memburhan.jpg

پارێزبەندیی پەرلەمانیی

May 9, 2020  |   بیروڕا 

مەم بورهان قانع

 

مێژوی "پارێزبەندیی پەرلەمانیی" بۆ ساڵی 1688 (332 ساڵ لەمەوبەر) لە ئینگلتەرا دەگەڕێتەوە، واتا دوای هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئینگلیزیی و پەسەندكردنی بەڵگەنامەی دەستوریی، ناسراو بە یاسای مافەكان. وەكچۆن لە وڵاتی "فەڕەنسا" و دوای هەڵگیرساندنی شۆڕشی فەڕەنسیی لە ساڵی 1789دا، لەنێو زۆربەی بەڵگەنامە دەستورییەكانی ئەو وڵاتەیشدا، جێگیركرا.
"پارێزبەندیی پەرلەمانیی"، لەو سەردەمەدا تەنها سكاڵا مەدەنییەكانی دەگرتەوە، سەرەڕای هەندێ‌ سكاڵای پەیوەندار بە تاوانكاریی بچوك، بەڵام ئەم "پارێزبەندیی پەرلەمانیی"یە، تاوانەكانی ناپاكیی گەورە و ئەنجامدانی تاوانی بینراو و پرسەكانی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانیی نەدەگرتەوە.
پێویستە لە داهاتودا و لە پەرلەمانی كوردستان دا، بابەتی دەسكاریكردنی بڕگەی پەیوەنددار بە هەڵگرتنی "پارێزبەندیی پەرلەمانیی"، لەنێو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دا، ببێتە پرسێكی جێگابایەخ، بەجۆرێ‌ تەنها لە حاڵەتی تاوانی بینراو و ناپاكیی گەورە و زیانگەیاندن دا بە ئاسایشی نیشتمانیی (بێگومان دوای پێناسەكردنی ئەم چەمكە لاستیكییانە)، ئینجا پەرلەمان بۆی هەبێت ئەم پارێزبەندییە لەسەر پەرلەمانتار هەڵبگرێت. سەرەڕای بەهێندوەرگرتنی مافی كەمینەی پەرلەمانیی لەنێو پەرلەمان دا (چونكە دیموكراسیی، بەمانای سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرینە نییە، بەڵكو پاراستنی مافی كەمینەیە) و بۆ ئەم مەبەستەیش، لە چەند رۆژی داهاتودا و بە ئیمزای زیاتر لە (10) پەرلەمانتار، پێشنیازە یاسایەك بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێشكەشدەكەم.
پێویستە لە هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دا و بە تایبەتیی لە هەڵگرتنی "پارێزبەندیی پەرلەمانیی"دا، رێگریی بكرێت لە سەپاندنی زۆرینەی پەرلەمانیی (ئیتر ئەگەر لەئێستادا پارتی زۆرینەی پەرلەمانیی بێت و سبەینێ‌ یەكێتیی، یان هەر هێزێكی دیكە زۆرینە بێت، بەلای منەوە جیاواز نییە)، بەڵكو پێویستە هەڵگرتنی "پارێزبەندیی پەرلەمانیی"، لە چەند تاوانێكی دیاریكراودا كورتبكرێتەوە و بە دەنگی 2|3ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان-یش هەڵبگیرێت. ئەمەیش بۆ هێشتنەوەی بەشێكی شكۆی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و نەبونی هێزی فشار و كاریگەر لە دەرەوەی پەرلەمانەوە بەسەر پەرلەمانتاران دا.