aras.jpg

‎بەرپرسیاریێتیی زۆرینە بەرامبەر مافی کەمینەکان‎

May 10, 2020  |   بیروڕا 

‏‏ ئاراس مەسیفی ‎

 

‎ ‎

‎پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکانی پەیوەست بە کەمینەکان هەمو ئەو کەس و گروپانەی کە لەڕوی کولتوریی، زمانەوانی، ‏ئاینی و مەزەهەبی یانیش نەتەوەیی لە زۆرینەی کۆمەڵگا جیاوازن بە کەمینە پێناسە دەکات و بەرپرسیارەتی پاراستنی شوناسی ‏کولتوریی و ئاینیی و زمانەوەنیی و نەتەوەیی و مافە پەیوەستدارەکانیان دەخاتە ئەستوی ئەو وڵاتانەی کە تیایدا دەژین. گەلی کورد ‏لە وڵاتانانەی بەسەری دابەشکراوە بەپێی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان هەمو پێناسەکانی کەمینەبون دەیگرێتەوە. بۆ نمونە لە ‏عێراق، کورد بەشی زۆری موسلمانی سونییە، لە روی کوردبونیەوە، کەمینەیە بەرامبەر عەرەب، لە روی مەزهەبییەوە کەمینەیە ‏بەرامبەر شیعە. هەرەوەها لە روی ئاینییەوە ئێزیدییەکان بەرامبەر هەردو کورد و عەرەبی موسڵمان کەمینەن هتد. لە بەشەکانی ‏تری کوردستانیش هاوکێشەکە بە کەمێک جیاوازی بە هەمان شێوەیە. هەرێمی کوردستانیش وەکو زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە ‏وڵاتێکی فرەڕەنگ و هەمەجۆرە لە روی جیاوازی کەلتوری و ئاینی و زمانەوانی و نەتەوەیییەوە. وابزانم رێزنەگرتن لە یاسا ‏نێودەوڵەتییەکان و نمونەکانی پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کورد لە عێراق و سوریا و ئێران و تورکیا لە ساتی دروستبونیانەوە تا ‏ئێستا بۆ هەمو کەسێک ئاشکران و پێویست بە خستنەوەڕویان ناکات. ئەمەش وایکردوە کە میلەتی کورد لە هەمو کەس زیاتر ‏مانایی کەمینەبون تێبگات و پێویستە بە هەمان شێوەش بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر مافی کەمینەکان هەستیار بێت ‎

‎چەشتنی ئازار و زوڵمی کەمینەبون وای کردوە کە زۆرینەی گەلی کورد پشتیوانی و پشتگیری هەر هەوڵێکی حزبی و ‏حکومی بکەن بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی شوناس و مافەکانی کەمینەکانی هەرێمی کوردستان. تەرخانکردنی رێژەی ١١ ‏کورسی بۆ کەمینەکانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوە، کە لایەنی باش و خراپی خۆی هەیە. بە بۆچونی من ناکرێت مافی ‏کەمینەکان تەنها لە چەند کورسییەکی پەڕلەمانی کورتبکرێتەوە، بەڵکو پێویستە نوێنەرایەتییان لە سەر ئاستی هەمو دەزگا و ‏دەمەزراوە باڵاکانی فەرمی و نافەرمی، بگرە لە قەبارەی خۆشیان زیاتر مسۆگەر بکرێت، بۆ ئەوەی جگە لە نوێنەرایەتی ‏کەمینەکانی خۆیان ببنە ئامرازێکی ئەڕێنی هاوسەنگیی و بێلایەنیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەی زۆرینەش، کە ‏کوردی سونییە. هیچ لەوە باشتر دەبێت، ئەگەر تورکمانێکی دور لە حزبە کوردییەکان ببێتە سەرۆکی دەزگای دادوەری هەرێمی ‏کوردستان و دامەزراوەی دادەوری بکاتە دامەزراوەیەکی هاوسەنگ و بێلایەنی حزبیی؟ ئەی بۆ کریستیانێک نەبێتە سەرۆکی ‏فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یان هەر دەمەزراوەیەکی تر؟ چی دەبێت ئەگەر ئێزیدییەک ببێتە وەزیری پێشمەرگە؟ دەبێت ‏ددان بەوە دابنرێت، کە حکومەت و حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی کەمتەرخەم بون لە دابینکردنی مافی ‏هاووڵاتیبون و وەکیەکیی کەمینەکان بەو شێوەیەی کە پێویستی دەکرد. دەکرێت ئەم کەموکوڕییەش بخرێتە چوارچێوەی کۆی ‏کەموکوڕییەکانی حوکمڕانیی کوردی، بەو پێیەی زۆرینە و کەمینە وەکو یەک شکست و کەموکوڕییەکانی حوکمڕانیی کوردییان ‏بەرکەوتوە‎.

‎هەرێمی کوردستان ئەو شتانەی کە زۆر شانازی پێوەدەکرد و دەکات، پارێزگاریکردن و دابینکردنی مافی کەمینەکان بو، ‏بەڵام ئەویش خەریکە لە مانای راستەقینەی خۆی خاڵیدەکرێتەوە و دەبێتە نمایشێکی ناشیرین، کە جگە لە تۆراندن و ئازاردانی ‏کەمینەکان، لەوانەیە پەلبهاوێت بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناو پێکهاتەی کەمینەکان. ئەوەی پارتی لەم ساڵانەی دوایی ‏بەرامبەر مافی کەمینەکان دەستیداوەتێ ناچێتە چوارچێوەی کەموکوری و هەڵەی سیاسییەوە، بەڵکو بە هەمو پێوەرە سیاسی و ‏یاسایی و ئەخڵاقییەکان دەچێتە چوارچێوەی زەوتکردنی مافی کەمینەکان بە کارێکی بەرنامە-بۆ -ارێژراو، کە ئەمەش پێش ‏کەمینەکان، زۆرینەی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیارن، کە تا ئێستا بێدەنگیان لێ کردوە. شتێکی نەک تەنها ئاسایە، بەڵکو زۆر ‏پێویستیشە کە دەرگای حزبە کوردییەکان بۆ کەمینەکانیش واڵا بێت، دەرگای حزبە عەرەبییەکان بۆ کوردەکان کراوە بێت، تا لە ‏ڕێگەی حزبەوە بتوانن زۆرترین دەسکەوت بۆ خۆیان، کەمینەکانی خۆیان و ئەو حزبەی تێیدان دەستەبەر بکەن، بەڵام ئاسایی ‏نییە کە حزبی زۆرینەی کوردی مافێک، کە بەپێ یاسا بە کەمینەکان دراوە، زەوت بکات. هەمو کەسێک لە هەر کەمینەیەک ‏ئازادە بچێتە ناو هەر حزبێک و کاری حزبایەتی بکات، بەڵام بۆ حزبی سیاسیی کوردی نەهاتوە دەستبخاتە ناو کاروباری ‏کەمینەکان و تێکەڵکردنیان بە ناکۆکیی سیاسی نێوان حزبە کوردییەکان، چونکە ئەوە جگەی لەوەی دوبەرەکی دەخاتە ناو ‏کەمینەکان، هەستیاری نێوان زۆرینە و کەمینەش زیاتر دەکات هەروەها پاساوێکی باش دەداتە دەست بەشێک لە زۆرینەی عەرەبی ‏عێراقیش هەمان کار بەرامبەر کەمینەی کورد بکەن، ئەگەر بۆیان رەخسا‎.

‎کوردی هەرێمی کوردستان دەبوایە پێش هەمو کەس زیاتر بەرامبەر بە لێکەوتە سیاسیەکانی ئەم کارەی پارتی هەستیار ‏بونایە، چونکە دامەزراوەکانی رژێمی سەددام حوسەین بە هەمان شێوە و بۆ هەمان مەبەست پر کراوبون لە کورد، گوایە ئەمانە ‏نوێنەرایەتی کورد دەکەن. چ کوردێک هەیە بە بیستنی ناوی کوردەکانی ناو رژێمی بەعس هەست بە شەرمەزاری و دڵتەنگی ‏نەکات؟ هەمومان بینیمان رژێمی سەددام حوسەین بەم سیاسەتەی چ ئازارێکی دەرونی گەلی کوردستانی دەدا و کۆمەڵگەی کوردی ‏چۆن دابەش کردبو. راستە حکومەتی هەرێم لەگەڵ رژێمی سەددام بەراورد ناکرێت، بەڵام لەم خاڵەدا بەداخەوە هەمان سیاسەت و ‏وەکو رێکەوت وایویستبێت هەمان شوێنە. هەڵەیە پێمان وابێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆرینەین، ئاساییە ‏کەمینەکان بۆ بەرژەوەندی ئەم حزب و ئەو حزب بەکار بهێندرێن، بێ ئەوەی بچوکترین بەرژەوندیان لە ململانێ نێوان هێزە ‏کوردیەکاندا هەبێت‎.