liza.jpg

لێبگەرێن با یاسا سەروەر بێت

May 4, 2020  |   بیروڕا 

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

 

بەڕێز مەسرور بارزانی لەکاتی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی حکومەت لە یەکەم گوتاریدا لەنێو پەرلەمان ڕایگەیاند هەموو هاونیشتیمانییەک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت لەسەرووی دادگا نییە و پێویستە رێز لە یاسا بگرێت. خۆ ئەمە یەکەم جار نییە حکومەتی هەرێم لەرێگەی دادگاوە بیەوێت یاسا سەروەر بێت رۆژانی کەرەنتیەنەتان بیر بهێنمەوە کاتێک بەرپرسێکی باڵا لە بادینان بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێنماییەکانی حکومەت بۆ رووبەروو بوونەوەی کۆرۆنا راستەوخۆ لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرا و لەکارەکەی دوورخرایەوە ئێستاش کەیسەکەی لە دادگایە، بێ گوێدان بەوەی لەناو حیزبەکەی خۆیەتی یان لەخانەوادەکەی خۆیەوە نزیکە...
لە ئێستاشدا کە دەنگۆی سەندنەوەی پارێزبەندی لە بەڕێز سۆران عومەر هەیە کەچی خوشک و برایانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاستەوخۆ هاتوونەتە سەر هێڵی گەرم و دەیانەوێ ڕووە قانونیەکەی ئەم کەیسە داماڵن و بەرگێکی سیاسی بۆ دابتاشن. بەڵام بێ ئاگان لەوەی داتاشینی ئەم بەرگە سیاسییە تاڕادەیەک بۆ ئێمە و برایانی کۆمەڵی ئیسلامی و تەواوی خەڵکی کوردستان بووە هۆکاری دەرکەوتنی راستییەک کە بەرێز سۆران عومەر لەناو کۆمەڵی ئیسلامی تەنها میوانێک بووە و خانە سەرەکییەکەی دێوەخانی دیکەبووە!!
بەڕێز سۆران عومەر ئەگەر پێی وایە ئەو قسانەی کە لەسەر شاشەی تیڤییەکانەوە دەیکات ڕاست و ڕەوان بۆ نایەوێت برواتە بەردەم دادگا ؟هۆکار چییە هێندە توشی دلەراوکێ بووە چەند ڕۆژە داوای هاوکاری لەم و ئەو دەکات؟ ئێ بەڕێزیان لەخولی رابردووی پەرلەمان کاتێک لە لیژنەی مافی مرۆڤ بوو بەردەوام هاواری دەکرد کە دەبێت شکۆ بۆ دادگاکانی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.
فەرموو ئەگەر پشتراستیت لەو قسانەی کە کردووتە بێ دوو دڵی بڕۆ دادگا و شکۆی بۆ بگەڕێنەوە. بەڵام تکایە پێش ئەوە دڵنیابە کە چارەنوسی کەیسەکە وەکو ساڵی 2016 ەی لێ نەهێت چونکە بروا ناکەم ئەمجارەیان بە ۲٥٠ دینار دەربازی بێت...