆگ وگفتوگۆ زۆر جار حکومەتێکی یەکڕیزی نیشتیمانی دێنیتە ئاراوە بۆ ڕزگار بوون لەقەیرانەکان وچارەسەر ی کێشەکان.
پاراستنی بەرژەوەندی باڵای ووڵات وبەئامانج گرتنی بەرژەوندی گشتی گرتنە بەری ئەم هەنگاوەمان لێ دەخوازێت بۆ گەیشتن بەمەبەست وئامانجی هاوبەش بۆ ئەوەی کەشتیەکە بەسەرجەم سەرنشینەکایەوە نقوم نەبێت.
دەکرێت زانکۆکان وناوەندەکانی توێژینەوە ولێکۆڵینەوە و دڵسۆزان وپسپۆڕان دەستبارێکی باشی هەردوولابن.
ئەبوبەکر هەڵەدنی