Mahmudreza.jpg

بە بۆنەی گێچەڵی مەسرور بەرزانی بە سۆران عومەر، پەیامێک بۆ پارلەمانتارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان

May 5, 2020  |   بیروڕا 

‎ ‎ مەحمو رەزا ئەمین ‎

‎ ‎

‎ماوەی حوکمڕانی‌ی چەن مانگەی مەسرور بەرزانی ئەو پەندە کوردی‌یەی زاخاو دایەوە کە ئەڵێ: "تا بەد نەبینی، بەدخانە ‏بەیاد ناکەی‎".
‎ئەگەر ژیانی خەڵکی کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی نێچیر بەرزانیا بەد بو بێ، ئەوا لەژێر سایەی ‏دەسەڵاتی مەسرور بەرزانیا زۆر بەدتر ئەبێ‎.
‎نێچیروان بەرزانی ماوەی ٢٠ ساڵ، وەکو جێگر و سەرۆکی "حوکمەت!" ‏حوکمڕان بو. لەو ماوەیەدا خەڵک "ساڵ بەساڵ خۆزگەیان بە پار ئەخواست". بەڵام مەسرور بەرزانی چەن مانگێکە "سەرۆکە!" ‏‏"خەڵک مانگ بە مانگ خۆزگە بە مانگی پێشوتر ئەخوازن‎".
‎قەدەری ئەم گەلە نیە تا ساڵی حەی خەڵکی فاشیل و بنەماڵەی ‏سیاسی‌ی خۆپەرست حوکمڕانی بن. لەناو خەڵکی کوردستانا هەزاران هەن کە سەر بە هیچ بنەماڵەیەکی سیاسی‌ی نین، بەڵام ‏سەدقاتی نێچیر و مەسرور و لەوان گەورەتریش، شایستەتر و بە تواناترن بۆ ئیدارەدانی ئەم هەرێمە‎.
‎مەسرور بەرزانی ‏لەژێر دروشمی هەڵخەڵەتێنەرانەی "حوکمەتێکی بەهێز، کوردستانێکی بەهێز"ا، لەیەکەم رۆژی ژیانی حوکمەتەکەیەوە کەوتە گەڕ ‏بۆ بەهێزترکردنی مەرکەزیەت و بەهێزترکردنی سروشتی پۆلیسی‌ی دەسەڵاتەکەی‎.

‎پرەنسیپەکانی مەرزکەزیەت و ئیدارەدانی پۆلیسی زۆر کۆنن. لەو ماوەیەدا ژیان و تاقیکردنەوەی گەلان سەلماندیان، ‏لاوازترین حوکمەت و سیستمی حوکمڕانی ئەوانەن بۆ بەڕێوەبردن پشت بە مەرکەزیەت و سەرکوتکردن ئەبەستن. لە مێژوی ‏نوێ‌ی مرۆڤایەتیا تاکە یەک تەجروبە نیە پشتی بە مەرکەزیەت و سەرکوتکردن بەست بێ و سودێکی بە گەل و نیشتمان گەیاند ‏بێ... هەمیشە نەگبەتی و کارەساتیان بەسەر گەل و نیشتمانا هێناوە، بۆیە خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارلەمانتارانی هەرێم بە ‏تایبەتی نابێ رێگە بدەن مەسرور بەرزانی درێژە بە سیاسەتی مەرکەزیەت و سەرکوتکردن و تۆقاندنی دەنگە ناڕازیەکان ‏بدا‎.

‎سۆران عومەری پارلەمانتار لەماوەی سێ خولی پارلەمانا بە کردەوە سەلماندویەتی کە کەسێکی دڵسۆزی گەل و ‏نیشتمانەکەیەتی؛ دژی گەندەڵی و گەندەڵکارانە؛ بەرگریکارێکی سەرسەختی مافی خەڵک و مافی زوڵملێکراوانە؛ لە پێناوی خەڵکا ‏ژیانی خۆی و خێزانەکەیی خستۆتە بەر خەتەر و هەڕەشەی کلیپتۆکرات و بنەماڵە ئۆلیگارشی‌یەکانی هەرێم، لەبەر ئەوە ئەرکی ‏خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارلەمانتارانە بە تایبەتی لەم گێچەڵەی مەسرور بەرزانیا پشتی سۆران عومەر بگرن‎.

‎لەسەرو هەموانەوە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانی‌ی پارلەمانتارەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە رێگە نەدەن دەنگێکی ئازا و زوڵاڵی ‏وەکو سۆران عومەر کپ بکرێ. دڵنیا بن ئەگەر مەسرور بەرزانی بتوانێ ئەمڕۆ دەنگی سۆران کپ بکا، سبەینێ دەنگی ئێوەش لە ‏قوڕگ‌تانا ئە خنکێنێ. تەواو وەکو ئەوەی ئەدۆڵف هیتلەر کردی: دانە دانە دەنگە ناڕازی‌یەکانی ئەڵمانیای لەناو برد تا رێگە بە ‏باشی بۆخۆی و حیزبەکەی تەخت بو، بەتەواوی هەمو توانا مادی و مرۆیی و سەربازی و سیاسی‌یەکانی گەلی ئەڵمان مۆنۆپۆڵ ‏بکەن و سەرەنجام ئەڵمانیا و دنیاش وێران بکەن‎.
‎بەو پێ‌یە، هەر پارلەمانتارێکی گۆڕان دەنگ بە هەڵگرتنی پارێزبەندی ‏لەسەر سۆران عومەر بدا، خیانەت لە خۆی و دەنگدەرەکانی، لە خەون و ئاوات و ئامانجەکانی نەوشیروان مستەفا ئەکا و گەل و ‏نیشتمان بەرەو هەڵدێری زیاتر ئەبا‎.
‎ئەرکی پارلەمانتارەکانی گۆڕان هەر ئەوە نیە کە دەنگ بە هەڵگرتنی پارێزبەندی نە دەن، ‏بەڵکو ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانی‌ی سەرشانیانە بە هەمو توانایان بەگژ سیاسەتی دەمکوتکردن و سەرکوتکردن و ‏سەنتراڵیزەترکردنی حوکمەتە مەجازی‌یەکەی مەسرور بەرزانیا بچنەوە‎.

‎لە سایەی نەبونی دەسەڵاتێکی قەزایی بەهێز و سەربەخۆ؛ لەسایەی نەبونی شەفافیەت و شاردنەوەی زانیاری لەسەر دزی و ‏گەندەڵی لەلایەن کلیپتۆکراتەکانی هەرێمەوە، هەرکەس بدرێ بە دادگا، دادگایی‌یەکە رواڵەتی ئەبێ و پێش دەسپێکردنی پرۆسەی ‏دادگایی، بڕیاری کۆتایی دادگا زانراوە. بۆیە نابێ بە هیچ کلوجێ رێگە بدرێ سۆران عومەر ببرێتە دادگا و بکرێ بە نمونە بۆ ‏تۆقاندنی دەنگە زوڵاڵ و هەقبێژەکانی تری هەرێم‎.

‎پەندێکی کوردی ئەڵێ: "مانگا بە دزیەوە کەڵ ئەگرێ و بە ئاشکرا ئەزێ". کلیپتۆکراتەکانی هەرێم‌یش "بە دزیەوە ئەدزن، ‏بەڵام بەرهەمی دزیەکان‌یان لەبەرچاوی هەمومانایە" بۆیە هەرگیز لەسەر هەق نین بەرگری لە "پاکیزە"یی خۆیان بکەن‎.

‎پەیامی ماڵپەڕی سبەی کە یەکەم ئۆرگانی کۆمپانیای وشەیە، ئەو وشەیەی بزوتنەوەی گۆڕانی هێنایە دنیا، بریتی‌یە لە: ‏‏"بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی دیمۆکراسی؛ ...؛ کاراکردنی پارلەمان؛ ...؛ ...؛ ...؛ ...". پەیامەکانی: "بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی ‏دیمۆکراسی" و "پارلەمانی کارا"، کردویانە بە ئەرک بەسەر شانی یەک بەیەکی پارلەمانتارەکانی گۆڕانەوە کە، داکۆکیکاری ‏سەرسەخت بن لە سۆران عومەر و هەمو هەقبێژێکی ئەم هەرێم و وڵاتە، لە هەمو ئان و زەمانێکا‎.

‎ ‎