bjar.jpg

خوێندنەوەیەكی یاسایی بۆ ‌نووسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمان

Jun 19, 2020  |   بیروڕا 

بژار كۆچەر

 

 

سەبارەت بەو بابەتە، چەند پرسیارێك لای یاساناسان و دەزگاكانی راگەیاندن و هەروەها هاووڵاتیانیش دروست دەبێت، لەوانە:

ئەو بریارە سەرۆكی پەرلەمان یاساییە؟ 

ئایا بریارەكە هیچ بەهایەكی یاسایی هەیە؟

ئایا بریارەكە بریارێكی یاساییە یاخود بریارێكی ئیدارییە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، پاڵپشت بەبنەما دەستوورییەكان، هەروەها یاسا بەركارەكان و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، رای خۆمان دەخەینەروو (پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بكرێت كە ئەو نووسراوەی سەرۆكی پەرلەمان بە بریارێكی یاسایی هەژمار ناكرێت، بەڵام لێرەدا بۆ شیكردنەوەو روونكردنەوە یاساییەكانمان وەك ئەوەی لەنووسراوەكەی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان بە بریاری هەڵوەشاندنەوەی هاتووە، ئێمەش دەستەواژەی بریاری سەرۆكی پەرلەمان بەكارهێناوە بۆ بەرچاوی روونی زیاتر).   

بەرلەخستنەرووی خوێندنەوە یاساییەكان، سەرەتا دەمەوێت چەند راستییەك هەیە وەكو خۆی ئاماژەی پێبدەین، چونكە راستەوخۆ پەیوەندی بەلێكەوتەكانی دەركردنی ئەو بریارە نایاساییەوە هەیە كە سەرۆكی پەرلەمان دەریكردووە.

لەرێككەوتی (07.05.2020)، دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو لەدانیشتنەكەدا بە دەنگی 57 پەرلەمانتار، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) هەڵگیرا. ئەم دانیشتنە بەپێی حوكمەكانی پەیرەوی ناوخۆ، سەرجەم مەرجە یاساییەكانی بەستنی دانیشتن و ژمارەی ئامادەبووان بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی و دەنگدانی تێدابوو. دوای دەرچوونی بریاری ژمارە 4ی ساڵی 2020 پەرلەمانی كوردستان لەچوارچێوەی رێككارە یاساییەكان و پرۆسەی دەرچواندنی یاساو بریارەكان لەهەرێم، لەلایەن پەرلەمانتاری ناوبراو، نووسراوێكی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردبوو بۆ تانەدان لەبریاری ژمارە 4ی ساڵی 2020. دوای چەند كۆبوونەوەیەك و وەرگرتنی راوێژی یاسایی، سەرۆكی پەرلەمان بێدەنگی هەڵبژارد چونكە ئەوە لەلای روون بوو كە بریاری ژمارە (4)، بریارێكی دروستە و هیچ كێشەیەكی یاسایی نەبوونی تێدا نییە. 

ئەوەی جێی سەرسورمان بوو، لەرێككەوتی 14.06.2020 سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بریارێكی دەركرد (لە راستیدا ئەوەی بڵاوكراوەتەوە بەناوی بریاری سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بریاری ژمارە 4ی ساڵی 2020، نه ‌بەبریاری پەرلەمانی هەژمار دەكرێت و نە هێزی یاسایی-شی هەیه) بۆ هەڵوەشاندنەوەی بریاری ژمارە 4ی ساڵی 2020. 

بەر لەهەموو شتێك ئەو بریارەی سەرۆكی پەرلەمان، لەرووی (شكلی و موزوعی)، هەڵەی زەق و گەورەی تێدایە كە چاوەروان نەدەكرا لەیاسا ناسێك رووبدات، كە ئەمانەن:

أ/ لەرووی شكلییەوە نایاسایی و عەیبدارە، 

چونكە نابێت بریاری پەرلەمان لەسەر نووسراو و كڵێشەی نووسینگەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەرچێت.

هەروەك نابێت لەناوەرۆكی بریاری پەرلەمانی، وێنەیەك لەبریارەكە ئاراستەی فلانە لایەن و دەزگا یاخود كەس بكرێت.

هەر بریارێكی پەرلەمانی كە دەردەچێت، ئەوا ناونیشان و ژمارەی تایبەت بەخۆی وەردەگرێت وەكو (بریاری ژمارە 4ی ساڵی 2020)، بەڵام ئەو بریاری هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بێ ناونیشان وژمارەیە

ب/  لەرووی یاسایی و بابەتییەوە، ئەم بریارە پرە لەهەڵەی یاسایی و بەمشێوەیەی خوارەوە دەیخەینەروو:

لەناوەرۆكی بریارەكەی سەرۆكی پەرلەمان ئاماژە بەهەندێك برگەو ماددەی پەیرەوی كراوە، لەكاتێكدا هیچ پێشێڵكارییەكی نایاسایی بۆ ئەو برگەو ماددانە ئەنجام نەدراون و بەبەڵگەش دەسەڵمێندرێن كە پێشێڵ نەكراون.

1. بەپێی حوكمی ماددەی 18ی پەیرەوی ناوخۆ، سەرۆكی پەرلەمان جێبەجێكاری یاساو بریارەكانی پەرلەمانە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو ماددەیە جوڵاوەتەوە.

2. لەبرگەی یەكەمی ماددەی (19)ی پەیرەوی ناوخۆ، ئەوە روونكراوەتەوە كە لەكاتی ئامادەنەبوونی سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت مومارەسەی سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان بكات كە لەماددەی 18 پەیرەو ئاماژەی بۆ كراوە، كە بەمشێوەیەی خوارەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان پیادەی ئەو دەسەڵاتانە دەكات:

بەرێوەبردن و ئیدارەدانی دانیشتنەكانی پەرلەمان

ئیمزاكردنی هەر بریارو نووسراوێك

موخاتەبەكردنی دامودەزگا دەستوورییەكان

لەگەڵ چەند ئەرك ودەسەڵاتێكی دیكە كە ئاماژەی پێدراوە.

3. هەروەها لەهەمووشی گرنگتر، تێپەربوونی زیاتر لەماوەی مانگێك بەسەر دەرچواندنی بریاری ژمارە چوارو بێدەنگی سەرۆكی پەرلەمان لەوماوەیەدا بەڵگەی دروستی و یاسایی بوونی ئەو بریارەی پەرلەمان بوو. 

4. ئەگەر ئەو هۆكارە لاوازانەی لەبریارەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بریاری ژمارە 4 راست بن! ئەوا دەبێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش هەڵبوەشێتەوە كە لەدانیشتنی پەرلەمانی رۆژی 11.07.2019 كرا، هەمان رێككاری یاسایی كە بۆدانیشتنی رۆژی (07.05.2020) كە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتارێك ودواتریش بریاری ژمارە 4ی لێكەوتەوە، ئەوا بۆ ئەو دانیشتنەش ئەنجامدرابوو.

5. ئەو ماف و دەسەڵاتەی سەرۆكی پەرلەمان بەخۆی داوە، لەهیچ دەستوور ویاساو عورفێكی یاسایی نەدراوەتە سەرۆكی پەرلەمان و لەهیچ شوێنێك و پەرلەمانێكی جیهانیش ئەو شێوە دەسەڵاتانە نییەو نەبووە.

6. بریارەكەی سەرۆكی پەرلەمان، جگە لەبریارێكی ئیداریی و ئاسایی و ئاست نزم، هیچ بەهاو هێزێكی یاساییان نییە.

7. بەهیچ شێوەیەك ناكرێت سەرۆكی پەرلەمان خۆی بكاتە مەرجەع بۆ بابەتەكانی تانە لێدان و یەكلاكردنەوەی چارەنووسی یاساو بریارەكان، وەك لەبریاری هەڵوەشاندنەوەكە ئاماژەی پێدراوە.

8. بەهیچ شێوەیەك بریاری ژمارە (4)، هەڵناوەشێتەوەو مەگەر تەنها لەدانیشتنێكی پەرلەماندا و بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمان ئەو رێككارە یاساییە بگیرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی.