abas.jpg

لەپەڕلەمان شەڕەو لە حکومەت زەماوەند ..

Jun 17, 2020  |   بیروڕا 

عەباس فەتاح

 

لەدوای ڕاپەڕین لە زۆربەی خاڵە گومرگیەکان و بازگەکان بڕێک پارە ئەدرا بە فەرمانبەرو کارمەندەکان بە ناوی شیرینیەوە لە لایەن کاسبکارانەوە..
کە شەڕی ناوخۆ دروست بوو لە نێوان پارتی و یەکێتی لە زۆربەی بارەگا سەربازی و حیزبیەکان شەڕە فیشەک بوو،
کەچی هیچ کێشەو گرژیەک لە گومرگ و بازگەکان نەبوو تا تەواو لێک جیانەبونەوە ، بەهۆی بونی شیرینی و بەرژەوەنی هاوبەشیان.

لە دوای ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کە گۆڕان بوو لە لاین پارتیەوە، پەرلەمان داخراو شەرەجوێن لەنێوان لایەنەکان دەستی پێکرد و ناو پەرلەمان بە گۆپاڵ و خرەبەرد گیراو دووساڵ قسە لەسەر یەک کرا ،بەڵام کە وزیرەکانی گۆڕان نێردرانە ماڵەوە یەک وەزیرمان نەدی نە ڕەخنەو نە گلەیەکیان هەبێت..

ئێستا لە کوردستان هەزارو یەک کێشە هەیە وەکو نەبونی موچەو هاتنی هێزی تورک بۆ هەرێم و تۆپ بارانی ئێران بۆ سنورەکان وهەبونی ڤایرۆسی کۆرۆناو نەبونی کارو..هتد..
کەچی پەرلەمان هەر خەریکی بەیاننامەو هێنانەوەی دیان بڕگەو مادەیە وەکو بەڵگە بۆ تۆمەت بارکردنی یەکتری ،تەنها لەسەر ئەوەی پەرلەمانتارێک پارێزبەندی لێ وەرگیرتەوە یان نا، وەکو ئەوەی ئەو نەوتی هەرێمی بەقاچاخ فرۆشتبێ یان بودجەی هەرێمی وەستاندبێ یان پەلکێشی هێزی داگرکەری کردبێ.

بەڵام سەیرکەن لە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران هیچ کێشە لە نێوان سەرۆکەکان و جێگرەکان و وەزیرو ڕاوێژکاران نیەو زۆریش هاوهەڵوێستن.
کەواتە ئەم پەندە بۆ هەرێمیش ڕاستە هەموو شینەکە بۆ هەریسەکەیەو باڵا ترین دەسەڵات شوێنی شیرینیەکەیە..