abdulstar-mejid.jpg

ئەم پارە زۆرە و بەم پەلەپەلە لە کوێیوە هات ؟!

May 20, 2020  |   بیروڕا 

عەبدولستار مەجید 

 

ڕۆژی ٣ ی ئایاری ٢٠٢٠ یاداشتێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد سەبارەت بە بوونی بڕێکی زۆر پارە کە نزیکەی ٩٠٠ ملیار دەبێت و لە بانکی هەرێمە تا بەدواداچوونی بۆ بکرێت و بزانرێت بۆچی نایدەنە موچەی فەرمانبەران ؟! 
ئەوکاتە بەرپرسانی حکومەت لەبری هەڵبژاردنی ڕێگەی دروست بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم هەواڵەدا، وەک هەمیشە ڕەتیانکردەوە و وتیان شتی وا بوونی نیە و ئەو پارەیە هی بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولێرە و نەیانسەلماند !! 
ئێستا کە مانگی ئایار لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە و لێپرسراوانی حکومەت دەیانوت "داهاتمان لە سفر نزیکدەبێتەوە !" بە ڕاگەیاندنی لیستی موچەی هەموو وەزارەت و سەرۆکایەتییەکان بە خانەنشینیشەوە، کۆتاییان بە دابەشکردنی موچەی مانگی یەک هێنا ! 
ڕاستییەکە ئەمەیە کە قسەی ئێمە و سەرچاوەی زانیارییەکەمان ڕاست و دروست بوو، حکومەتیش دوای بێهیوابوونی لە بەغدا ئەو پارەیەی هێتایە دەرەوە و دابەشکرا ؟!
پرسیارەکە ئەمەیە : 
ئەگەر پارەی ئەم مانگە ئەو پارەیە نەبێت کە باسمانکرد، ئەی ئەو پارەیەتان لە کوێ هێنا ؟! 
ئەگەر (وەک هەندێ بەرپرسی حزبی دەیڵێن) قەرزە، لە کوێ و لە کێتان قەرزکردووە و کوا نوسراو و بەڵگەی یاسایی ئەو قەرزە ؟! 
هەڵبەت وروژاندنی بابەتی (قەرز) لەم كاتەدا کە بەغدا بەنیازە بڕی ٤٠٠ ملیار وەک موچەی مانگی نیسان بنێرێت، خەتەرناکە و پاساو دروستکردنە بۆئەوکاتەی کە پارەکەی بەغدا گەیشت، تا نەیدەن بە موچەخۆران و بڵێن داومانەتەوە بە قەرز !!